"مه‌سروور بارزانى به‌ هێزه‌وه‌ ره‌وشى بازرگانى له‌ كوردستان به‌ره‌وپێش ده‌بات"

:: AM:11:12:16/01/2019 ‌
عه‌بدولڕه‌زاق ناوه‌ندى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی له‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌مدیمانه‌یه‌ی "وشه‌"دا ئاماژه‌ به‌ باشبوونى دۆخى بازرگانى كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ، حكوومه‌تى نوێى كوردستان هه‌نگاوى گه‌وره‌ ده‌نێ. 
وه‌ك ناوه‌نده‌ی روونى ده‌كاته‌وه‌"له‌ ڕێى سیسته‌مى ئۆرد بانكه‌وه‌ پێیان راگه‌یه‌نراوه‌ پێویسته‌ دابه‌شكردنى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ ڕابگیرێ".

پێشبینیتان بۆ دۆخى بازرگانى چییه‌ و له‌مساڵدا هاورده‌كردن له‌كام وڵاته‌وه‌ زیاتر ده‌كرێ بۆ كوردستان؟
دواى ئه‌و گۆڕانكارییه‌ جیۆپۆڵه‌تیكیانه‌ى له‌ناوچه‌كه‌دا ڕوویان داوه‌ و گه‌مارۆی ئابوورى زۆر له‌سه‌ر ئێران دانراون، دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن به‌رانبه‌ر دۆلار به‌راورد به‌ رابردوو كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بازرگانى نێوان كوردستان و ئێران كه‌متر بێته‌وه‌، هاورده‌كردن و بازرگانى له‌گه‌ڵ توركیا گرنگى پێ بدرێ، به‌ڵام وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌یه‌وێ هاوسه‌نگى له‌نێوان كارى بازرگانى هه‌بێ له‌نێوان كوردستان و وڵاتانى تر و بازاڕ چى پێویست بێت، ئه‌وه‌ هاورده‌ بكرێ و ده‌ستوه‌ردانیش له‌ بازاڕى وڵاتان ناكه‌ین.

روونتر پێتان وایه‌ بۆ ناوخۆى كوردستان ره‌وشى بازرگانى چۆن ده‌بێ؟
ره‌وشى بازرگانى له‌ ساڵى 2019 زۆر باشتر ده‌بێ له‌ ڕابردوو له‌ ئاستى ناوخۆى كوردستان و ده‌بێته‌ ساڵى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، وه‌ك ئابووریناسێك ده‌توانم ئه‌وه‌ت بۆ ڕوون بكه‌نه‌وه‌ كه‌ بارودۆخى ناوچه‌كه‌ وا ده‌خوازێ ناوه‌ندێكى ئارامى بازرگانى هه‌بێت و ئه‌و شوێنه‌یش هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌ له‌نێوان عێراق و ئێران و سووریا به‌ ئارامى ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئومێد زۆره‌ له‌ 2019 كوردستان ببێته‌ ناوه‌ندێكى گه‌وره‌ى بازرگانى له‌ ناوچه‌كه‌دا.

هیچ ستراتیجێكى روون هه‌یه‌ بۆ سه‌قامگیركردنى دۆخى ئابوورى و بازرگانى؟
بێگومان ره‌وشى ئابوورى پێى ده‌گوترێ "تۆڕی جاڵجاڵۆكه‌"، هه‌رچى له‌ناوچه‌كه‌دا ڕوو بدات كاریگه‌رى له‌سه‌ر دۆخى ئابوورى كوردستان هه‌یه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ستراتیجى ئابوورى له‌ كوردستان هه‌یه‌ و به‌و ستراتیجه‌یش له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر پارێزگارى له‌ ئابوورى كوردستان كرا، جارێكى تر گه‌ڕاینه‌وه‌ ناو بازاڕ، له‌كاتێكدا ئه‌و كاته‌ ده‌یان كۆمپانیا دایانخست و دواى ماوه‌یه‌كى كورت كردیانه‌وه‌، ئه‌وه‌یش ئومێدێكى گه‌وره‌ بوو بۆ ئابوورى كوردستان.

جیا له‌و هۆكارانه‌ى باستكرد، ئێسته‌ له‌سه‌روبه‌ندى پێكهێنانى حكوومه‌تی نوێى كوردستانین، ئه‌وه‌ چ كاریگه‌رییه‌ك دروست ده‌كات؟
بۆ حكوومه‌تى نوێى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیى مه‌سروور بارزانى، پێشبینیمان وایه‌ حكوومه‌تێك ده‌بێ به‌هۆیه‌وه‌ به‌ره‌وپێشچوونى زیاتر له‌ بازرگانى وئابوورى دێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌وه‌ى پێشتر نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى ئێسته‌ى حكوومه‌ت كردى، مه‌سروور بارزانى به‌هێزه‌وه‌ هه‌نگاوى تر ده‌نێت وه‌ك چۆن توانى لایه‌نى ته‌ناهیی كوردستان بپارێزێ، ئاوایش دڵنیاین ره‌وشى ئابوورى به‌هێز بكات.

باس له‌وه‌ ده‌كرێ كۆمه‌ڵێك كۆمپانیاى سعوودیه‌ بێنه‌ كوردستان، بۆچى دێن و چۆن كار ده‌كه‌ن؟
سعوودییه‌كان ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هاتن و بڕیاریان دا وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ن، به‌ڵام هێشتا واده‌ى هاتنى كۆمپانیاكانى سعوودیه‌ بۆ كوردستان دیار نییه‌، ته‌نیا بڕیاریانداوه‌ وه‌به‌رهێنانى گه‌وره‌ له‌ كوردستان بكه‌ن.

پێوه‌ندییه‌كانى نێوان كوردستان و به‌غدا له‌ڕووى بازرگانییه‌وه‌ له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
له‌دواى پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى عێراق، پێوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چوونه‌ته‌ قۆناغێكى نوێ و بڕیاره‌ له‌م هه‌فتانه‌دا كۆبوونه‌وه‌ بكرێ و به‌غدا هیواخوازه‌ كێشه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كان له‌گه‌ڵ كوردستان چاره‌سه‌ر بكات.

نیگه‌رانى زۆر له‌سه‌ر به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ى هاووڵاتییان هه‌یه‌، پلانى نوێ بۆ ئه‌وه‌ چییه‌؟
به‌ ئه‌گه‌رێكى زۆره‌وه‌ سیسته‌مى به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ى هاووڵاتییان نامێنێت، سیاسه‌تى ئابوورى ئۆرد بانك قبووڵ ناكات چیتر عێراق خۆراك دابه‌ش بكات، ئه‌وه‌یش به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى داهاتى وڵات و ئۆرد بانك به‌ فه‌رمى داواى له‌ عێراق كردووه‌ دابه‌شكردنى خۆراكى مانگانه‌ بوه‌ستێ و هیچ به‌دیلیشى نییه‌، چونكه‌ دانانى ئه‌و سیستمه‌ بۆ عێراق له‌كاتێكدا بوو ئابوورى وڵاته‌كه‌ له‌ خراپیدابوو، به‌پێى هه‌موو ئه‌و توێژینه‌وانه‌یشى كراون، تاكى كوردستان داهاتى باشى هه‌یه‌ و به‌شه‌خۆراكى مانگانه‌ نامێنێت.

* له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر پارێزگارى له‌ ئابوورى كوردستان كرا


وشە - سه‌رخێڵ هاشم