بڕیاره له شارى سلێمانى بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی، بە هاوکاری ناوەندی حەوت ڕەنگە، فێسیڤاڵی هونەریی سلێمانی سنە ساز بکات، ئهمهیش دهنگدانهوهى له ناوهنده هونهرییهكان دروست كردووه بههۆى گهورهیى و گرنگى ئهو چالاكییهوه.
بەختیار سەعید بەڕێوەبەری ناوەندی حەوت ڕەنگە لە سلێمانی له پێگهى تایبهتى خۆى له تۆڕى كۆمهڵایهتى فهیسبووك نووسیویهتى: " فێستیڤاڵەکە چوار ڕۆژ دەخایەنێت و جگە لە کردنەوەی پێشانگای شێوەکاریی هونەرمەندانی سلێمانی و سنە، چەند بڕگە و بابەتێکی تایبەتی هونەریی پێشکەش دەکرێت، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا لەژێر ناوی "گەشەکردنی هونەر لەناو شاردا دیبەیتێک لە نێوان شێوەکارانی سلێمانی و سنەدا ڕێ کدەخرێت، بۆیهیش بهو ناوه ناونراوه".
بهپێى زانارییهكانى "وشه" فێستیڤاڵەکە ڕۆژی 19ى شوبات لە سلێمانی دەست بهكارهكانى دهكات، لە ڕۆژی یەكەمدا لە هۆڵی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەكە، بە كردنەوەی پێشانگایەکی نیگارکێشان بۆ شێوەکارانی هەردوو شارەکە دەست پێ دەكات و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ڕۆژانى 22ى شوبات لە دوایەمین ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا، بە بەشداریی دوو گرووپی هونەری سلێمانی و سنە، ئاهەنگێکی گۆرانی و میوزیک ساز دەکرێت.