ملیۆنێك و 220 هەزار و 700 پەنابەر لە كوردستاندا هەن

:: PM:12:24:07/02/2019 ‌

فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، 900 هەزار پەنابەری چوار وڵات لە كوردستان نیشتەجێن و هەرێمی كوردستانیش سەركەوتوو بووە لە لەخۆگرتنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی شوبات/ فێبرایەر، لە میانی بەڕێوەچوونی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی تایبەت بە پرسی ئاوارە و پەنابەران لە كوردستان، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە وەك نوێنەری حكوومەت بەشداری لە كۆنگرەكە كردبوو، ئاشكرای كرد ملیۆنێك و 220 هەزار و 700 پەنابەر لە كوردستاندا هەن.

فەلاح مستەفا روونی كردەوە، ئەو ملیۆنێك و 220 هەزار و 700 پەنابەرەی لە كوردستاندا هەن، بە جۆرێك 20 هەزاریان پەنابەری توركین و 300 هەزاریان پەنابەری ئێرانی و 900 هەزاریان پەنابەری سووری و 700یان پەنابەری فەلەستینین.

ئەگەرچی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكان حكوومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەی زیاتر نەدا، بەڵام بەهۆی شەڕی دژ بە داعش 900 هەزار پەنابەری سووریا كە بەشی زۆریان كوردانی رۆژائاوان روویان لە كوردستان كردووە، پێوەند بە پەنابەری ئێرانیش، زیاتر كوردانی رۆژهەڵاتن كە چەندان حزبیان لە هەرێمی كوردستان هەن و لە دەیان ئۆردوگا و شارەكانیش نیشتەجێن، ئەو 20 هەزارەی توركیاش بەشی زۆریان كوردن. ئەمە جگە لە زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقی كە بەهۆی شەڕی دژ بە داعش لە ئاوارەی كوردستان بوونە و هەزارانی تریشیان بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەكانیان بە یەكجاری ئێستە لە كوردستان نیشتەجێن.



وشە - فه‌رمان سادق