حه‌پسه كچی شێخ مارفی مه‌عرووفی كوڕی شێخ محه‌مه‌دی كوڕی كاك ئه‌حمه‌دی شێخه، دایكی ناوی سه‌لمه‌ی كچی شێخ محه‌مه‌دی سه‌ركاره، له سه‌یده‌كانی ته‌ھا و شێخ عوبه‌یدوڵای نهھرییه و ده‌چنه‌وه سه‌ر شێخ عه‌بدولعه‌زیزی ئاكرێی كوڕی شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی. له ساڵی ١٨٩١ له خێزانێكی ئاینی و ڕۆشنبیری له سلێمانی له دایك بووه. حه‌پسه‌خان ھاوژینی شێخ قادری برای شێخ مه‌حموودی حه‌فید و ئامۆزای شێخ مه‌حمووده.
حه‌پسه‌خان یه‌كێكه له كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌تایبه‌تی له شاری سلێمانی، ڕۆڵی له زۆر سێكته‌ردا ھه‌بووه، به‌تایبه‌تی له ھۆشیاركردنه‌وه‌ی ژنانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی، له كردنه‌وه‌ی دیوه‌خان و فێرگه به ڕووی ژنان. ھاوكات ھاوكاری و یارمه‌تی زۆری شۆڕش و بزووتنه‌وه‌كانی شێخ مه‌حموودی داوه، له شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان كۆمه‌كی گه‌یاندووه‌ته ده‌ست شه‌ڕكه‌ران و له دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له مھابادیش به‌ھه‌مانشێوه ھاوكاری و پاڵپشتی كردوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا یاداشتی بۆ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان به‌رز كردووه‌ته‌وه و داوای مافی گه‌لی كوردی كردووه كه تاكه یاداشته له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌كه‌وه وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه.
ئه‌و به حه‌پسه‌خانی نه‌قیب ناسراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ی مه‌عرووفی باوكی نوێنه‌ری سه‌ید و شێخان بووه و له‌لایه‌ن عوسمانییه‌كانه‌وه پله‌ی (نه‌قیب)ی پێ دراوه و ئه‌م ناوه بۆ حه‌پسه‌ی كچیشی ماوه‌ته‌وه.
حه‌پسه‌خان و سیاسه‌ت
حه‌پسه‌خان یه‌كێك بووه له سیاسییه‌كانی سه‌رده‌می خۆی، ئه‌مه‌ش زیاتر پێوه‌ندی به بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه ھه‌بووه، چونكه بنه‌ماڵه‌یه‌كی دیار و به‌رچاو و ئه‌كتیڤ و ڕۆشنبیریان ھه‌بووه و به‌رده‌وام ھانی منداڵه‌كانیان داوه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سی تێگه‌یشتوو و به‌توانایان لێ به‌رھه‌م بێ. شێخ مه‌عرووف به‌رده‌وام حه‌پسه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه‌ته دیوه‌خان و دانیشتنه‌كان و پله‌وپایه‌یه‌كی به‌رزی ھه‌بووه، ئه‌ویش سوود و ئه‌زموونی زۆری له‌و دانیشتنانه وه‌رگرتووه.
شێخ مه‌حموود ئامۆزای حه‌پسه بووه، كه یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیھانی و داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه و ھاتنیان بۆ ناوچه‌كه، دیار و به‌رچاو بووه و له‌ھه‌وڵی دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی بووه بۆ كورد، له‌م ناوه‌نده‌شدا ڕووبه‌ڕووی ئینگلیزه‌كان بووه‌ته‌وه و له‌گه‌ڵیان به‌شه‌ڕ ھاتووه و زۆرجار حه‌پسه ھاوكاریی كردووه.
له‌كاتی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شێخ مه‌حموود و ئینگلیزه‌كان له ساڵی ١٩١٩دا، له ده‌ربه‌ندی بازیان كه به‌شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان ناسراوه، شێخ مه‌حموود تێیدا بریندار بوو، له‌م ناوه‌دا حه‌پسه و ئایشه‌ی خوشكی بهھاوكاریی ژماره‌یه‌ك ژنی تری ھاوسه‌رده‌می خۆیان، ھه‌وڵی كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردنی كه‌لوپه‌ل و پێداویستییه‌كانیان داوه و كۆمه‌كیان گه‌یاندووه‌ته ده‌ست شه‌ڕكه‌ران، ھاوكات له‌ناو بازیانیش خه‌ڵكیان ھان داوه كه به‌شداری شه‌ڕ بكه‌ن و له دژی به‌ریتانییه‌كان بوه‌ستنه‌وه، له پێناو سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و یه‌كه‌یه‌كی جیۆگرافی سیاسی.
له ئه‌نجامی به‌شداركردنی له سیاسه‌تدا، حه‌پسه‌خان و به‌شێك له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی، ئاواره‌ی ڕۆژھه‌ڵاتی كوردستان ده‌بن، ئه‌گه‌رچی له‌وێ له‌لایه‌ن سمكۆی شكاكه‌وه پێشوازییان لێ ده‌كرێ و خزمه‌تی زۆریان ده‌كه‌ن و بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌لایان ده‌مێننه‌وه.
له‌و سه‌روبه‌نده‌ی كه حه‌پسه‌خان له‌لای سمكۆی شكاك ده‌بێ، به‌ریتانییه‌كان له‌ڕێی پلان و به‌رنامه‌وه ھه‌وڵی گرتنی ده‌ده‌ن، كاتێك به‌ناوی شێخ قادره‌وه نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی حه‌پسه ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، "شێخ مه‌حموود و ئینگلیز ڕێككه‌وتوون و گه‌ڕاونه‌ته‌وه سلێمانی، ئێوه‌ش بگه‌ڕێنه‌وه"، به‌ڵام سمكۆی شكاك له‌و پلانه ئاگادار ده‌كرێته‌وه و حه‌پسه و ھاوڕێكانی ناگه‌ڕێنه‌وه.
دواتر داوا له مێجه‌رسۆن ده‌كرێ تا لێبوردنی گشتی ڕابگه‌یه‌نن و بگه‌ڕێنه‌وه سلێمانی، نامه‌كه به‌ناوی ئایشه‌ی خێزانی شێخ مه‌حمووده‌وه ده‌نێرن و وه‌ڵامی ئه‌رێنێ وه‌رده‌گرن. به‌مه‌رجێك تێكه‌ڵاوی ھیچ ڕووداو و كارێكی سیاسی نه‌بن. له‌دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك له شاره‌دێی سه‌نگاو نیشته‌جێ ده‌بن.
حه‌پسه‌خان كاره‌كته‌رێكی دیار و به‌رچاوی ڕاپه‌ڕینی به‌رده‌ركی سه‌رای ساڵی ١٩٣٠ بوو، به‌تایبه‌ت له به‌شدار پێكردنی خه‌ڵك و ھاندانیان، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌گوترێ ڕۆڵی له شێخ مه‌حموودی حه‌فید زیاتر بووه، چونكه له‌وكاته‌دا شێخ له گوندی پیران نیشته‌جێ كرابوو. له‌م ڕاپه‌ڕینه‌دا شێخ قادری ھاوژینی و ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌شدارانی ڕاپه‌ڕینه‌كه، هاتنه گرتن و به‌ره‌و كه‌ركووك ڕه‌وانه كران.
ساڵی ١٩٤٦ و له‌كاتی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له مھاباد، حه‌پسه‌خان ھاوكاری و پشتگیریی خۆی بۆ ئه‌و كۆماره ده‌ربڕی و ته‌نانه‌ت به‌گوێره‌ی توانا كۆمه‌كی دارایی كردووه.
حه‌پسه‌خان و فێرگه و ژن
حه‌پسه‌خان یه‌كێكه له ژنانه‌ی كه رۆڵ و نه‌خشی زۆری له ھۆشیاركرنهوهی ژنانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی ھه‌بووه به‌تایبه‌تی له شاری سلێمانی.
حه‌پسه‌خان له بڵاوكردنه‌وه‌ی خوێندن و خوێنده‌واری به‌تایبه‌تی له‌ناو ژنانی كورد، ڕۆڵی گرنگ و باڵای ھه‌بووه و ھه‌وڵی زۆری دا بۆ كردنه‌وه‌ی فێرگه‌یه‌كی ئێوارانی ژنان به‌مه‌به‌ستی خوێندنیان، به‌تایبه‌ت گه‌وره ساڵان. له‌دوای ھه‌وڵ و ماندووبوونێكی زۆر، توانی فێرگه‌یه‌كی تایبه‌تی ئێواران بكاته‌وه و خانووه‌كه‌ی خۆی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان بكات.
حه‌پسه‌خان له 28ی حوزه‌یرانی ساڵی ١٩٣٠ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تایبه‌ت به ژنان به‌ناوی (كۆمه‌ڵه‌ی ژنانی كورد) به‌سه‌رۆكایه‌تی خۆی دامه‌زراند، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه سه‌رۆك و جێگر و ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ھه‌بووه، ھاوكات شوێنی تایبه‌ت به‌خۆیان ھه‌بوو.
حه‌پسه‌خان دیوه‌خانی تایبه‌ت به‌خۆی ھه‌بوو و به‌رده‌وام كراوه بووه و به‌تایبه‌تی به‌رانبه‌ر به ژنان، زۆر بابه‌تی گرنگی تێدا باس كراوه و ھه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی داوه، به‌رده‌وام له ھه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و ژنانه‌دا بووه كه كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانییان ھه‌بووه و ھاوكاری كردوون.
ھاوكات له كاتی ھاتنی سمكۆی شكاك له ساڵی ١٩٢٣دا، به‌پێشڕه‌وی حه‌پسه‌خان ژماره‌یه‌كی زۆر له ژنان پێشوازییان لێ كردن و له شه‌قامه‌كان به‌خێرھاتنی كردوون.
حه‌پسه خان یه‌كه‌م ژن بووه كه سه‌رپۆشی له‌سه‌ر لاداوه و به‌شداری له سینه‌ما كردووه. -واته: زۆر گرنگی به دابونه‌ریت و كولتوور نه‌داوه-.
سه‌رچاوه‌كان:
1-دره‌خشان جه‌لال حه‌فید: حه‌پسه‌خانی نه‌قیب و ژیان و تێكۆشانی، چاپخانه‌ی دیلان، سلێمانی، ١٩٩٩.
2-ره‌ئووف عوسمان: حه‌پسه‌خانی نه‌قیب له ئاوێنه‌ی مێژوودا، چاپخانه‌ی ئۆفێستی بابان، سلێمانی، ١٩٩٩.
3-عبدالجبار محمد الجباری: ژنه ناوداره‌كانی كورد، چاپخانه‌ی جمورییه، كه‌ركووك، ١٩٦٩.
4-كه‌تان خادیمی: حه‌پسه‌خان-ڕێكخراوه‌یه‌كی ژنان له ڕۆژگاری خۆیدا، (قامووسی ناوه نه‌مره‌كان)، ب١، ھه‌ولێر، ٢٠١٤.
5-میرزا محه‌مه‌د ئه‌مین مه‌نگوڕی: حقائقی به‌سه‌رھاتی شێخ مه‌حموود له په‌نای ئیستیقلالی كورددا، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری سلێمانی، سلێمانی، ٢٠٠٣.
6- نوخشه عه‌بدول: ڕۆڵی ژن/ له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی باشووری كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی، سلێمانی، ٢٠٠٧.
وشه/ كۆیه- زامدار ئه‌حمه‌د