مرۆڤایەتی لە 2019 بارتەقای ملیارێك و 200 ملیۆن ساڵ ئینتەرنێت بەكار دەهێنن

تا دێت بەكارهێنانی ئینتەرنێت زیاتر دەبێتە پێویستی رۆژانە، بەگوێرەی زانیارییەكان 57%ی دانیشتووانی سەر زەوی ئینتەرنێت بەكار دەهێنن و لەمەشدا دانیشتووانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا پێشەنگن.

بەگوێرەی راپۆرتێك كە ئەمڕۆ دووشەم چواری شوبات/ فێبرایەر، رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، بە پشتبەستن بەو سەعاتانەی رۆژانە هەر تاكێك لەسەر گۆی زەوی تێیدا ئینتەرنێت بەكار دەهێنێت، دەڵێ مرۆڤایەتی لە 2019 بارتەقای ملیارێك و 200 ملیۆن ساڵ ئینتەرنێت بەكار دەهێنن.

بەگوێرەی راپۆرتەكە 57%ی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی ئینتەرنێتیان هەیە، دانیشتووانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا پێشەنگی دنیان لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت لە رووی سەعاتی بەكارهێنان، لەسەر ئاستی دنیاش، ئیماراتییەكان پێشەنگن لە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

لە راپۆرتەكە هاتووە ئەو كاتەی مرۆڤایەتی لە 2019 لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت بەسەری دەبەن، ئەگەر هەمووی كۆ بكرێتەوە دەكاتە ملیارێك و 200 ملیۆن ساڵ، هێما بۆ ئەوەش كراوە تێكڕای ناوەڕاستی بەكارهێنانی ئینتەرنێت لە وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا هەشت سەعاتە لە رۆژێكدا.

هاوكات باس لەوە كراوە فلیپینییەكان رۆژانە 10 سەعات و دوو خولەك ئینتەرنێت بەكار دەهێنن، تایلەندییەكانیش ریزبەندی پێنجەمیان گرتووە و رۆژانە هەر تاكێكی تایلەندی نۆ سەعات و 11 خولەك ئینتەرنێت بەكار دەهێنێت.

لە بەریتانیا هەر تاكێك رۆژانە هەشت سەعات و ئەمەریكییەكان رۆژانە هەشت سەعات و 31 خولەك، بەڵام ژاپۆنییەكان كەمترین كات ئینتەرنێت بەكار دەهێنن كە سێ سەعات و 45 خولەكە، دوای ئەویش چینییەكان دێت.

 رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی لە راپۆرتەكەی پشتی بەستووە بە ئاماری هەردوو ماڵپەڕی " HootSuite " و " We Are Social " كە دوو ماڵپەڕی تایبەتمەندن بە داتا و بەكارهێنانی ئینتەرنێت.
 
دوای فلیپین، هەریەكە لە باشووری ئەفریقا و كۆڵۆمبیا و بەڕازیل دێن لە ریزبەندی یەكەمەكانی دنیا لە رووی زۆر بەكارهێنانی ئینتەرنێت و مانەوە لەسەر كۆمپیوتەر، بەڵام كینیا ئەو وڵاتەیە دانیشتووانەكەی كەمترین ئینتەرنێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكار دەهێنن كە 12%یە، دوای ئەویش نێجیریا دێت بە 16%.

لە راپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو كە لە كۆی دانیشتووانی سەر رووی زەوی، تەنیا 57%یان ئینتەرنێتیان هەیە و تێكڕای ناوەڕاستی سەعاتی بەكارهێنانی ئینتەرنێتیش بۆ هەر تاكێك لە رۆژێكدا شەش سەعات و 50 خولەكە، كە زۆرینەی ئەوانەیشی ئینتەرنێت بەكار دەهێنن، لە رێی مۆبایلی زیرەكەوەیە.



وشە - فه‌رمان سادق


AM:10:28:04/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 86 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌