شارەوانی هەولێر لەسەر دووبەشكردنی زەوی ڕوونكردنەوە دەدات

:: PM:05:55:26/01/2019 ‌
شارەوانی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان كە ئەو گەڕەكانەی پێشتر دیار كرابوون و بڕیاری دووبەشكردنیان لەسەر قەدەغە كرابوو ئەو بڕیارە بەردەوامە و ئێستە ڕێ‌ نادرێ‌ هیچ زەوییەك بكرێ بە دوو بەش.

سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر كۆتایی ساڵی ڕابردوو بڕیاریدا كە هیچ زەوییەك لە گەڕەكە نوێیەكانی وەك " هەشتی حەسارۆك و باغەمرە و كەڕك" و گەڕەكە نوێیەكانی هەولێر نەكرێت بەدووبەش واتە " تەقسیم دوو" ناكرێ‌ و ئەو بڕیارەیش تا ئێستە كاری پێ‌ دەكرێت و شارەوانی دەڵێت، بەهیچ جۆرێك ئەو بڕیارە هەڵنەوەشاوەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 26ی كانوونی دووەم، مەڕوان هادی سەرۆكی شارەوانی یەك لە هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بە هەموو جۆرێك دوو بەش كردنی زەوی لە گەڕەكە نوێیەكانی هەولێر وەستاوە و هیچ زەوییەك نابێ‌ بە دووبەش.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەو بڕیارەی شارەوانی هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە و پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی زەوی دەكڕن ڕەچاوی ئەوە بكەن كە نیوو پارچە زەوی لە گەڕەكە نوێیەكانی هەولێر ڕێپێدانی بۆ خانوو پێ‌ نادرێ‌.

ئەو لێدوانەی سەرۆكی شارەوانی یەك لە كاتێكدایە كە ئێستە باس لەوە دەكرێ‌ نرخی زەوی و خانوو لە هەولێر بەرز بووەتەوە، بەڵام شارەوانی دووپات لەوە دەكاتەوە پێویستە لە گەڕەكە نوێیەكان زەوی بۆ خانوو پارچەیەكی تەواو بێ‌ كە لە 150 مەترەوە دەست پێ بكات.
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم