بەرشەلۆنە بڕیارێكی نوێ سەبارەت بە پێكانەكەی میسی دەركرد

:: AM:08:53:05/02/2019 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیارێكی نوێی سەبارەت بە پێكانی كاپتنەكەی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی دەكرد لەبارەی پێڕاگەیشتنی بە یاریی كلاسیكۆی سبەی چوارشەم بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ركابەری.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: بڕیاربوو دوێنێ دووشەم لە شاری وەرزشی یانەی بەرشەلۆنە پشكنینی وردی پزیشكی بۆ میسی ئەنجام بدرێ، بەڵام بەهۆی هەستكردن بە ئازارەوە پشكنینەكە ئەنجام نەدرا.

پزیشكەكانی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریاندا پشكنینە پزیشكییەكە بۆ ماوەی 24 سەعات دوا بخەن، واتە ئەمڕۆ سێشەم یانەكە بڕیاری كۆتایی دەدات كە ئایا میسی بەشداری لە یاریی كلاسیكۆ دەكات یان نا.

میسی هەر بە هۆی هەستكردن بەم ئازارەوە دوێنێ دووشەم مەشق و راهێنانی لەگەڵ یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە ئەنجام نەدا، بەڵام ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەر هۆكاری دوورخستنەوەكەی بۆ زیاتر پاراستی ئەو ئەستێرەیەی یەكەمی تیپەكەی دابوو نەك هەستكردن بە ئازارەكەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكە ئەگەر پزیشكەكان ئەمڕۆ سێشەم گلۆپی سەوزیان بۆ میسی هەڵكرد، دەبێت دوای ئەوە راستەوخۆ لەگەڵ ڤالڤێردی قسە بكات و دوایین بڕیار ئەو بیدات سەبارەت بە یاریكردن لە یارییەكەی سبەی چوارشەم بەرامبەر یانەی ریال مەدرید.

جێی باسە سبەی چوارشەم سەعات 11ی شەو بەكاتی كوردستان، لە یاریی كلاسیكۆ و چوونی قۆناغی پێش كۆتایی جامی شای ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م