عادل عەبدولمەهدی هانا بۆ بارزانی دەبات

:: PM:03:41:25/11/2018 ‌

دوای ئەوەی شكستی هێنا لە پێكهێنانی حكوومەت، عادل عەبدولمەهدی پەنا بۆ بارزانی دەبات و دەیەوێ سوود لە پێوەندییەكانی وەربگرێت وەك نێوەندگیرێك تا لیستە سیاسییەكان رازی بكات لەسەر ئەو هەشت وەزارەتەی ماوە رێككەوتن بكەن. چاودێران هەوڵەكەی عەبدولمەهدی بە زیندووكردنەوەی رێككەوتنی هەولێری 2010 ناو دەبەن.

مانگێك تێدەپەڕێت بەسەر متمانەدان بە 14 وەزیری كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، بەڵام هێشتا هەشت وەزارەت ماوە و مشتومڕی زۆریان لەسەرە و لیستە سیاسییەكان تا ئێستە نەیانتوانیوە رێككەوتنی لەسەر بكەن.

دوای سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ زۆرینەی لایەنە سیاسییە باڵاكانی پرۆسەی سیاسی و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت سوود لە پێگەی بارزانی ببینێت و داوای لێ دەكات رۆڵی نێوەنگیری و رازیكردنی لیستەكانی تر ببینێت بۆ ئەوەی لەسەر هەشت وەزارەتەكەی تر رێككەوتن بكەن. 

ئەمە بەلای چاودێرانەوە، زیندووكردنەوەی رێككەوتنی هەولێرە لە ساڵی 2010 پاش ئەوەی نێوانی نووری مالیكی و ئەیاد عەلاوی لەسەر لیستی گەورەی پەرلەمانی تێكچوو، دادگای فیدڕاڵیش بە لای مالیكیدا بڕیارەكەی شكاندەوە، بارزانی لە هەولێر توانی هەردوولا كۆ بكاتەوە و رێككەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێیان پێ واژوو بكات، ئێستە چاودێران پێیان وایە بارزانی دەتوانێت عەبدولمەهدی لەو دۆخەی تێی كەوتووە رزگار بكات.

بەرپرسێكی سیاسیی نزیك لە گفتوگۆی نێوان بارزانی و عەبدولمەهدی، دەڵێ "عادل عەبدولمەهدی لەو كاتەی بووەتە سەرۆك وەزیران چەندان جار پێوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بارزانی كردووە، بەتایبەت پێش ئەوەی سەردانی بەغدا بكات، هەردوولا رێككەوتوون بۆ كۆتاهێنان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا".

روونی كردەوە كە عادل عەبدولمەهدی داوای لە بارزانی كردووە پشتگیری بكات لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی، ئەمەش یەكێك بوو لە هۆكارەكان كە كۆبوونەوەكە دوور لە چاوی كامێرا و میدیا بەڕێوە چوو، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دزەیان كردووە، "جارێكی تر عەبدولمەهدی داوای لە بارزانی كردووەتەوە رۆڵی ناوەندگیر ببینێت لەگەڵ لیستە سیاسییەكان".

زیاتر گوتی "بە كردەیی بارزانی هەوڵی نێوەندگیری داوە و لەگەڵ سەركردەی حزبەكان كۆ بووەتەوە وەك قۆناغی یەكەم، لە قۆناغی داهاتووشدا پێوەندییەكانی لەگەڵ هەموو لایەك بەردەوامی پێ دەدات بە مەبەستی نزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنەكان لە یەكتر".
 
ئەو بەرپرسە باڵایە كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت، دووپاتی كردەوە كە بارزانی ئێستە پشتگیری لە حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی دەكات، بەرانبەر بە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. ئاماژەی دا "بارزانی نووسینگەیەك لە بەغدا دەكاتەوە و لە پێوەندی و دیدارەكانی لەگەڵ لیستە سیاسییەكان بەردەوام دەبێت لە چوارچێوەی ستراتیجێكی یەكگرتوو لەگەڵ عەبدولمەهدی".

هەوڵەكانی عەبدولمەهدی و پەنابردن بۆ بارزانی لە كاتێكدایە لە سەردانی بۆ بەغدا، بارزانی لەگەڵ زۆر لە سەركردەی لیستەكانی سوننە و شیعە دیداری ئەنجام داوە، ئەو دیدارانەش رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبووە لە نزیككردنەوەی ئەو لایەنە سیاسییانە لە دەستنیشانكردنی كاندیدەكانیان بۆ پۆستەكان و جۆرێك لە جموجووڵی پەیدا كردووە، ئەمەش وای لە عەبدولمەهدی كردووە كە جۆرێك متمانەی بۆ بگەڕێتەوە كە دەتوانێ حكوومەتەكەی تەواو بكات، ئەگەرچی بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، تا پێش سەردانەكەی بارزانی بە جۆرێك لە جۆرەكان كارەكانی پشتگوێی خستبوو.

جاسم حلفی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون، دەڵێ، دیداری نێوان بارزانی و سەدر لە نەجەف، دیدارێكی دۆستانە بووە و باسی كێشە و بەربەستەكان بەردەم پرۆسەی سیاسی عێراق كراوە كە وایكردووە نەتوانرێت كابینەی حكوومەت تەواو ببێت. 

زیاتر گوتی "گفتوگۆی نێوانیان بە ئاراستەی پەلەكردن لە تەواوكردنی حكوومەت و جێبەجێكردنی پلانی حكوومەت رۆیشت كە رەنگدانەوەی هەبێت لە خزمەتكردنی هاووڵاتییانی عێراق و بە جۆرێك وڵاتیش لەو تەنگژانەی تێی كەوتووە رزگار بكات".

بەرپرسانی كورد لەسەر سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا دەڵێن، سەردانەكە بە بۆنەی گۆڕانكاری بووە لە حوكمڕانی لە بەغدا و كرانەوەی عەبدولمەهدی بە رووی هەرێمی كوردستان.

حەسەن جاف سەركردە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، لەوبارەیەوە ئەوەی خستە ڕوو، "عادل عەبدولمەهدی نەرمی زۆری نواندووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا". ددانی بەوەشدا ناوە بەهیچ جۆرێك لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا نابێت بارزانی پشتگوێ بخرێت.

ئەوەش دەڵێ "عەبدولمەهدی وەك برایەك داوای یارمەتی لە بارزانی كردووە تا پشتگیری لە حكوومەتەكەی بكات، بارزانیش لە دیداری لەگەڵ عەبدلمەهدی و ئەوانی تریشدا پێشنیاری هەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و عێراقدایە".

چاودێران باس لەوە دەكەن كە ئەزموونی حكوومەتەكانی پێشتر لەگەڵ بارزانی شتێكی نوێ نییە، ئەمەش وایكردووە عەبدولمەهدی هەوڵی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی هەولێری 2010 بدات.

فائیز محەمەد شارەزای سیاسی عێراق، دەڵێ، ئەگەر عەبدولمەهدی پێشتر سەركەوتوو بووبێت لە بەدەستهێنانی پشتگیری ئەو هێزانەی كردیان بە سەرۆك وەزیران و ئێستە پشتی ناگرن، بە سەردانی بارزانی دۆخەكە گۆڕاوە كاتێك بارزانی بە هێزەوە سەردانی بەغدا دەكات، ئەوا هاوكێشەی سیاسی دەگۆڕێت، بەهۆی هەبوونی هاوپەیمانیەتییەكی كۆنی لەگەڵ شیعەكان و دۆستایەتی لەگەڵ سوننەكانیش، كاتێكیش ئێستە پشتگیری لە حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی دەكات، وا دەكات عەبدولمەهدی لیستەكان ناچار بكات كە ئەو هەشت وەزارەتەی ماون یەكلا بكەنەوە". 

زیاتر گوتی "لە كۆتاییشدا بارزانی تاكە سەركردەیە دەتوانێ نێوانی هەولێر و بەغدا چاك بكاتەوە".

جێی باسە بارزانی لە رۆژی پێنجشەمی رابردوو 22ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر، سەردانی بەغدای كرد و ماوەی دوو رۆژ لەوێ مایەوە، لەم ماوەیەشدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان، هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی فەتح، موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون، عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمە، نووری مایكی ئەمینداری گشتی حزبی دەعوە، ئەیاد عەلاوی و زۆر لە سەركردەكانی تری شیعە و سوننە كۆبوونەوەی ئەنجام داوە.

لایەنە سیاسییەكانی عێراقی ددان بەوەدا دەنێن كە ئەو پێشوازییەی لە بارزانی كرا، دیدار و كۆبوونەوەكانی بەڵگەی ئەوەن كە بارزانی هەژموونی هەیە لە ئاستی كوردستان و عێراق، ئەمەش حكوومەتی عێراق ناچار دەكات دانوستاندن لەسەر پرسە ناكۆكەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ بارزانی ئەنجام بدات.



وشە - فه‌رمان سادق