خه‌ڵه‌ف حه‌دیدی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا تیشك ده‌خاته سه‌ر دۆخی ئێسته‌ی شاری مووسڵ و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی و دووپاتی ده‌كاته‌وه كه گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له مووسڵ هه‌یه و شاره‌كه وه‌ك كێكێكی لێ هاتووه و هه‌مووان ده‌یانه‌وێ قووتی بده‌ن. حه‌دیدی له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا رای ده‌گه‌یه‌نێت كه گه‌نده‌ڵی سه‌ره‌تا و رێخۆشكه‌ره بۆ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی تیرۆر.
*كێشه‌كانی به‌رده‌م ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مووسڵ چین؟.
هۆكاره‌كانی به‌ربه‌ستن له به‌رده‌م ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مووسڵ زۆرن، له‌وانه نه‌بوونی پلانێكی گشتگیر و تاوتوێكراو به‌شێوه‌یه‌كی دروست له‌باره‌ی كاره گرنگه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ته‌واوی پارێزگاكه، فره سه‌رچاوه‌یی پاڵپشتی و بڕیاردان، هه‌روه‌ها پێویستبوونمان به تیمێكی راوێژكاری شاره‌زا له خه‌ڵكی پارێزگاكه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شدار بن له ئاماده‌كردن و جێبه‌جێكردنی پلانی ئاوه‌دانكردنه‌وه، پرسی ده‌ستپاكی و دیوه‌ده‌ری "شه‌فافیه‌ت" له جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان، جیا له رێكخستنی هه‌وڵه‌كانی وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش.
به‌و هۆیه‌ی وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش متمانه به حكوومه‌تی عێراق ناكه‌ن به‌هۆی ئه‌و ناوبانگه گه‌نده‌ڵییه‌ی هه‌یه‌تی، پێشنیازم كرد بانكێك له سه‌نته‌ری پارێزگای نه‌ینه‌وا بكرێته‌وه به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش، تا ئه‌و پارانه‌ی تێدا هه‌ڵبگیرێت كه تایبه‌ت به پارێزگاكه به‌خشراون و دواتر پلان بۆ ئه‌وان بخرێته روو، ئه‌وانیش به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی خۆجێتی، ده‌توانن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ناوداره‌كان بكه‌ن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مووسڵ.
ئێسته سندووقی ئاوه‌دانكردنه‌وه و حكوومه‌تی ناوخۆیی و رێكخراوی UNDPی دوور له یه‌كتر كار ده‌كه‌ن، بۆیه په‌رته‌وازه‌یی له پڕۆژه‌كاندا روو ده‌دات و ره‌نگه پڕۆژه‌كان دووباره ببنه‌وه و تووشی گه‌نده‌ڵی دارایی ببینه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و پارانه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش بۆ نه‌ینه‌وا تایبه‌ت كراوه، نازانین له كوێیه و چه‌نده؟ بۆیه به‌هۆی ناڕێكی و نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی، په‌شۆكاوی ئیداری دروست بووه كه ره‌نگه به مه‌به‌ست بێت یان به‌هۆی كه‌مئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایانی وڵات بێت.
*وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش به‌ڵێنی زۆریان داوه، به‌ڵام ده‌ڵێن متمانه‌مان به‌وه نییه ئه‌و پاره بگاته شوێنی خۆی، ئێوه چی ده‌ڵێن؟.
ئه‌وه‌یه ئه‌و پاساوه‌ی وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش به ده‌میانه‌وه گرتووه، ده‌ڵێن پاره‌مان داناوه و ده‌یده‌ین، به‌ڵام راده‌ستی حكوومه‌تی عێراق یان خۆجێتی ناكه‌ین، واته ئه‌وان پاره ببه‌خشن و له بانكه‌كان هه‌ڵیبگرن و خه‌ڵكه‌كه‌یش لێره له نه‌هامه‌تیدا بێت، بۆیه چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌وان خۆیان به هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ بانكی نێوده‌وڵه‌تی و وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، بانكێك بكه‌نه‌وه تایبه‌ت به وڵاتانی كۆمه‌كبه‌خش و پاره‌كه له‌وێ بپارێزرێ، هه‌ر وڵاتێكیش له‌وان له‌سه‌ر بنه‌مای پلانی ئێمه خۆی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌وره‌كان بكات. به‌وه‌یش ئێمه ته‌نیا رۆڵی چاودێریكردنمان ده‌بێت و بوار به گه‌نده‌ڵی نادرێت.
به‌ڵام نازانم شتێكی شاراوه هه‌یه كه بۆچی ئه‌وه به بیری ئه‌واندا نایه‌ت؟ به‌ر له ماوه‌یه‌ك كه‌سێكی پێوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فڕه‌نسا هاته لامان و گوتی، فڕهنساییهكان به بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ كۆمه‌كیان هه‌یه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی مووسڵ، ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن كۆمه‌ڵه‌یه‌كی مه‌ده‌نی ره‌وانه بكه‌ین كه له هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی تێدا بێت بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌كه‌یان پێ بده‌ین، به‌ڵام دوور له حكوومه‌ت، بۆیه من پێم باش نه‌بوو و بیرۆكه‌ی بانكی تایبه‌تم پی باشتره.
*راپۆرته‌كان باسی سه‌تان ته‌رمی ماوه له‌ژێر پاشماوه‌ی رووخاوی خانوو و ته‌لاره‌كانی مووسڵ ده‌كه‌ن، راستیی ئه‌و بابه‌ته چۆنه؟.
به‌پێی زانیارییه‌كانم له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی شاره‌وانی و به‌رگریی شارستانی و پزیشكی داد، تا ئێسته دوو هه‌زار و 800 تا سێ هه‌زار ته‌رم ده‌رهێنراون و ئه‌وانه‌یشی ماون دیار نین، چونكه تا ئێسته پاشماوه‌ی رووخا‌و له شاری كۆن هه‌ر ماوه و چه‌ندان خێزان له خه‌ڵكی شاره‌كه و داعشه‌كانیش تا ئێسته له‌ژێر پاشماوه رووخاوه‌كاندا ماون، بۆیه ئه‌و ته‌رمانه‌ی ماون كێشه‌یان دروست كردووه و پێویسته ده‌ربهێنرێن، چونكه مه‌ترسییان بۆ سه‌ر ژینگه و ته‌ندروستی خه‌ڵك هه‌یه.
*پڕۆژه‌كانی ژێرخانی مووسڵ و پڕۆژه ستراتیجییه‌كان له كاتی جه‌نگی نه‌هێشتنی داعش وێران بوون، ئێسته دۆخه‌كه چۆنه؟.
وێرانكاری پڕۆژه‌كانی ژێرخانی پارێزگای مووسڵ به‌هۆی جه‌نگه‌وه، گه‌یشته 80%، پرد و رێگه‌وبان و باڵه‌خانه و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و نه‌خۆشخانه‌كان و هیتریشی گرته‌وه، ئه‌و پاره‌یشی تا ئێسته گه‌یشتووه ناگاته ئاستی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه، چونكه وه‌ك گوتمان كێشه‌كه له پلانداناندایه كه كارێكی سه‌خت نییه، به‌ڵام كێشه‌مان له نه‌بوونی ویستێكی راسته‌قینه هه‌یه بۆ دانانی ئه‌و پلانه و جێبه‌جێكردنی.
ماوه‌ی ساڵێك ئه‌ندامی لیژنه‌ی پلانی ستراتیجی بووم، به‌ڵام له‌به‌ر هۆی سیاسی دوور خرامه‌وه، ئه‌وكات میكانیزم و پێشنیازێكم دانا و له ناو ئه‌نجوومه‌ن ده‌نگی له‌سه‌ر درا و راده‌ستی تیمی ته‌كنیكیمان كرد كه له كۆمه‌ڵێك ئه‌ندازیار پێك هاتبوون، پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی هه‌بوو بۆ دیاریكردنی زیانه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، بۆ هه‌موو كه‌رته‌كانی تریش به‌هه‌مانشێوه، به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی تیمه‌كه و هه‌ر له چوونه ناو شاری مووسڵ، تووشی فه‌رامۆشكردن بووینه‌وه، چونكه خاوه‌ن بڕیاره‌كان بڕوایان به پلانه‌كه و كاری ستراتیجی نه‌بوو.
*راپۆرته‌كان باسی كڕین و فرۆشتنی موڵك و ماڵی گشتی و خزمه‌تگوزاری له شاره‌كه ده‌كه‌ن، ئه‌وانه چه‌ند راستن؟.
له دوای رزگاركردنی له داعش، پێشێلكاری كراوه‌ته سه‌ر مووسڵ و دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت و موڵكه گشتییه‌كانی، به‌شێكی له رێی فشار و به‌كارهێنانی هێز و به‌شێكی به گه‌نده‌ڵی و به‌رتیلدان به مارهیهك له فه‌رمانبه‌ران و زۆر ناوچه‌ی سه‌وزایی له ناو مووسڵ و زه‌ویوزاری حكوومه‌ت و موڵكه‌كانی شاره‌وانی هه‌ن له‌ناو مووسڵ و له یه‌كه كارگێڕییه‌كانی نه‌ینه‌وا، كه له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكی دیاریكراو به‌ناوی خه‌ڵكی مووسڵه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، خه‌ڵكی شاره‌كه‌یش بێبه‌ش ده‌كرێن له به‌شداریكردن له موزایه‌ده له‌سه‌ر ئه‌و موڵكانه، چونكه ئه‌وان له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكه‌وه به چه‌كی ده‌وڵه‌ت هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێت و خه‌ڵكه‌كه‌یش ده‌ترسن و تۆمه‌تی داعشبوون و ماده‌ی چواری تیرۆر ئاماده‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێست ده‌ربڕن.
وه‌ك ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بڕیارێكمان له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه هه‌بوو به‌وه‌ی ته‌نانه‌ت بوتڵێكی به‌تاڵی ئاویش له پاشماوه‌ی جه‌نگ له مووسڵ نابێت بچێته ده‌ره‌وه و له ناو شاره‌كه ده‌فرۆشرێت و پاره‌كه‌یشی بۆ گه‌نجینه‌ی مووسڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی رووی دا پێچه‌وانه بوو، بارهه‌ڵگره‌كان له "بابولتوب"ه‌وه تا ده‌روازه‌ی هه‌ولێر ریز بوونه و به پاشماوه‌ی ته‌لار و شیش و ئۆتۆمبێل بار كراون، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت خۆی ئه‌و كاره ده‌كات، پێویسته پاره‌كه‌ی بۆ مووسڵ بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و كاره له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكی چه‌كدار ئه‌نجام ده‌درێن به ره‌زامه‌ندی نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیران كه خۆیشی بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی ده‌رچوونی كه‌ره‌سته‌كانی له مووسڵ دابوو، جیا له‌وه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له رێی كۆمه‌ڵه‌كانه‌وه ده‌كرێت به زه‌ویی نیشته‌جێبوون و ده‌فرۆشرێنه‌وه كه ئه‌وان پابه‌ندی یاساكان نابن، چه‌ند لایه‌نێكی ده‌ستڕۆیشتوو پاڵپشتییان ده‌كه‌ن و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی گه‌نده‌ڵیش هاریكاریانن.
*باسی فشار خستنه‌سه‌ر كارساز و بازرگانان ده‌كرێت له مووسڵ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانن كاره‌كانیان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه، شتی وا هه‌یه؟.
من زانیاریم له‌وباره‌وه نییه، به‌ڵام هه‌ر بازرگان و خاوه‌ن سه‌رمایه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بێت له دۆخه‌كه و بڵێت ئه‌وان ده‌ست به‌سه‌ر موڵكوماڵی ده‌وڵه‌ت ده‌گرن، من كه هاووڵاتییهكم چۆن ناكه‌ومه ژێر فشار، به‌ڵێ هه‌ندێك حاڵه‌تی له‌و جۆره بۆ چه‌ند كارسازێك هه‌بووه، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌زگه ته‌ناهییه‌كانه‌وه چاره‌سه‌ری بۆ كراوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و رووداوانه مایه‌ی نیگه‌رانین.
*به‌مدواییه چه‌ند هۆشدارییه‌ك له‌باره‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر دۆخی مووسڵ درا، ئاخۆ هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌قینه هه‌یه؟.
گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له مووسڵ هه‌یه و شاره‌كه وه‌ك كێكێكی لێ هاتووه و هه‌مووان ده‌یانه‌وێ قووتی بده‌ن، گه‌نده‌ڵیش سه‌ره‌تا و رێخۆشكه‌ره بۆ تیرۆر. له قورئاندا دووپات كراوه‌ته‌وه كه گه‌نده‌ڵی پێشه‌كیی تیرۆره، بۆیه له‌و رووه‌وه مه‌ترسی هه‌یه، پێش 10ی حوزه‌یرانی 2014 گه‌نده‌ڵی و فشار و پاره‌وه‌رگرتن له‌لایه‌ن تیرۆریستان و لایه‌نه ته‌ناهییه‌كان له مووسڵ هه‌بوو، له ئه‌نجامدا شاره‌كه كه‌وت، ئه‌مڕۆش هه‌مان شت دووباره ده‌بێته‌وه و گه‌نده‌ڵی ده‌ستی پێ كردووه، به‌ڵام هێزه ته‌ناهییه‌كان كۆنترۆڵی دۆخه ته‌ناهییه‌كه ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر سنووره‌كان كۆنترۆڵ بكرێن، پێم وا نییه جارێكی تر داعش بگه‌ڕێته‌وه.