دیموكراتەكانی كۆنگرێس بە جلوبەرگی سپی چ پەیامێكیان گەیاندە ترەمپ؟

:: PM:05:07:06/02/2019 ‌

 لە دیمەنێكی ناوازەدا، دیموكراتەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكی بۆ گوێگرتن لە گوتاری ساڵانەی ترەمپ، بڕیاریاندا جلوبەرگی سپی بپۆشن. بەگوێرەی زانیارییەكانیش ئەو هەنگاوەی ئەوان مەبەست لێی گەیاندنی پەیامێك بووە لە بارەی مافی ژنان لە ناو ئەمەریكا كە نابێت پاشەكشەی لێ بكرێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گوتاری ساڵانەی لە كۆنگرێسی ئەمەریكا پێشكەش كرد، كە ئەندامانی لیستی دیموكراتەكان لە كۆنگرێسی ئەمەریكا بە جلوبەرگی سپی ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون، ئامانجیش لەو هەنگاوە گەیاندنی پەیامێكی هاوسۆزی و پشتگیری بووە بۆ مافەكانی ژنان لەناو ئەمەریكا.

پۆشینی جلوبەرگی سپی لەلایەن ژنانەوە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بیستەكانی سەدەی رابردوو، لەو كاتەی لە ئەمەریكا ژنان مافی بەشداری كردنیان لە هەڵبژاردن نەبووە و مافی دەنگدانیان نەبوو.

لە كۆبوونەوەكەی كۆنگرێس 116 ژن جلوبەرگی سپیان پۆشی بوو پەیامی هاوخەمی و پشتگیری بۆ مافەكانی ژنان لە ناو ئەمەریكایان بە ترەمپ دا كە "بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری مافەكانی ژنان نابین و ئەو مافەی بە دەست هاتووە زۆر بە زەحمەت بووە".

ئەمە یەكەمجار نییە ژنانی كۆنگرێسی ئەمەریكی ئەو هەنگاوە هەڵدەگرن، لە 2017 ئەنجامیان داوە و لە 2018 رەنگی سوویان لەبەر كرد بۆ پشتگیری لە هەڵمەتی "هەروەها منیش" لەسەر گێچەڵی سێكسی دژ بە ژنان لەناو هۆلیۆد كە بوو بە پرسی رۆژەڤ و لە زۆر جێگەی تری ئەمەریكا ئاشكرا بوو، تەنانەت لەسەر ئاستی ئەوروپا و وڵاتانی تری دنیاش ئەو هەڵمەتە بەڕێوە چوو.

پۆشینی جلوبەرگی سپی لەناو ژنانی ئەمەریكا بووەتە نیشانەیەك بۆ گەیاندنی هاوسۆزی و پشتگیری لە مافەكانی ژنان، هیلاری كلنتن لە كاتی كۆنگرەی نیشتمانی دیموكراتەكان لە 2016 جلوبەرگی سپی پۆشی، هەروەها ئەلكساندریا ئوكاسیۆ كاتێك لە بەردەم كۆنگرێس سوێندی یاسایی خوار لە مانگی رابردوو، جلوبەرگی سپی لەبەر كرد.

گوتاری ساڵانەی سەرۆكی ئەمەریكا، گوتارێكی دەستوورییە و دەبێت هەموو ساڵێك سەرۆك ئەو گوتارە پێشكەش بكات.
بەرانبەر بەو ژمارە زۆرە سپی پۆشە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گوتی "ژمارەی ژنان لەناو هێزی كاریگەر زیادی كردووە و ئێستە ژنان لە كۆنگرێس ژمارەیان لە هەموو كات زیاترە". قسەكانی ترەمپ وایكرد هەموو ژنان چەپڵەی بۆ لێ بدەن، بەوانەی نەیاری سیاسەتەكانی سەرۆكی ئەمەریكاشن.











وشە - فه‌رمان سادق