ترەمپ لە بەرەبەری دەستپێكردنی كۆبوونەوەی ئۆپێك هۆشداری دا

:: AM:09:41:06/12/2018 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك لەبارەی مەترسییەكانی دابەزینی نرخی حەوت و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەست پێ دەكات و لە بەرەبەری كۆبوونەوەكەش، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا هۆشداری پێ دان هیچ بڕیارێك نەدەن بە هۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكرێتەوە.

كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئۆپێك 175ەمین دانیشتنی ئۆپێكە كە لە نەمسا بەڕێوە دەچێت. دۆناڵد ترەمپ لە تویتێكدا هیوای خواست ئۆپێك ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی نەگۆڕێت و نرخی نەوت زیاتر لەمە بەرز نەكرێتەوە.

كۆبوونەوەكە لە كاتێكدا بەڕێوە دەچێت كە قەتەر یەكێك لە ئەندامانی ئۆپێك لە رێكخراوەكە كشاوەتەوە و زۆر ناكۆكی لە نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت هاتووەتە كایەوە.

نوێنەری ئێرانیش لە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت هۆشداری دا و گوتی، ئەگەر رێوشوێنێك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت نەدۆزرێتەوە، ئەوا نرخی نەوت زۆر زیاتر لەمەی ئێستە دادەبەزێت. حوسێن كازمپور رەخنەی لە سعوودیە و رووسیا گرت كە بە بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بوونەتە هۆكاری ئەوەی نرخی نەوت 30 بەرمیل بۆ هەر بەرمیلێكی داببەزێت.

وڵاتانی ئۆپێك و چەند وڵاتێكی دەرەوەی ئۆپێك رێككەوتنێكیان هەیە كە بۆ ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە و ئەگەر ئەم رێككەوتنە زیندوو بكەنەوە، ئەوا لانی كەم یەك ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت دادەبەزێت و بەمەش دووبارە بەهای نەوت روو لە بەرزبوونەوە دەكاتەوە. ئەو وڵاتانە لە سەرەتای ساڵی 2017 بڕیاری كەمكردنەوەی ملیۆنێك و 800 هەزار بەرمیل نەوتیان دابوو.

بەگوێرەیdailyfx ئەمڕۆ پێنجشەم نرخی نەوت روی لە دابەزین كردووە و ئێستە هەر بەرمیۆێكی بە 61 دۆلار دەفرۆشرێت. 

ئامانجی ئەمەریكا ئەوەیە لە لایەك نرخی نەوت بەرز بكاتەوە و لە لایەكی تر رێگری لە هەناردەی نەوتی ئێران بكات. ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بكات رێی بە هەندێك وڵات دا نەوتی ئێران بكڕن و دەیەوێت قۆناغ بە قۆناغ ئامانجەكەی بپێكێت.




وشە - سلێمان تاشان