هێزه عێراقییه‌كان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر زانكۆیه‌ك و داگیرى ده‌كه‌ن، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانیش هۆكارى هێرشى هێزه ته‌ناهییه‌كان ئاشكرا ده‌كات.
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هێزه ته‌ناهییه‌كانى عێراق له به‌غدا هێرشیان كرده سه‌ر كۆلیژى زانكۆیى توراس، سه‌رۆكایه‌تى زانكۆكه له راگه‌یاندراوێكى كورتدا ئاشكراى كردووه" ئه‌مڕۆ هێزه‌كانى سه‌ر به ده‌زگاى ئاسایشى نیشتمانى هه‌ڵیان كووتاوه‌ته سه‌ر زانكۆى توراس، له پاسه‌وانى زانكۆكه‌كه‌یان داوه و هه‌موویان گرتووه".
سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى توراس له راگه‌یاندراوه كورته‌كه‌ى په‌نا بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بات و داواى ده‌كات زانكۆكه له چه‌كداران رزگار بكات.
دواى رووداوه‌كه ماڵپه‌ڕى "
بغداد الیوم" به‌ڵگه‌یه‌كى بڵاوكردووه‌ته‌وه، به پێى به‌ڵگه‌كه هێزه ته‌ناهییه‌كانى عێراق له لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق داوایان لێ كراوه، زانكۆكه له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه ده‌ربكه‌ن.
به‌پێى ئه‌و نووسراوه‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران داوایه‌كى ئاراسته‌ى ده‌زگاى ئاسایشى نیشتمانى عێراق كردووه و داواى لێكردووه ئه‌م پارچه زه‌وییه چۆڵ بكرێت كه زانكۆكه‌كه‌ى له‌سه‌ره.
دواى رووخانى رژێمى به‌عس له عێراق زۆرێك له موڵك و زه‌وى ده‌وڵه‌تى عێراق له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ر داگیراوه و پرۆژه‌ى تریان له بوارى كه‌رتى تایبه‌ت له‌سه‌ر دروست كراوه.