كۆستا 2 مانگ یاری ناكات

:: AM:10:33:06/12/2018 ‌

دییگۆ كۆستای هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی دوێنێ چوارشەم نەشتەرگەرییەكی سەركەوتووی بۆ قاچی چەپی ئەنجامداوە.

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید ماوەی دووركەوتنەوەی كۆستای بەهۆی ئەم نەشتەرگەرییەوە ئاشكرا نەكردووە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان 8 تا 9 هەفتە ناتوانێ یاری بكات.

نەشتەرگەرییەكەی كۆستا لە بەڕازیل ئەنجامدراوە و بەسەركەوتوویش كۆتایی هاتووە.

كۆستا لە یاریی تیپەكەی بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا تووشی ئازاری قاچی هاتبوو و بەهۆیەوە نەیتوانیبوو لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی مۆناكۆی ئیتاڵی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یاری بكات.

بەمەش پێشبینی دەكرێ كۆستا لە 10 یاریی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید یاری نەكات كە 8 یارییان لە خولی ئیسپانیایە بەرامبەر یانەكانی ئەلاڤێس، ئیسپانیۆڵ، لیڤانتی، خیتافی، بەلەد وەلید، سڤیلییە، هویسكا و ریال بیتیس.

هەروەها لە یارییەكی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی كلۆپ برۆجی بەلجیكیش یاری ناكات لەگەڵ یارییەكانی قۆناغی 16 و 8ی جامی شای ئیسپانیا.

پێشبینیش دەكرێ كۆستا لە یاریی دێربی شاری مەدرید بەرامبەر ركابەرەكەی یانەی ریال مەدرید لە قۆناغی دووەمی خولی ئیسپانیا بگەڕێتەوە كە بڕیارە رۆژی 10ی شوباتی ساڵی نوێ ئەنجام بدرێ، هەروەها لە یاریی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش یاری دەكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م