بەحرێن: قەتەڕ هەموو رێیەكانی گەڕانەوەی داخستووە

:: PM:12:07:06/12/2018 ‌
كێشەكانی نێوان قەتەڕ لەگەڵ چوار وڵاتەكە دوای ساڵێك لە بەردەوامی هێشتا ئاسۆی چارەسەری نییە، ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرا لووتكەی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداوی عەرەبی ببێتە پردی نزیككردنەوە، بەڵام بەحرێن دەڵێت قەتەڕ هەموو كەشتییەكانی گەڕانەوەی سووتاندووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، شێخ خالد بن ئەحمەد وەزیری دەرەوەی بەحرێن رای گەیاند، بەلای وڵاتانی كەنداو گرنگ نییە قەتەڕ بەشداری لە لووتكەی ئەنجوومەنی وڵاتانی هاریكاری كەنداو دەكات یان نا كە بڕیارە رۆژی یەكشەمی داهاتوو نۆی كانوونی یەكەم، دیسێمبەر، لە ریازی پایتەختی عەرەبستانی سعوودیە ببەستێرێت.

 وەزیری دەرەوەی بەحرێن لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعوودی كە ئەمڕۆ بڵاو كراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە بەلای وڵاتانی كەنداو گرنگ نییە قەتەڕ بەشداری لووتكەكە بكات یان نا، ئەو وڵاتە بووە بە رابردوو.

ئەوەشی خستەڕوو دیارترین دۆسیەكانی لە لووتكەكە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت دۆسیەی هاوئاهەنگی ئابووری و سەربازی دەبێت، لە بارەی قەتەڕیش هێمای بۆ ئەوە كرد كە دەوحە هەموو كەشتییەكانی گەڕانەوەی سووتاندووە و ئیتر چۆن بارگرژی و كێشەكانی لەگەڵ وڵاتانی تری كەنداو چارەسەر دەكات، بۆیە هیچ دەلیچەیەك نەماوەتەوە بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی لە نێوان سعوودیە، ئیماڕات، بەحرێن لەگەڵ قەتەڕ هەیە.

جێی باسە لە مانگی حوزەیران/ یۆنیۆی 2017 هەریەكە لە سعوودیە، ئیماڕات، بەحرێن و میسڕ گەمارۆی ئابوورییان لەسەر قەتەڕ سەپاندووە و تەواوی پێوەندییەكانیان لەگەڵیدا پچڕاندووە، ئەوان قەتەڕ تۆمەتبار دەكەن بە بە پشتگیریكردن لە تیرۆر و كۆمەككردنی، دەستوەردان لە سەروەری وڵاتانی ناوچەكە، هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران و بزووتنەوە توندڕۆكانی ناوچەكە.

وەزیری دەرەوەی بەحرێن رای گەیاند بڵاوەپێكردنی هێز لەسەر خاكی قەتەڕ بووە بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو، ئەمەش وەك ئاماژەیەكە بۆ بوونی سوپای توركیا لە قەتەڕ كە دوای ئاڵۆزییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بنكەیەكی سەربازی لەسەر خاكی قەتەڕ دامەزراند.



وشە - فه‌رمان سادق