ڕوونكردنەوەیەك لەسەر نرخی ئینتەرنێت دەدرێت

:: PM:01:09:06/02/2019 ‌
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئێمە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن خاوەنی تۆڕی كێبڵ نین و كەرتی تایبەت كە مۆڵەت پێدراوی وەزارەتمانن بەو كارە هەڵدەستن.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی شوبات، لە روونكردنەوەیەكی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن هاتووە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەشێك لە میدیاكانی هەواڵی بڕیاری كەمكردنەوەی نرخی ئینتەرنێتیان لە عێراق بڵاو كردەوە گوایە لێرە لە هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارە جێبەجێ ناكرێت، بۆ بەرچاوڕوونی هەموو لایەك و دەرخستنی راستی و دروستی ئەو هەواڵە ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكەین.

1-بڕیاری وەزارەتی گەیاندنی عێراقی فیدراڵ كە تۆڕی كێبڵەكانی ((Back Bone  دەگرێتەوە موڵكی حكوومەتە و هەروەها كێبڵی دەروازە سنوورییەكانیش بە هەمانشێوەن، تەنیا ئەوان بۆیان هەیە وەك كەرتی گشتی تۆڕی كێبڵیان هەبێت، بەڵام ئێمە لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن خاوەنی تۆڕی كێبڵ نین و كەرتی تایبەت كە مۆڵەت پێدراوی وەزارەتمانن بەو كارە هەڵدەستن.

2-كۆمپانیاكانی ئەم بوارە لە عێراق تۆڕی كێبڵی حكوومەت لە بەرامبەر كرێیەكی دیاریكراو بەكار دێنن و لەرێی‌ كێبڵی تایبەتی خۆیان یان بە سیستەمی وایەرلیس خزمەتگوزارییەكانیان دەخەنە بەردەستی بەكاربەران.

3-وەزارەتی گەیاندنی عێراق نرخی كرێی بەكارهێنانی كێبڵی بە رێژەی 25% بۆ كۆمپانیاكان كەم كردووەتەوە نەك نرخی كارتی ئینتەرنێت بۆ بەكاربەران، هەروەها تێپەڕاندنی باندی خزمەتگوزاری كە كۆمپانیاكان دەیگەیەننە پارێزگاكان كردووەتە دوو بەرابەری جاران، بەڵام بە هەمان نرخی پێشوو.

ئامانجی بەغدا لەم هەنگاوانە ئەوەیە خێرایی ئینتەرنێت باش بكرێت نەك هێنانەخوارەوەی نرخی بەشداریكردنی بەكاربەران.

شایانی باسە ئەگەر بەراوردی نرخ و كوالیتی ئینتەرنێت لە نێوان هەرێم و بەغدا بكەین، بەپشتبەستن بە داتاكان لە هەرێم نرخ گونجاوترە و كوالیتی ئینتەرنێت باشترە.



وشە - رامیار جەواد