ئیسماعیل بێشكچی رۆشنبیر و بیرمه‌ندی ناسراو كه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد بووه و ده‌یان لێكۆڵینه‌وه و كتێبی له‌سه‌ر پرسی كورد بڵاو كردووه‌ته‌وه، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر دۆخی كورد له‌و وڵاتانه‌ی به‌سه‌ریدا دابه‌ش كراوه و سیاسه‌تی نوێی ناوچه‌كه و ئاینده‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌رده‌بڕێت.
بێشكچی ده‌ڵێ "ده‌بێ كورد یه‌كگرتوو و یه‌كهه‌ڵوێست بن و به‌رده‌وام داوای مافه‌كانی خۆیان وه‌ك نه‌ته‌وه له رووی دیموكراسییه‌وه بكه‌ن". هاوكات ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له ریفراندۆمی 25ی ئه‌یلوولی 2017 كورد خاوه‌نی بۆ خۆی دروست كرد و پێویسته به‌رده‌وام له تێكۆشاندا بن بۆ گه‌یشتن به مافی چاره‌ی خۆنووسین.
داهاتووى كورد له سووریا چۆن ده‌بینى, دواى ئه‌وه‌ى په‌یه‌ده له لایه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى ئه‌سه‌د مامه‌ڵه ده‌كات و له‌لایه‌كى تریشه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان ئۆپه‌راسیۆن ده‌كات؟
له ئه‌مڕۆ و داهاتوودا كاریگه‌رى زۆر لایه‌ن له‌سه‌ر داهاتووى سووریا ده‌بێت. له‌مباره‌یه‌وه كاریگه‌رى ئێران و سووریا زۆره, ئه‌مه‌ریكا له چوارچێوه‌ى شه‌ڕ دژى داعش له سووریا تێكۆشان ده‌كات و به‌رده‌وامه و ئه‌م تێكۆشانه‌ى خۆى له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردییه‌كان به ئاشكرا ئه‌نجام ده‌دات. توركیاش له‌پێناو ئه‌وه‌ى كورده‌كان له سووریا هیچ قه‌واره‌یه‌كی سیاسى به ده‌ست نه‌خه‌ن، ئۆپراسیۆنى له‌شكرى ئه‌نجام ده‌دات و پێوه‌ندییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ سووریا له سنوورى هه‌مان چوارچێوه‌دا رێك ده‌خات و توانیویه‌تی هه‌ڤدیتنه‌كانى په‌یه‌ده و حكوومه‌تى سووریا له‌سه‌ر بابه‌تى به‌ده‌ستخستنى قه‌واره‌یه‌كی سیاسى بۆ كورده‌كان رابوه‌ستینێ.
به‌پێى ئه‌م چوارچێوه‌یه، ده‌بێ كورد به دیتن و تێگه‌یشتنێكى كوردى و كوردستانییه‌وه یه‌كڕیز بن و له‌گه‌ڵ یه‌ك كار بكه‌ن، واته له‌م كاته‌دا یه‌كڕیزى كورد زۆر گرنگه.
كورد له توركیا ده‌رفه‌تى به‌شدارى له پرۆسه‌ى سیاسى هه‌یه, به‌ڵام هه‌ركات بیانه‌وێ بیانوو بۆ پارته كوردییه‌كان ده‌دۆزنه‌وه و ده‌یانخه‌نه گرتووخانه‌وه, ئه‌مه تا چه‌ند پرۆسه‌ى دیمو‌كراتى له توركیا ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه؟
دانانی به‌ربه‌ست له به‌رده‌م ئازادیى كارى پارته سیاسییه‌كان و گرتن و زیندانیكردن یان ژێرچاو خستنى په‌رله‌مانتاران به‌هۆى ئازادیى ده‌ربڕینه‌وه، پێچه‌وانه‌ى چه‌مك و واتاى دیموكراسییه, به‌ڵام ماوه‌ى چوار بۆ پێنچ ساڵه ئه‌مه بارودۆخى توركیایه و به‌م شێوه‌یه ژیان ده‌كرێ.
ده‌گوترێ حكوومه‌تى توركیا رژد نییه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پرسى كورد له وڵاته‌كه‌یدا, به‌ڵكو به‌رده‌وام مانۆڕى سیاسیی و سه‌ربازی له دژی كورد ئه‌نجام ده‌دات, به‌ڵام كاتێك ده‌نگى هاووڵاتییانى تورك بۆ حزبى ده‌سه‌ڵاتداری توركیا كه‌م بێته‌وه، باس له كورد ده‌كرێ و كه‌مپین له شاره‌كانى كوردستانى توركیا ده‌كرێ, كاتێكیش توركه ناسیۆنالیسته‌كان له ئه‌كه‌په نزیك ده‌بنه‌وه، كورد په‌راوێز ده‌خرێت. تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌ى؟
زۆر ئاشكرایه كه توركیا له‌گه‌ڵ چه‌مك و تێگه‌یشتنى دیموكراسى نییه. ده‌سه‌ڵاتى توركیا ده‌وڵه‌ت/حكوومه‌ت, به چ شێوازێك ره‌فتار بكات و له‌ناو چ تێگه‌یشتنێكدا بێت با هه‌بێت, به‌ڵام ئه‌وه‌ى پێویسته ئه‌وه‌یه ده‌بێت كورد له‌ناو هه‌ڵویستێكى كوردى و كوردستانیدا هه‌ڵسوكه‌وت بكات و داواى ماف و ئازادیى خۆى و دیموكراتی له ده‌وڵه‌ت بكات. به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ده‌نى له‌م بابه‌ته‌دا شێوازێكى زۆر گرنگه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى توركیا له دیموكراسى, سه‌روه‌رى یاسا, مافى مرۆڤ دوور ده‌كه‌وێته‌وه، به‌هه‌مانشێوه‌یش وڵاتانى ئه‌وروپا و دادگای مافی مرۆڤی ئه‌وروپا و ده‌زگه‌كانی تری دادوه‌ری ئه‌وروپایی له هه‌مان هێڵدا ده‌بینرێن.
ده‌بێ هۆشدارى ئه‌وه‌یش بین كه ئه‌و بڕیاره‌ی له دادگاى مافی مرۆڤی ئه‌وروپا له‌باره‌ى رۆبۆسكى دراوه، جێى نیگه‌رانى و نموونه‌یه‌كى به‌رچاوه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت كورد دیموكراسى و ئازادى و مافى مرۆڤ به توندى و دووپاتكردنه‌وه بخوازن و بیپارێزن.
چۆن سه‌یرى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ى؟ خه‌ڵك نزیك بوون له بێ ئۆمێدبوون, ئایا تۆ گه‌شبینى به داهاتووى كوردستان له ژێر چاودێرى و سه‌رپه‌رشتى سیاسه‌تى سه‌رۆك بارزانى؟
25ی ئه‌یلوولى ساڵی رابردوو 2017، ریفراندۆم ئه‌نجام درا, به رێژه‌ى 72%ی خه‌ڵك به‌شدارى ئه‌و ریفراندۆمه بوون و به رێژه‌ى 93% گوتیان "به‌ڵێ", ئه‌مه نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه كورده‌كان به خاوه‌ن له كوردستان ده‌ركه‌وتن. له هه‌ڵبژاردنى 30 ئه‌یلوولى ئه‌مساڵ 2018، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ى به‌ده‌ست خست. ئه‌مه‌ش نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه كه كورده‌كان له هه‌ڵویستى خۆیان بۆ بوونی خاوه‌ن له كوردستاندا به‌رده‌وامییان دا.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له هه‌ستى كوردایه‌تیدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن, ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه.
تا چه‌ند وڵاتانى دراوسێ روڵ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر لێكترازانی لایه‌نه‌كانى كوردستان له عێراق و دروستبوونى گرژى و كێشه‌ى گه‌وره هه‌یه, بۆ نموونه به‌رده‌وام میدیاكان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئێران حزبه‌كانى سلێمانى كۆنتروڵ كردووه و به ویستى خۆى ده‌یانجووڵێنێ, وه‌ك ئه‌وه‌ى له 16 ئۆكتوبه‌ر رووی دا، تێگه‌یشتنی ئێوه له‌م رووه‌وه چۆنه؟
كوردستان وڵاتێكى داگیركراو نییه، بۆ نموونه وڵاتانى داگیركراوى وه‌ك ئه‌فه‌ریقا له‌گه‌ڵ كوردستان جیاوازییه‌كى زۆرى هه‌یه, وڵاتانى داگیركراو له‌گه‌ڵ ده‌ریا و زه‌ریا راسته‌وخۆ گرێدراوى وڵاتانى داگیركه‌ر و ئیمپریالستن. به‌ڵام كوردستان به وڵاتانى باڵاده‌سته‌وه گرێ دراوه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه پارچه‌كردن و دابه‌شكردنى كوردستان له‌لایه‌ن وڵاتانى هه‌رێمییه‌وه كاریگه‌ریی گه‌وره‌ى له‌سه‌ر كوردستان دروست كردووه، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وڵاتانى داگیركا‌ر پێكه‌وه و له پاڵ یه‌كدا سته‌مكارى قورس‌تر و قووڵ و بڵاوتر ده‌كه‌ن. له بارودوخێكى ئه‌وهادا قورسى و كاریگه‌رى وڵاتانى هه‌رێمى له‌سه‌ر كوردستان زۆر زه‌ق دیاره.
له‌به‌رئه‌وه كورده‌كان ده‌بێ له‌ناو هه‌ڵوێستى كوردى و كوردستانیدا خه‌بات بكه‌ن و دژى هێزه‌كانى دوژمنى كورد پێكه‌وه یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌كده‌نگ بن.
ده‌سه‌ڵاتى ناوه‌ندی و توند له‌سه‌ر پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد تا چه‌ند پێویسته بۆ ئه‌و گه‌لانه‌ى هێشتا به مافى خۆیان نه‌گه‌یشتوون و له قۆناغى رزگاریخوازیدان؟ چونكه بۆچوونێك هه‌یه پێی وایه دیموكراسى له‌ناو گه‌لان پێڕه‌و بكرێ، فره‌حزبى به‌رهه‌م دێنێت و له‌و دۆخه‌یشدا ئه‌و وڵاتانه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییان له گه‌یشتنى گه‌لان به مافى چاره‌ی خۆنووسین نییه, حزبه‌كان ده‌خه‌نه ژێر ركێفى خۆیان و دژى ئه‌و ئاراسته‌یه هانیان ده‌ده‌ن؟
ده‌بێ كورد دووپات له‌سه‌ر مافى چاره‌ی خۆنووسین بكات, ده‌یبینین چۆن ئێران له‌م ساڵانه‌ى دواییدا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورده‌كان ده‌كات, كاتێك ئه‌مه ده‌بینین، باشتر له نرخى بڕیارى چاره‌ی خونووسین تێده‌گه‌ین.
ئێران له‌م ساڵانه‌ى دواییدا گه‌نج و لاوى كوردى 20 ساڵان و له ته‌مه‌نى هاوسه‌رگیریدا به‌شێوه‌یه‌كى سیسته‌ماتیك له سێداره ده‌دات. ئه‌مه به روونى دژى په‌یماننامه‌ى سزادان و ئاسته‌نگكردنى تاوانى كۆمه‌ڵكوژى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه كه له ساڵى 1948 ده‌رچووه, ئه‌مه دژى خاڵ و بڕگه‌ى (d2)ی ئه‌و په‌یماننامه‌یه. ئه‌مه واتاى رێگریكردنه له زیادبوونى ژماره‌ى كورده‌كان و كونترۆڵكردنى نفووسى كورده‌كان.
پێویسته كورد بۆ ئاینده‌ى كورد و كوردستان بڕیارى لیژنه‌ى گشتیى ژماره 1514 و رێككه‌وتنى 14/12/1960 لیژنه‌ى گشتى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له به‌رچاو بگرن و بیهێننه به‌ر رۆژه‌ف. چونكه ئه‌م بڕیاره وه‌ك جاڕنامه‌ى سه‌ربه‌خۆبوونى گه‌لانى داگیركراوه و به بڕیارى وڵاتانى داگیركراو داده‌نرێت. ده‌بێ كورده‌كان ئه‌مه نه‌كه‌نه بیانوو و بڵێَن ئێمه وڵاتى داگیركراو نین و ده‌بێ خۆیان له‌م بڕیاره به دوور نه‌گرن.
رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به قۆناغێكى هه‌ستیاردا تێپه‌ڕٍ ده‌بێ، وه‌ك دایكێك كه ژانى منداڵبوونى گرتبێت, به بۆچوونى ئێوه كورد له هاوكێشه‌ى نوێى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا چ پێَگه‌یه‌ك و داهاتوویه‌كى ده‌بێت؟
كورد ده‌توانێ هه‌موو مافێكى نه‌ته‌وه‌یى و دیموكراتی خۆى به‌ده‌ست بێنێت, به‌ڵام ده‌بێ داواى مافى خۆى بكات، له‌گه‌ڵ ئه‌م داخوازییه‌شدا پێویسته تێكوشانێكى به هه‌ڵوێست و یه‌ك بڕیاری هه‌بێت.
له هه‌موو په‌یماننامه‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و جاڕنامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یاساى نێوده‌وڵه‌تیشدا، بڕیاردان له مافى چاره‌ى خۆنووسین ددانى پێدا نراوه, كه‌چی هه‌مان وڵاتان دژى ئه‌مه ده‌وه‌ستنه‌وه، ئایا وڵاتان بڕوایان به‌و په‌یماننامانه نییه كه خۆیان ده‌ریان كردوون یان هه‌ركات به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵى بێت و پێویستیان پێی بێت ئه‌وكاته باوه‌ڕیان پێیه‌تى, وه‌ك ئه‌وه‌ى له ساڵى رابردوودا دژ به هه‌رێمى كوردستان كرا, دواى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم سزاى قورس به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌یدا سه‌پێنرا، بۆچوونت له‌سه‌ر ئه‌و دووفاقییه‌ى وڵاتان چییه؟
ئه‌مه هه‌ڵوێستى ئه‌و وڵاته هه‌رێمییانه‌یه كه پاڵه‌په‌ستۆ له‌سه‌ر كورد و كوردستان ده‌كه‌ن، هه‌ڵوێستى وڵاتانى دنیایش چ كه‌م یان زۆر نزیكى یه‌كن, هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ هه‌ڵوێستى كورده‌كانیش و خه‌باتیان زۆر له هى ئه‌وان جیاوازتر بێت. زۆر گرنگه كورد ره‌خنه له هه‌ڵوێست و كردارى وڵاتانى جیهانى و هه‌رێمى بگرن، به‌ڵام ده‌بێ هه‌موو كات قسه له‌سه‌ر مافه‌كانى دیموكراتی و نه‌ته‌وه‌یى خۆیان بكه‌ن.