"شه‌وێك بۆ خۆشه‌ویستیی نادیه لوتفی" ئه‌و كه‌شه پڕ له ئه‌مه‌ك و هونه‌ریی بوو كه وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی میسر و ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ندی ئه‌و وڵاته، له نه‌خۆشخانه‌دا سه‌ردانی خاتوونه هونه‌رمه‌ند نادیه لوتفییان كرد.
پێگه‌ی "
ئیلاف" ئه‌مڕۆ شه‌موو بڵاوی كردووه‌ته‌وه، شه‌وێ رابردوو ژماره‌یه‌ك له هونه‌رمه‌ندانی میسر و وه‌زیری رۆشنبیریی ئه‌و وڵاته، له نه‌خۆشخانه‌ی مهعایهدهی سه‌ربازیی سه‌ردانی نادیه لوتفییان كرد كه زیاتر له ساڵ و نیوێكه له‌و نه‌خۆشخانه‌یه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت.
به‌پێی پێگه‌كه، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی میسره‌وه خه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی رێزلێنان به‌و خاتوونه پێشكه‌ش كرا. ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌و شه‌وه‌دا ئاماده‌ی رێوڕه‌سمه‌كه بوون، پێك هاتبوون له سه‌میحه ئه‌یووب، ره‌جا جداوی، ده‌لال عه‌بدولعه‌زیز، ئیلهام شاهین، ئیمی سه‌میر غانم، فاڕووق فلۆكس، له‌گه‌ڵ راگه‌یاندكار وائیل ئه‌براشی.
له‌و رێوڕه‌سمه‌كه‌دا خاتوونه وه‌زیری رۆشنبیریی میسر ئیناس عه‌بدولدایم وێڕای پێشكه‌شكردنی خه‌ڵاته‌كه به نادیه لوتفی، له گوته‌یه‌كدا هه‌وڵی دا وره‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌رز بكاته‌وه كه ماوه‌یه‌كی زۆر به‌هۆی نه‌خۆشیی بڕبڕه‌ی پشت له نه‌خۆشخانه كه‌وتووه و ناتوانێ له‌سه‌ر پێیه‌كانی بوه‌ستێت.
ناوی راستینه‌ی نادیه لوتفی كه ناوی هونه‌ریه‌تی "بولا محه‌مه‌د مسته‌فا شه‌فیق"ه و له ساڵی 1937 له قاهیره له دایك بووه. ئه‌و بۆ قۆناغه‌كه‌ی خۆی له ناوه‌ندی هونه‌ریدا به جوانترین و بوێرترین خاتوونه ئه‌كته‌ر ده‌ناسرایه‌وه. له قوتابخانه‌ی ئه‌ڵمانی له 1955 بڕوانامه‌ی دیپلۆمی وه‌رگرتووه. ده‌رهێنه‌ری ناودار ره‌مسیس نه‌جیب بۆ یه‌كه‌م جار به‌هره‌كانی نادیه‌ی ئاشكرا كردووه و ده‌رگه‌ی سینه‌مای بۆ كردووه‌ته‌وه و هه‌ر ئه‌ویش ناوی هونه‌ریی "نادیه لوتفی"ی بۆ هه‌ڵبژاردووه. خاوه‌نی ده‌یان فیلمی سینه‌مایی و دراما و كاری شانۆییه و له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئه‌ستێره‌كانی سه‌رده‌می خۆی رۆڵی بینیوه.