مباپێ باس لە پەیوەندیكردن بە یانەی ریال مەدرید دەكات

:: AM:11:26:20/01/2019 ‌

كیلیان مباپێی ئەستێرە و هێرشبەری لاوی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا باسی لە ئەگەری پەیوەندیكردن بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە كرد لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

مباپێ دوای یارییەكەی شەوی رابردوویان بەرامبەر یانەی گۆنگان لە گەڕی 21ی خولی فڕەنسا كە بە 9 گۆڵی بێ وەڵام سەركەوتنیان بەدەستهێنا، بە رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی راگەیاند: من ئێستا زۆر دڵخۆشم لە یاریكردن لە ریزی یانەی پاریس سان جێرمان لە خولی فڕەنسا.

زیاتر گوتی: گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان تا ساڵی 2021ە و ئێستاش كاتی ئەوە نییە باس لە هیچ ئەگەرێكی تر جگە لە تیپەكەم بكەم.

مباپێ هەروەها راگەیاند: پەیوەندیكردن بە یانەی ریال مەدرید؟ راستییەكەی چەند جارێكی تریش باسی ئەوەم كردووە كە ئێستا لە یانەی پاریس سان جێرمان دڵخۆشم، بەڵام لە یاریی تۆپی پێدا نازانرێ لە داهاتوودا چی روو دەدات و رەنگە هەندێ شتی شاراوە روو بدات كە خۆت پێشبینیت نەكردبێ.

ئەم لێدوانەی مباپێ لە كاتێكدایە كە ماوەیەكە باس لەوە دەكرێ كە رەنگە بۆ هاوینی داهاتوو یانەی ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵدا بكات بۆ بەهێزكردنی تیپەكەی بەتایبەتیش لە هێڵی پێشەوە و هێرشبردندا، هەروەها باسیش لەوە دەكرا كە بەرپرسانی یانەكە دەستیان بە گفتوگۆكان كردووە لەگەڵ هێرشبەرەكە بۆ ئەوەی لەگەڵی رێك بكەون و دواتریش بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێرمان رازی بكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م