دكتۆر سه‌باح خۆشناو پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر له دارایی گشتی له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر كێشه دارایی و ئابوورییه‌كانی رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه و ده‌ڵێت، پێویسته پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی عێراق بكرێته زیاتر 14% و رێككه‌وتنی ره‌وانه‌كردنی 317 ملیار دیناره‌كه‌ی عێراق نوێ بكرێته‌وه، ئه‌وكات زۆر له كێشه‌كانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بن.
*كێشه ئابوورییه‌كانی رووبه‌ڕووی حكوومه‌تی هه‌رێم ده‌بنه‌وه له ئێسته و داهاتوودا چین؟ پلانی ده‌ربازبوون له‌و دۆخه‌ی ئێسته و بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه چییه؟.
بژاره‌كانی به‌رده‌م حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه ئاسایی بكاته‌وه كه‌من، ئه‌وه‌یش له‌به‌ر چه‌ندان هۆكار، له‌وانه هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له عێراق، ئه‌وه‌یش مانای وایه ناتوانین هه‌موو رێكارێك بگرینه به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆخه، بۆ نموونه داهاته گومرگییهكانمان و تاریفه‌ی گومرگی كه به‌پێی ده‌ستوور ده‌بێت داهاتی سیادی بگه‌ڕێته‌وه بۆ حكوومه‌تی ناوه‌ند، له‌لایه‌كی تریش تاریفه‌ی عێراق له سه‌رانسه‌ری ئه‌و وڵاته ده‌بێت یه‌ك تاریفه جێبه‌جێ بكرێت، تۆ كه جێبه‌جێی ناكه‌یت، كێشه‌ت بۆ دروست ده‌بێت. ئه‌وان خاڵی گومرگیان له نێوان كه‌ركووك-هه‌ولێر و كه‌ركووك-سلێمانی داناوه كه یه‌كێكه له سه‌رچاوه‌كانی داهات و باشكردنی بژێوی خه‌ڵكه، كه‌واته تۆ پێوه‌ستی به عێراقه‌وه.
هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كێشه‌یه‌كی زۆری له‌سه‌ر دروست بوو كه گرێبه‌سته‌كان خزمه‌تگوزاری بن یان به هاوبه‌شی، كه دواتر به هاوئاهه‌نگی له نێوان هه‌ردوو حكوومه‌ت وه‌ك له ده‌ستووردا هاتووه چاره‌سه‌ر كرا، پرسی به بازاڕگهیاندن و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كێشه‌ی گه‌وره‌ی دروست كرد و بووه هۆی بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه تۆ ناتوانی نه‌وت سه‌ربه‌خۆیانه بفرۆشیت، به‌و مانایه‌ی كه ده‌ستت كراوه بێت و به‌و نرخه‌ی بفرۆشیت كه له بازاڕدا هه‌یه كه ئێمه زۆر به كه‌متری ده‌فرۆشین، جیا له‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ی ده‌یفرۆشیت له ئاستی پێویست نییه و ناتوانی توانای به‌رهه‌مهێنانیش زیاد بكه‌یت، جیا له‌وه‌ی بیره نه‌وته‌كانی كه‌ركووكمان له ده‌ست داوه، ئه‌وانه هه‌موویان به‌ربه‌ستن له به‌رده‌م هه‌رێم بۆ قوناغی داهاتوودا.
دواتر پرسی پشكی بودجه تا ئێسته هه‌یه و بڕه‌كه‌ی 12.67%وه زیاد نه‌كراوه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌وانه چاره‌سه‌ریان بۆ نه‌كرێت، دۆخه‌كه به‌ره‌و باشی ناڕوات، به‌تایبه‌تی كاتێك نرخی نه‌وت دابه‌زیوه و خه‌ریكه دێته‌وه ژێر 50 دۆلار و نه‌وتی هه‌رێمیش به 10 دۆلار كه‌متر دێته فرۆشتن، بۆیه نرخی نه‌وت له دابه‌زین به‌رده‌وام بێت، كێشه‌كان قووڵتر ده‌بنه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌وڵ بده‌ین دۆخه‌كه به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردن ببه‌ین، پێویسته له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق رێك بكه‌وین و پشكێكی باشی بودجه‌ی عێراق تا ئاستی 14-15% بۆ هه‌رێم دابین بكرێت كه یه‌كێك له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات.
كه‌واته پێویسته مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له عێراقه‌وه بێت، جیا له بودجه‌ی پێویست بۆ وه‌به‌رهێنان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌یش چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه تاكه بژاره‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بتوانێ دۆخی دارایی و ئابووری خۆی به‌ره‌و باشتر ببات، بۆیه شوێنگره‌وه‌ی ئه‌و بژاره‌یه زۆر قوڕسه، تۆ نه‌وت سه‌ربه‌خۆ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه ده‌كه‌یت كێشه‌ت بۆ دروست ده‌بێت كه نرخی نه‌وت دابه‌زیوه و داهاته‌كه‌یشی وه‌ك پێویست نییه، بۆیه ته‌نیا پشتبه‌ستن به داهاتی نه‌وتی هه‌رێم، دۆخه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر ناكات، به‌تایبه‌تی له سایه‌ی دابه‌زینی زیاتری نرخی نه‌وت له دنیادا، بۆیه تاكه بژاره بۆ هه‌رێم رێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ عێراق كه بودجه‌كه‌ی به‌شێكه له بودجه‌ی عێراق و پلانی ئابووریشی به‌شێكه له پلانی ئابووری عێراق.
ده‌كرێ به‌پێی ده‌ستوور و سیسته‌می نامه‌ركه‌زی سوود له داهاته‌كانی تر جگه له تاریفه‌ی گومرگی وه‌ربگیرێت، وه‌ك كشتوكاڵ بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمه‌كان كه حكوومه‌تی هه‌رێم سوودی لێ وه‌ربگرێت، هه‌روه‌ها رسووماتی ناوخۆیی وه‌ك ئه‌وه‌ی هاتوچۆ، ئه‌وانه ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی باش، به‌ڵام تاكه چاره‌سه‌ر رێككه‌وتنه له‌گه‌ڵ عێراق و داهاته‌كه‌مان له عێراقه‌وه بۆ بێت.
*وه‌ك له یاسای بودجه‌ی عێراقدا هاتووه كه بۆ پێدانی ئه‌و پشكه‌ی هه‌رێم پێویسته هه‌رێم بڕێكی دیاریكراوی نه‌وت بدات به به‌غدا، له نێوان ئه‌و بژاره‌وه فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت، كامیان باشترینن؟.
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عێراق باشتره، چونكه بۆ ئه‌مساڵ رێككه‌وتنێك كرا به‌فشاری ئه‌مه‌ریكاییه‌كان به‌وه‌ی به‌غدا مانگانه 317 ملیار دینار ره‌وانه‌ی كوردستان بكات بۆ یارمه‌تیدانی هه‌رێم به‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی به‌و شێوه‌ی ئێسته هه‌یه بدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌ما، ئه‌وكات عێراق پابه‌ند نییه ئه‌و پاره‌یه ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات كه رێككه‌وتنه‌كه بۆ ساڵێك بووه، ده‌نگۆیه‌ك هه‌یه كه بۆ سێ مانگی یه‌كه‌م ره‌وانه نه‌كراوه كه بڕیاره له 2019 به فرووقات بدرێت، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی بودجه‌وه نه‌گه‌ن به رێككه‌وتن، ئه‌وكات عێراق ئاماده نییه ئه‌و بڕه پاره‌یه چیتر به هه‌رێم بدات و ئه‌وكات هه‌رێم دووباره ده‌كه‌وێته ته‌نگژه‌وه، به‌تایبه‌تی كاتێك نرخی نه‌وت دابه‌زییه‌وه، ئه‌وكات هه‌رێم ناتوانێ ئه‌و مووچه‌یه‌ی ئێسته ده‌یدات به‌و شێوه‌یه بیدات، بۆیه زۆر گرنگه له‌گه‌ڵ عێراق رێك بكه‌وین، چونكه عێراق ده‌وڵه‌ته و یه‌ده‌گی له بانكی ناوه‌ندی هه‌یه، ئه‌گه‌رچی عێراق قه‌رزاره، به‌ڵام ده‌وڵه‌تێكی ده‌وڵه‌مه‌نده كه ده‌توانێ له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی داهاتوو هه‌ناردنی نه‌وته‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته حه‌وت ملیۆن به‌رمیلی رۆژانه، ئه‌وكات هه‌رێمی كوردستان سوودمه‌ند ده‌بێت و پشكیشی له یه‌ده‌گه‌كه‌ی عێراق ده‌بێت. كێشه‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان ناتوانێ قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی بكات، چونكه هیچ وڵاتێك نابێته گره‌نتی بۆ ئه‌وه‌ی پاره به هه‌رێمی كوردستان بدرێت.
*ئه‌گه‌ر پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی عێراق 14% جێگیر بكرێت، ئاخۆ كێشه‌كانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بن؟.
به‌ڵێ دۆخه‌كه 100% به‌ره‌و باشتر ده‌چێت، به‌ڵگه‌یه‌كی باشمان هه‌یه كه ده‌سته‌ی ئاماری عێراق سه‌ر به وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه رێژه‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان 13.9%ی عێراقه و ئه‌وه‌یش به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزه و گشتاندنی بۆ كراوه له وه‌زاره‌تی دارایی و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته پێوه‌ندیداره‌كان، بۆیه ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌كه و له خۆیانه‌وه ده‌رچووه، بۆیه به‌لایه‌نی كه‌م ده‌بێت پشكی هه‌رێم له بودجه بكرێته 14% و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی بۆ ئه‌مساڵ كرا نوێ بكرێته‌وه، ئه‌وكات زۆر له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن.
شانبه‌شانی ئه‌وانه‌یش حكوومه‌تی هه‌رێم چاكسازییه‌كی راسته‌قینه و ته‌رشیق له په‌یكه‌ری وهزارهتهكانیدا بكات، خه‌رجییه ناپێویسته‌كان كه‌م بكاته‌وه و سیسته‌می بایۆمه‌تری فه‌رمانبه‌ران بكه‌وێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌وكات گه‌شبینین به‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی زۆر چاره‌سه‌ر ده‌بێت، بۆیه ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین 14%ی بودجه جێگیر بكرێت و له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ین به رێككه‌وتن، ئه‌وكات ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وتیش دابه‌زی، كاریگه‌ری بۆ سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نابێت و مووچه به‌رده‌وام ده‌بێ و خه‌ڵك ناڕازی نابێت.
*ئه‌گه‌ر رێژه‌كه له به‌غدا نه‌كرا به 14% و رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان به‌غدا و هه‌رێم نوێ نه‌كرایه‌وه، چی ده‌بێت؟
ئه‌وه ئه‌گه‌رێكی خوازراو نییه، چونكه ئه‌نجامی باشی نابێت و دۆخه‌كه به‌ره‌و خراپتر ده‌ڕوات، بۆیه ئێسته عادل عه‌بدولمه‌هدی كه كه‌سایه‌تییه‌كی پڕۆفیشناڵ و ئابووریناس و دۆستی كوردیشه، له به‌غدا ده‌سه‌ڵاتداره، پێویسته سوود له‌وانه ببینین و ستراتیجیی كورد گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ به‌غدا، ئێمه دوای ئه‌وه‌ی له ریفراندۆم به‌هۆی هۆكاری ناوخۆیی و ده‌ره‌كی نه‌مانتوانی سه‌ركه‌وتوو بین، پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه بۆ به‌غدا و ئه‌وه‌یش چاره‌سه‌ره، بۆیه چاره‌سه‌ری ئێمه له رووی ئابوورییه‌وه له تاران و ئه‌نكه‌ره نییه، پێویسته له عێراق هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ین ده‌سه‌ڵاتێكی فیدراڵیی راسته‌قینه هه‌بێت و سوود له بڕگه‌كانی ده‌ستوور وه‌ربگرین، به‌تایبه‌تی ماده‌كانی 111 و 112 و 113 كه پێوه‌ندیدارن به گرێبه‌سته‌كانی نه‌وت و سیاسه‌تی دارایی و بازرگانی و هه‌وڵ بده‌ین كاریان پێ بكرێت بۆ دووباره بووژانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
*سوودی بۆ هه‌رێم چییه ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق له رێی هه‌رێمی كوردستان بكرێ و زیاد بكرێت؟.
یه‌كێك له خاڵه به‌هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و لووله نه‌وتییه‌یه كه هه‌یه‌تی و ده‌روازه‌یه‌كی زیاتری بۆ عێراق دروست كردووه بۆ زیادكردنی هه‌ناردنی نه‌وت، عێراق ده‌توانێ سوودمه‌ند بێت له‌و لووله نه‌وتییه به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كه ئێمه بتوانین له به‌رانبه‌ر ئه‌و كاره، سازش به به‌غدا بكه‌ین و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراق ره‌چاوی زیاتری دۆخی هه‌رێمی كوردستان بكات و ئه‌و ته‌نگژه‌یه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌رێم هاتووه‌ته‌وه سووكتر بكرێت، جیا له‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی سروشتیی زۆرمان له هه‌رێم هه‌یه وه‌ك كشتوكاڵ و نه‌وت و گاز و گه‌شتیاری، بۆیه ده‌توانین ببینه هۆكارێك بۆ به‌هێزكردنی عێراق، بۆیه قووڵایی ستراتیجی هه‌رێم ئێسته به‌غدایه.
* ئه‌گه‌ر پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی عێراق 14% جێگیر بكرێت، دۆخه‌كه 100% به‌ره‌و باشتر ده‌چێت .