ئاسمانی هەرێمی كوردستان تا كۆتایی هەفتە ساماڵە، بەڵام سەرچاوەكانی كەشناسی پێشبینی ئەوە دەكەن لە هەینییەوە شەپۆلێكی تری بەفر و باران روو لە هەرێمی كوردستان بكات و كاریگەرییەكانی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەدیار بكەون.
ئەمڕۆ یەكشەم ئاسمانی هەولێر و دهۆك ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێ پەڵە هەوری جیاجیا لە هەندێك ناوچە. لە هەولێر نزمترین پلەی گەرمی پێنج و بەرزترینی 16 دەبێت، بەڵام لە دهۆك بەرزترینی 14 و نزمترینی سێ دەبێت.
ئاسمانی سلێمانی لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەوردا دەبێت و نزمترین پلەی گەرمیش لەم شارە بە دوو پلەی سیلیزی تۆمار دەكرێت و بەرزترینیشی 16 دەبێت.
لە كەركووكیش ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەكانی گەرمیش لە نێوان 17 و چوار پلەی سیلیزی لە هەڵبەز و دابەزدا دەبن.
بۆ سبەی دووشەم ئاسمانی كوردستان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەكانی گەرمیش نزیك لە ئاستی ئەمڕۆكەدا دەمێننەوە.
ئەم جۆرە كەشوهەوایە تا كۆتایی هەفتە درێژەی دەبێت و سەرچاوەكانی كەشناسی پێشبینی ئەوە دەكەن لە رۆژی هەینییەوە شەپۆلێكی تری بەفر و باران روو لە كوردستان بكات.
تا ئەم كاتەی ساڵ بڕێكی زۆری باران لە كوردستان باریوە و لە چەندان شوێن مەترێكی تێپەڕ كردووە. لە مێرگەسۆر نزیكەی مەترێك و 400 ملم باریوە. لە بجیل و دینارتە و پێنجوێنیش سەرووی مەترێك باران باریوە. لە هەر یەك لە دهۆك، زاخۆ، ئاكرێ، بامەڕنی، كانی ماسی، ئامێدی، كۆیە، رواندز، بارزان، سۆران و پیرمام سەرووی نیو مەتر باران باریوە.