نهێنی ژمارە 911ی ناو مۆبایلەكانی كوردستان ئاشكرابوو

:: PM:02:42:02/02/2019 ‌
ماوەی چەند مانگێكە لە بازاڕەكانی فرۆشتنی مۆبایل لە هەرێمی كوردستان، كڕین و فڕۆشتن بەو جۆرە مۆبایلانە زیاتر بووە كە ژمارە 911یان تێدا هەیە و ناسڕێتەوەش.

ئەمڕۆ شەموو دووی شوبات، سەركەوت زاهیر شارەزای بواری ئایتی و نوێنەری یەكێك لە كۆمپانیاكانی هێنانی مۆبایل بۆ "وشە" گوتی، نهێنی ژمارە 911ـی ناو مۆبایلەكان ئەوەیە ئەو جۆرە مۆبایلانە لە ئەمەریكا دەهێنرێن یان بۆ ئەو وڵاتە دروست كراوە.

ئاشكرای كرد، ئەو جۆرە مۆبایلانە زیاتر مۆبایلی جۆری لەنگە دەگرێتەوە و كاتێك دەیانهێنین بۆ هەرێمی كوردستان، ئەوا ئەو كۆدەیان تێدا خەزن كراوە و ناسڕێتەوە دوای فۆڕماتكردنیشیان.

ئەوەشی ڕوون كردەوە ژمارە 911 هێڵی فریاكەوتنی خێرایی بەدەنگەوە چوونە بۆ هاووڵاتییان، بۆیە هیچ پێوەندییەكەی بە كوالێتی نییە، ئەوەی هاووڵاتییان باسی دەكەن كوالێتی بەرزترە، بەڵكو تەنیا ژمارەی فریاكەوتنە.

ماوەی چەند مانگێكە لە هەرێمی كوردستان خواست لەسەر مۆبایل زۆر بووە بەتایبەت ئەو جۆرە مۆبایلانەی كۆدی ژمارە 911ـی تێدایە.

 



وشە - رامیار جەواد