وەرگرتنی پۆست باڵی نوێ لەناو یەکێتی دروست دەکات

:: AM:08:51:18/11/2018 ‌

لە سەروەختی نزیكبوونەوەی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمدا، ململانێی باڵەكانی ناو یەكێتی بەتایبەت كوڕەكانی تاڵەبانی، كوڕەكانی شێخ جەنگی و باڵی كۆسرەت ڕەسووڵ لە ململانێدان بۆ وەرگرتنی پۆستەكان و سەلماندنی هەژموونی خۆیان لە حكوومەتدا.

ئەگەرچی لە هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ڕابردووەوە كە بۆ پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا، بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی هێورتر دەردەكەوێت، بەڵام لە بنەڕەتدا كێشەكان بەردەوامن و كپ كراونەتەوە و لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح، بەشێكی تری ناكۆكییەكانیان دەركەوتنەوە، ئێستەیش كە سەروەختی پێكهێنانی كابینەی نۆی هەرێمە، ململانێكانی ناو یەكێتی بەتایبەتی لە نێوان سێ باڵدا سەریان هەڵداوەتەوە.

ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لە نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و كۆسرەت ڕەسووڵدا ناكۆكی لەسەر پۆستەكانی پەرلەمان و حكوومەت هەیە و هەریەكەیان دەیانەوێ پۆستەكان بۆ خۆی بێت، هەوڵێكیش هەبووە كە لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی ناكۆكی و پۆستەكان بە دەنگدان یەكلا بكەنەوە، بەڵام كۆسرەت ڕەسووڵ ئەو كۆبوونەوەیەی ڕەت كردووەتەوە. 

ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای دەكات كە "هەر ئەوكاتەی پۆستی سەرۆك كۆمار دراوە بە بەرهەم ساڵح، بەهەمانشێوە باسی پۆستەكانی تری یەكێتی لە نێوان ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت ڕەسووڵ كراوە، بەڵام ئێستە ماڵی تاڵەبانی پەشیمان بوونەتەوە، ئەوەش كۆسرەت ڕەسووڵی نیگەران كردووە و سوورە لەسەر دانانی كاندیدەكانی خۆی لە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم."

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دوای مردنی تاڵەبانییەوە ناكۆكییەكانی بە تەواوی تەقیونەتەوە و تا ئاستی جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح لەو حزبە تەشەنەیان سەند، بەڵام دواتر گەڕێنرایەوە و لە بەرانبەر پۆستێك بێدەنگ كرا.

"كۆسرەت ڕەسووڵ بە بافڵ تاڵەبانی ڕاگەیاندووە یان پۆستی سەرۆك پەرلەمان یان پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەت، دەبێ بۆ باڵەكەی ئەو بێت و پۆستی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەكانیش بەشێوەیەكی یەكسان لەنێوانیاندا دابەش بكرێن." سەركردایەتییەكەی یەكێتی وای گوت.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، لە بنەماڵەی تاڵەبانی جگە لە قوباد تاڵەبانی، دەیانەوێ كەسانی وەك عیماد ئەحمەد، عومەر فەتاح و حاكم قادر بهێننە پێشەوە و پۆستیان پێ بدرێت، لە گەنجەكانیش هەندێك لەوانەی لە خۆیانەوە نزیكن، بیانكەن بە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و جێگر وەزیر، هاوكات لە باڵی كۆسرەت ڕەسووڵ بە پلەی یەكەم دوو كوڕەكەی خۆی لە پێشی پێشەوەی ئەو كەسانەن كە كۆسرەت ڕەسووڵ دەیەوێ پۆستەكانیان بۆ مسۆگەر بكات.

جگە لە ملاملانێی بنەماڵەی تاڵەبانی و كۆسرەت ڕەسووڵ، ئێستە ململانێكان لەناو بنەماڵەی تاڵەبانیش بوون بە دوو ئاراستە، ئەوانیش باڵی هێرۆ برایم ئەحمەد و شانازی خوشكی و بافڵ و قوباد لەگەڵ كوڕانی شێخ جەنگی، لاهوور و ئاراس و براكانی تریان كە دەیانەوێ بێنە پێشەوە و لەناو یەكێتی و حكوومەت و پەرلەمانیشدا پشكیان لە پۆستەكاندا هەبێت.

لەگەڵ دەركەوتن و بەهێزبوونی كوڕەكانی بنەماڵەی تاڵەبانی، ململانێ لەگەڵ كوڕەكانی شێخ جەنگیش دەستی پێ كردووە و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ شەڕی یەكتر دەكەن، تەنانەت ڕێگری لە میدیاكانی یەكێتی دەكرێ چالاكییەكانی لاهوور جەنگی بگوازنەوە.

هەرچەندە بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ململانێی ئامۆزاكان لەسەر پۆست تا ئێستە زۆر ڕەق و قووڵ نییە و لە چوارچێوەی گفتوگۆدا ماوەتەوە، بەڵام پێشبینی دەكرێ گەڕاندنەوەی هەموو دەسەڵاتەكانی یەكێتی لە سكرتێرەكانەوە بۆ بافڵ و قوباد، نێوانی ئامۆزاكانیش بە تەواوی تێك بدات و بكەونە ململانێیەكی ئاشكرا و سەختەوە كە ئەو ململانێیە زیانی گەورەی بۆ یەكێتی دەبێت و ئەگەری هەیە یەكێتی تەواو لاواز بكات، چونكە ئەوان هەردوولایان لە لووتكەی دەسەڵات و هێزی یەكێتیدان.

وشە/ سلێمانی- تایبەت



وشە - وشه‌