هه‌موو ساڵێك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان، پلان داده‌ڕێژن، به‌ڵام ئاماره‌كانی توندوتیژی ساڵ دوای ساڵ له جۆره جیاوازه‌كانی توندوتیژیدا به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چن. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا كورده عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه باس له به‌ربه‌سته‌كانی گه‌یشتن به بنبڕكردنی توندوتیژی ده‌كات و رای ده‌گه‌یه‌نێت، "تا ئه‌وكاته‌ی ژن خۆی هۆشیار نه‌بێت و نه‌زانێ ئه‌رك و مافی چییه، توندوتیژیی به‌رده‌وام ده‌بێت".
پلانی ساڵی نوێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان چییه؟
ئێمه هه‌موو كۆتایی ساڵێك پلانی تازه‌مان هه‌یه بۆ ساڵی داهاتوو، چونكه سه‌رجه‌م ئامار و توندوتیژییه‌كان ده‌خه‌ینه ڕوو، چاو به ئاماره‌كاندا ده‌خشێنینه‌وه و سه‌رنجی ئه‌وه ده‌ده‌ین كه توندوتیژی له چ جۆرێكه‌وه له چ ناوچه‌یه‌ك هه‌ڵكشان و داكشانی به‌خۆیه‌وه بینیوه، ئه‌وكات بڕیار ده‌ده‌ین كه خولی نوێ بۆ ئه‌فسه‌ر و ڕێپێدراوه‌كانی پۆلیس بكه‌ینه‌وه، یا خوله‌كانمان له ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو چڕ بكه‌ینه‌وه و هێڵی گه‌رم دابنێین. ئه‌مانه له كۆتایی ساڵدا ده‌كه‌ین به ڕاپۆرت و له سه‌ره‌تای ساڵی تازه كاریان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
پلانی ئه‌مساڵمان كردنه‌وه‌ی خول ده‌بێت بۆ ئه‌فسه‌ره‌كانمان، هه‌روه‌ها داتابه‌یس داده‌نێین بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون و ئاشكرا به ئاماری دیاریكراو بزانرێت، هه‌ر جۆره توندوتیژییه‌ك به‌پێی ئاماری ورد و دروست چه‌نده، ئه‌مه به هاوكاری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێت، چونكه پێویستی به ١٥٠ كۆمپیوته‌ر و هێڵی ئینته‌رنێتی به‌رده‌وامی ده‌بێت كه ئێمه خۆمان ناتوانین دابینیان بكه‌ین.
ژن له چركه‌یه‌كدا ئه‌گه‌ری كوشتنی هه‌یه به‌هۆی كێشه‌یه‌كه‌وه، پلانه‌كانی ئێوه‌ش وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هه‌ریه‌كه‌یان بۆ جێبه‌جێكردن كه‌متر له هه‌شت مانگی ده‌وێت، پێت وانییه ئه‌مه له‌خۆیدا جۆرێكی تره له توندوتیژی به‌رانبه‌ر به ژن؟
ئه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌دا نییه، پڕۆژه‌ی گه‌وره كاتی زۆر و هه‌وڵی گه‌وره‌یشی ده‌وێت، ساڵی رابردوو پلانی هێڵی گه‌رممان دانا له سه‌ره‌تای ساڵه‌كه، به‌ڵام مانگی /تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر/ هێڵه‌كه ده‌ستبه‌كار بوو.
پڕۆژه هه‌روا به ئاسانی دانانرێت و ناچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، چونكه بودجه‌ی ده‌وێت و چه‌ندان ره‌زامه‌ندی پێویسته، ئه‌مانه هه‌مووی كاتی ده‌وێت، ئه‌گه‌ر unfp نه‌بووایه، ئه‌وا پڕۆژه‌ی دانانی هێڵی گه‌رم ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌بوو جێبه‌جێیش نه‌كرێت، چونكه پاره‌یه‌كی زۆری پێویست بوو، هه‌روه‌ها كاتی زۆریشی پێویست بوو، ئه‌م پڕۆژه‌یه ساڵ و نیوێكی خایاند، ئه‌مه شتێكی رۆتینییه و هه‌روا بووه و واش ده‌بێت.
رێكخراوه‌كانی بواری مافی ژنان هه‌میشه ڕه‌خنه‌باران ده‌كرێن به‌وه‌ی كارێكی به‌رچاو بۆ خزمه‌تی ژنان ناكه‌ن، ئێوه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی هیچ ڕێنوێنییهكیان پێ ده‌ده‌ن؟ ساڵانه مه‌رج و ڕێوشوێنی كاركردنیان بۆ داده‌نێن؟ یان ده‌ڵێن ئیشی ئێمه نییه و ئێوه‌ش ڕه‌خنه‌تان هه‌یه لێیان؟
ئه‌وه ئیشی ئێمه نییه پێیان بڵێین چۆن كار بكه‌ن، ئێمه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی سه‌ربه وه‌زاره‌تی ناوخۆین، ته‌نیا فه‌رمان و ڕێوشوێن بۆ فه‌رمانگه‌كان و نووسینگه‌كانی خۆمان داده‌نێین. ڕێكخراوه‌كان كاری سه‌ره‌كییان بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری و دروستكردنی گوشاره له‌سه‌ر حكوومه‌ت و شتی تر.
له‌باره‌ی كاركردنیان به‌ڵێ هه‌ندێكیان كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر نییه كه هه‌ندێكیان چه‌ندان فه‌ند و پاره وه‌رده‌گرن و كاره‌كانیشیان هیچ دیار نییه و ته‌نیا كاره‌كانیان له‌ناو هۆتێله پێنج ئه‌ستێره‌كان و هۆڵه داخراوه‌كانه. ئێمه ساڵانه ئاماره‌كان بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه به‌هه‌موو شێوازێك له هه‌موو شار و شارۆكه‌كان، پێویسته ئه‌وكات ڕێكخراوه‌كان بێنه سه‌ر خه‌ت و پلان دابنێن و به‌پێی ئامار و داتا كار له‌سه‌ر توندوتیژی بكه‌ن.
هه‌ڕه‌شه‌كردن له ژن له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێسته زۆر كه‌سی هه‌راسان كردووه، ئایا هیچ دڵنیاییه‌ك هه‌یه كچێك بێ ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كه‌ی ئاشكرا بێت و بگاته‌وه خێزانی، كێشه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن؟
ئێمه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕێپێدراو نین له ڕووی یاساییه‌وه كه لای خۆمانه‌وه كه‌سێك بانگ بكه‌ین و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت ژنه‌كه له‌ڕێی ئێمه‌وه سكاڵا تۆمار بكات، ئه‌وكات ئێمه له ڕێی دادگاوه كه‌یسه‌كه‌ی بۆ چاره ده‌كه‌ین، ڕه‌نگه كه‌سوكاری نه‌زانن، به‌ڵام ده‌بێ كه‌سه‌كه خۆی له به‌رده‌م دادوه‌ر ئاماده بێت، ئێمه نایشارینه‌وه هه‌رچه‌نده لادانه له یاسا، به‌ڵام هه‌ندێ جار به ناچاری خۆمان ئه‌و كاره ده‌كه‌ین، چونكه كه‌سه‌كه ناتوانێ له‌به‌ر كه‌سوكاری بچێته دادگا و ئێمه چاره‌سه‌رمان بۆ كردووه، چونكه ناچارین بۆ ئه‌وه‌ی ژنێك نه‌كوژرێت، ده‌بێ هه‌موو ڕێیه‌ك بگرینه به‌ر.
ئه‌و لیژنه‌یه‌ی ناوی لیژنه‌ی خانمانه له په‌رله‌مانی كوردستان، له خولی ڕابردوو له ماوه‌ی چوار ساڵدا چی‌یان بۆ خزمه‌تی ژن كرد؟
شتێكی به‌رچاوی وه‌ها نه‌كراوه كه سوودێكی گه‌وره‌ی هه‌بێت بۆ ژن، كۆمه‌ڵێ یاسایان هه‌موار كرد، بۆیه ناتوانین بڵێین هیچیان نه‌كردووه، به‌ڵام ماوه‌ی نزیكه‌ی ساڵ و نیوێك له په‌رله‌مان هاته هه‌ڵپه‌ساردن و ئه‌مه ڕه‌نگه كاریگه‌ریی نه‌رێنی هه‌بێت، بێگومان كاره‌كانی خاوتر كردووه.
زیادبوونی %٥٠ توندوتیژی دژی ژنان له ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابردوودا، له‌لای ئێوه وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
به‌شێكی گه‌وره‌یان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ هۆشیاربوونه‌وه‌ی تاك و ئه‌مه جێی دڵخۆشییه، چونكه ئه‌و ئاماره له ڕووی تۆماركردنی سكاڵاوه زیاد بووه، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه ژن له جیاتی ئه‌وه‌ی په‌نا بۆ خۆكوشتن و سه‌ركوتكردن و بێده‌نگبوون ببات، په‌نا ده‌بات بۆ تۆماركردنی سكاڵا و مافه‌كانی خۆی وه‌رده‌گرێت.
بێگومان حاڵه‌تی توندوتیژیش هه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه شتیكی گشتییه له دنیادا، ئێمه هه‌میشه هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامن بۆ هۆشیاری و چاره‌سه‌ریش، بۆیه من ئه‌و هه‌ڵكشانه به شتێكی باش ده‌زانم.
له ساڵی ڕابردوودا ٤٤ ژن كوژراون، دوو له‌و ژنانه كوژران و لاشه‌كانیان فڕێ درابوون، ئێوه بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و كه‌یسانه و مافی ئه‌و ژنانه چیتان كردووه؟
كوشتن بۆ هه‌موو لایه‌ك كوشتنه و یه‌ك سزایه، كوشتن له پێناو شه‌ره‌ف نه‌ماوه، له دادگادا هه‌ر به كوشتن حیساب ده‌كرێت، لێبوردنی گشتی نایانگرێته‌وه، نایشارمه‌وه چه‌ند حاڵه‌تێكی كه‌م هه‌بوون به‌ر لێبوردنی گشتی كه‌وتوون و مافی ژنه‌كانیش بوون به سووته‌مه‌نی، هه‌ندێكیش به عه‌شایه‌ری چاره‌سه‌ر كراون، به‌ڵام ئێمه هه‌میشه به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ین مافه‌كانی ژنی كوژراو وه‌ربگرینه‌وه.
زۆربه‌ی كه‌یسه‌كان زیاتر له چه‌ند كه‌س تێوه‌ی گلاون، دووان ده‌گیرێن دووان ده‌مێننه‌وه، چونكه زۆربه‌ی كه‌یسه‌كان زیاتر له دوو كه‌س كاره‌كه‌یان ئه‌نجام داوه.
پێت وایه ژنان خۆیان هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی توندوتیژییان به‌رانبه‌ر بكرێت؟
ژن ئه‌گه‌ر دۆخی ئابووریی باش بێت و ده‌روونی باش بێت و ئاستی ڕۆشنبیری به‌رز بێت، ناهێڵێت توندوتیژی به‌رانبه‌ر بكرێت، به‌ڵام من هه‌میشه ده‌ڵێم ژن خۆی ڕێ ده‌دات توندوتیژی بكرێت به‌رانبه‌ری، خۆی لاواز ده‌رده‌خات، له‌گه‌ڵ ناسینی كه‌سێك، هه‌موو متمانه‌یه‌كی پێ ده‌كات و وێنه به‌ڕووتی ده‌نێرێت، ژنایه‌تی ده‌خاته ده‌ستی پیاوێك، به‌ڵام ژن هۆشیار و ئازاد بێت و گیرفانی ئازاد بێ، نه توندوتیژ ده‌بێت نه ده‌شهێڵێت توندوتیژی به‌رانبه‌ر بكرێت.
ژن زۆرجار خۆی خۆی ده‌كوژێت، به چاولێكه‌ری له دروستكردنی پێوه‌ندی نابه‌جێ، ده‌بێ بزانێت پێشكه‌وتن به ئه‌قڵه نه‌ك به خۆده‌رخستن و جلی جیاواز و پێوه‌ندی زۆر. ژن ده‌بێ باوه‌ڕی به‌وه هه‌بێت نه‌هێڵێت ببێت به پاشكۆی پیاو، زۆرجار ژنه‌كه ده‌بێت به ژنی دووه‌م یان ژنه‌كه له‌به‌ر گوشارێك خۆی ده‌كوژێت، یا به دوو قسه دهخهڵهتێ و ژیانی ده‌خاته مه‌ترسی.
وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتژی دژی ژنان، پێشبینیتان بۆ داهاتووی ژنان و ئه‌و توندوتیژییانه‌ی به‌رانبه‌ریان ده‌كرێت چییه؟
من له‌لایه‌ك به هه‌بوونی به‌شێك له‌و ئاراسته میدیاییه‌ی ئێسته هه‌یه گه‌شبین نیم، چونكه به زمانێكی جیاواز له چاره‌سه‌ر و ڕێنیشانده‌ر و هۆشیاری قسه ده‌كه‌ن، ئه‌وان ته‌نیا له دوو هه‌فته‌ی هۆشیاریدا ڕاپۆرت ده‌كه‌ن و له نیوه‌شه‌ودا پێوه‌ندی ده‌كه‌ن و داوای ئاماره‌كان ده‌كه‌ن، ئێمه هێڵی گه‌رممان دانا، به‌ڵام هیچ یه‌ك له كه‌ناڵه‌كان به‌پێی پێویست كه سێ چركه‌یه، ئاماده نه‌بوون ڕێكلامی بۆ بكه‌ن، به‌ڵام به‌رنامه هه‌یه له "ئهلف تا یا" هه‌مووی سووكایه‌تییه به ژن، كه‌چی به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌زاران كه‌س چه‌پڵه‌ی بۆ لێ ده‌دات. ده‌نگی من له ڕێی چه‌ندان كۆڕه‌وه ئه‌گه‌ر به 10 هه‌زار كه‌س بگات، ئه‌وا به‌رنامه‌كه‌ی ئه‌و له یه‌ك شه‌ودا 100 هه‌زار كه‌س ده‌یبینێت، به په‌یامێكی هه‌ڵه ئه‌وه‌ی من چاندوومه به خاكی ده‌سپێرێته‌وه. كه‌یسه‌كانی ژنان زۆربه‌ی جار به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌خرێنه ڕوو.
بۆیه من به‌م ڕه‌وته میدیاییه‌ی ئێسته هیچ گه‌شبین نیم، چونكه له دراما وه‌رگێڕاوه‌كان له تۆپ ستۆرییهكان له پرسی كوشتنه‌كان و هه‌موو شتێك دژی ژنن، كه‌ی میدیا توانی به‌رنامه و پلانی باشی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك دێته ماڵه‌كه‌ت شتی كرچوكاڵت پێ نه‌فرۆشێت، ئه‌وكات ده‌توانین بڵێین ئاراسته‌یه‌كی گه‌شمان هه‌یه.
جگه له میدیا، خاڵێكی زۆر گرنگ ژن خۆیه‌تی، ژنی وا هه‌یه ٢٠ سیمكارتی هه‌یه، پیاوی وا هه‌یه ٣٠ سیمكارتی هه‌یه كه به‌ڕوونی دیاره چ كارێكی پێ ده‌كه‌ن، ئه‌مانه‌ش هۆكارن، به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه من گه‌شبینم چونكه ئێمه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین و ناوه‌ستین، ئێسته له ئاستێكی باشداین و ده‌گه‌ین به باشتریش.
وشه\ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان