وای زانیوە لە پلەی ستەیشنی فیفا یاری دەکات

:: PM:12:33:06/12/2018 ‌

ریكارد بۆیگ یاریزانی لاوی هێڵی ناوەڕاستی تیپی دووەمی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دوێنێ چوارشەم بۆ یەكەمجار لە ریزی تیپی یەكەمی یانەكەی یاری كردووە و وای زانیوە لە پلەی ستەیشنی فیفا یاری دەكات.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 32ی جامی شای ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ لە یانەی كۆلتوڕال لیۆنیسیای بردەوە.

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بۆ یارییەكە پشووی بەچەند ئەستێرەیەكی تیپەكەی دابوو و لەشوێنی ئەوانیش یاریی بە چەند یاریزانێكی تیپی دووەم كردبوو.

یەكێك لەو یاریزانانە ریكارد بۆیگی یاریزانی هێڵی ناوەڕاست بووە كە تەمەنی تەنیا 19 ساڵە.

بۆیگ بە رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی راگەیاند: خەونی منداڵیم هاتە دی كە ئەویش یاریكردن بوو لە ریزی تیپی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە.

زیاتر گوتی: لە تەمەنی 3 ساڵیمەوە لە یانەی بەرشەلۆنە یاری دەكەم، ئەو 35 خولەكەش كە ئێرنێستۆ ڤالڤێردی پێیدام بۆ یاریكردن لە یارییەكەی شەوی رابردوو، خەونی منداڵیم بووە.

یاریزانە لاوەكەی یانەی بەرشەلۆنە هەروەها رایگەیاند: بێگومان گەیشتن بە تیپی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە ماندووبوون و قوربانی زۆری دوێت، شەوی رابردووش بۆ یەكەمجار هاتمە نێو یاریگەی كامپ نوو یارییم بۆ یانەكەم ئەنجام دا.

لەبارەی هەستكردن بە یارییەكە، بۆیگ رایگەیاند: كاتێك كە هاتمە نێو یاریگە و سەیری یاریزانەكانم كرد، دەستەكانم لەرزین و هەستم بە ئازارێكی زۆر گەدە كرد، راستییەكەی وا هەستم دەكرد لەنێو یاریی پلەی ستەیشن و فیفام.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م