له زۆربه‌ى شوێنه گه‌شتیارییه‌كانى ناوشارى دهۆك، زۆربه‌ى كات به جلى سوورى دڵڕفێن و چه‌پكه گۆڵى سووره‌وه جوانی به خه‌ڵك ده‌فرۆشێت, ئه‌و ناوى عه‌لى خدره و خه‌ڵكى عه‌فرینی رۆژئاواى كوردستانه، زیاتر له پێنچ ساڵه له دهۆك ده‌ژی و بووه‌ته كوڕى شاره‌كه و كولتوورى فرۆشتنى گوڵى په‌ره پێ داوه. عه‌لى له‌م دیمانه‌ى "وشه"دا باسى رۆژانى خۆى له‌گه‌ڵ فرۆشتنى گوڵ ده‌كات.
گوڵفرۆشى دهۆك كێیه؟
ناوم عه‌لى خدر محه‌مه‌د /21 ساڵ/ له گوندى سینكه‌رلێ له رۆژئاواى كوردستان له دایك بووم, تا نۆى بنه‌ڕه‌تى له عه‌فرین خوێندوومه و له ده‌رچووه یه‌كه‌مه‌كان بووم, به‌ڵام دواى ئه‌و دۆخه‌ى به‌سه‌ر سووریا به‌گشتى و رۆژئاواى كوردستان به‌گشتی هات، له ساڵى 2013 ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بووین, به دڵخۆشییه‌وه توانیم لێره به‌رده‌وامى به خوێندنى خۆم بده‌م و ئێسته له دوانزه‌ى زانستى ده‌خوێنم.
چه‌ند ساڵه گوڵ ده‌فرۆشى و له‌به‌رچى ئه‌م كاره‌ت هه‌ڵبژارد؟
ماوه‌ى شه‌ش ساڵه گوڵ ده‌فرۆشم, زۆر حه‌ز له فرۆشتنى گوڵ ده‌كه‌م, من یه‌كه‌م كه‌س بووم له دهۆك گوڵفرۆشیم ده‌ست پێ كرد و شانازى به‌مه‌وه ده‌كه‌م, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یه‌كه‌م جار ده‌ستم به‌م ئیشه كرد، قسه و بۆچوون و هه‌ڵوێستى زۆرم بینی و گوێم لێ ده‌بوو, به‌ڵام گرنگیم به هیچیان نه‌ده‌دا و له كارى خۆم به‌رده‌وام ده‌بووم, بڕوام به‌وه هه‌یه كه خۆشه‌ویستى له هه‌موو ژیاندا هه‌یه و به‌بێ خۆشه‌ویستى ناتوانین بژین، له‌به‌رئه‌وه له گوڵفرۆشی به‌رده‌وام بووم.
كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك چۆنه بۆ كاره‌كه‌ت؟
زۆر جۆره مرۆڤ له ژیانى خۆمدا ده‌بینم، كه‌سى هۆشیار به جوانی سه‌یرم ده‌كه‌ن و به‌هاى گوڵ ده‌زانن و به هه‌ست و سۆز و خۆشه‌ویستى گوڵه‌كانم لێ ده‌كڕن، ده‌زانن گوڵ هێمایه بۆ هه‌موو جوانییه‌ك, به‌ڵام خه‌ڵكی ناڕۆشنبیریش ده‌بینم كه له ژیان ناگه‌ن و ژیانیان به‌دیوى جوانى نه‌بینیوه و به‌چاوی خراپ سه‌یری منیش ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وان خۆیان كه‌سانى ره‌شبینن, به‌ڵام كاتێك زه‌رده‌خه‌نه‌ى كچ و كوڕێك ده‌بینم كه گوڵه‌كانی من هۆكاریه‌تی، وا ده‌زانم دنیا هی خۆمه.
گوتت تۆ یه‌كه‌م گوڵ‌فرۆش بووی كه ده‌ستت پێ كرد، ئه‌ی ئێسته كولتوورى فرۆشتنى گوڵ له دهۆك هه‌یه؟
كۆمه‌ڵگه‌ى ئێره فێرى فرۆشتن و كڕینى گوڵ نین، زۆر كه‌س ده‌بینم و له‌گه‌ڵ زۆریش قسه ده‌كه‌م، حه‌ز ده‌كه‌م په‌ره به‌م كاره بده‌ن و گوڵ گۆڕینه‌وه بكه‌ن به كولتوور, چونكه نامه‌وێ هه‌وڵ نه‌ده‌م و هیچ نه‌كه‌م، بۆیه هه‌وڵى به‌ره‌وپێشچوونى كۆمه‌ڵگه ده‌ده‌م, كاتێك كه‌سێكی بیانى دێته دهۆك و من ده‌بینن، به‌لایانه‌وه دیمه‌نێكی جوانه و كه‌یفیان به كارى من دێت.
كڕیاره‌كانی گوڵ كێن له دهۆك؟
عاشقان زۆربه‌یان كڕیاری گوڵن، ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كى زۆر جوان و به‌فراوانی گوڵ ده‌كڕن و پێشكه‌ش به یه‌كتری ده‌كه‌ن, به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موویان كچ و كوڕ بن و پێوه‌نده خۆشه‌ویستى هه‌بێت له نێوانیان, خه‌ڵك هه‌ن گوڵ پێشكه‌شى هاوڕێكانى خۆیان ده‌كه‌ن یان دایكیان یان كه‌سێكى نزیك, گوڵى سوور كڕیارى زۆره، چونكه هێماى خۆشه‌ویستییه.
دوا په‌یامت بۆ كۆمه‌ڵگه چییه؟
دوا په‌یامم ئه‌وه‌یه خۆشه‌ویستى بنه‌ماى ژیانه، پێیان ده‌ڵێم به‌خۆشى بژین و له‌پێناو ئاینده‌ی باش جه‌نگ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به ئاره‌زوو و خه‌ونه‌كانتان بگه‌ن, به‌و شێوه‌یه بژى كه خۆت ده‌ته‌وێت, له نیوه‌ى رێ مه‌وه‌ستن و به‌رده‌وام هه‌وڵ بده‌ن, دڵخۆش بن و پێبكه‌نن, ژیان جوانه ئه‌گه‌ر مرۆڤ جوان بیر بكاته‌وه.