"من له ماڵى سه‌رۆك بووم"
"خانوویه‌كى كۆن كه له ناوه‌ڕاستى شار دایكم كردوویه‌تى به گه‌له‌رییه‌كى شێوه‌كارى. ئه‌و رۆژانه‌ى باوكم سه‌رۆكى دیارترین حزبى سیاسى بوو، هه‌موو ئه‌و سیاسییانه‌ى سه‌ردانى باوكمیان ده‌كرد، دایكم وه‌ك شوێنه‌وارێك به‌ره‌و ئه‌و گه‌له‌رییه‌ى ده‌هێنان، تا تابلۆى دیارترین شێوه‌كارانى وڵاتیان نیشان بدات، هۆراسى كوڕى سه‌رۆكى كۆچكردوو، ئاوا بۆ سه‌ركرده‌ى چه‌ته‌كان باسى له‌و خانووه ده‌كرد كه وه‌ك گه‌نجینه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ماوه‌ته‌وه".
ئه‌مه یه‌كه‌م په‌ره‌گرافى نۆڤلێتى "من له ماڵى سه‌رۆك بووم" له نووسینی نیهاد جامی، كه له 17 به‌ش پێكهاتووه و له قه‌باره‌یه‌كى بچووكى 80 لاپه‌ڕه‌یى له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ى رۆژنامه‌وانیى "وشه"وه چاپ و بڵاو كراوه‌ته‌وه.
له ماوه‌ى كه‌متر له ساڵێكدا، ئه‌وه دووه‌م نۆڤلێتى نیهاد جامییه كه بڵاو ده‌كرێته‌وه، نۆڤلێتى یه‌كه‌مى نیهاد هه‌ر له‌لایه‌ن "وشه"وه چاپ و بڵاو كرایه‌وه، ناونیشانێكى سه‌رنجڕاكێشى هه‌بوو "له ئۆكتۆبه‌ر كوژرام" كه باس له رووداوه‌كانى كاره‌ساتى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ده‌كات. له نۆڤلێتى دووه‌م نووسه‌ر هه‌ندێك له ته‌كنیك و شێوازى "له ئۆكتۆبه‌ر كوژرام" دووباره ده‌كاته‌وه، كه ره‌نگه بتوانین به "دووباره‌بوونه‌وه" ناوى نه‌به‌ین، با بڵێین ئه‌مه شێوازى نیهاد جامییه له نووسینى نۆڤلێت.
وه‌ك له په‌ره‌گرافى یه‌كه‌م ده‌رده‌كه‌وێت، نۆڤلێتى "من له ماڵى سه‌رۆك بووم" سه‌ره‌تا باس له خه‌ونى كوڕى سه‌رۆك ده‌كات، خه‌ونه‌كه ئه‌وه‌یه ده‌یه‌وێ میراتى باپیره و باوكى بپارێزێ، دڵسۆز بێت بۆ دایكى، مه‌رامه‌كانى له رێى خیانه‌ت و ده‌ست تێكه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ مافیا و چه‌ته و رێگره‌كان بهێنێته‌وه، نیشتمان بفرۆشێ، ئه‌رشیڤى باپیره بپارێزێ كه باپیره خۆی سه‌رچاوه‌یه‌ك بووه بۆ سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى كێشه و فیتنه‌ى ناو كورد.
كوڕى سه‌رۆك له نۆڤلێته‌كه به "هۆراس" ناسێنراوه، له رووداوه‌كانى ئه‌م نۆڤلێته بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه كوڕى سه‌رۆك كێیه، ئه‌و پێوه‌ندییه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ى چه‌ته‌كان هه‌یه كه سه‌ر به مه‌زه‌وى شیعه‌ن، ئه‌و خاوه‌ن باپیره‌یه‌ك بووه كه خۆى به رۆشنبیر زانیوه و ئه‌رشیڤى دزراوی نووسه‌رانى له‌لایه "به ده‌ستنووسێكى عه‌لى وه‌ردیشه‌وه"، ئه‌و خاك به سه‌ركرده‌ى چه‌ته‌كان ده‌فرۆشێ كه پێشتر ئه‌و سه‌ركرده‌یه "بۆیاخچى" بووه.
پاڵه‌وانى سه‌ره‌كى نۆڤڵێته‌كه كه‌سێكى رۆژنامه‌نووس بووه، ماوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ "كوڕى سه‌رۆك" كارى كردووه، له میانه‌ى كاركردنیشى چه‌ندان نهێنیى كوڕى سه‌رۆكى ده‌ست خستووه، ئێسته ده‌یه‌وێ نهێنییه‌كانى ئاشكرا بكات و كوڕى سه‌رۆكیش ده‌یه‌وێ له‌ناوی ببات.
چه‌ند كاره‌كته‌رێكى تریش له ناو نۆڤڵێته‌كه هه‌ن، له‌وانه ره‌حیمى مه‌ریوانه، ئاغاى فه‌رهادى و كه‌وسه‌رى ره‌حمانزاده، له رێى ئه‌م كاره‌كته‌رانه‌وه نووسراو و رووداوه‌كانى نۆڤڵێته‌كه ده‌هۆنێته‌وه و دواتر ئامانجه‌كه‌ى ده‌پێكێ.
كاتێك له سه‌ره‌وه باسى خه‌ونه‌كانى كوڕى سه‌رۆكمان كرد، له‌میانى رووداوه‌كانه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌ندان خه‌مى تر هه‌ن له‌گه‌ڵ خه‌ونى كوڕى سه‌رۆك ته‌ریب له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌ڕۆن، ئه‌ویش خه‌مه هه‌میشه‌ییه‌كانى كوڕه‌كانى نیشتمانه، ئه‌و حیكایه‌ته وردانه‌ن كه له‌به‌ر دووباره‌بوونه‌وه‌یان به "ورد" ناویان ده‌به‌ین، ئه‌گه‌رنا كاره‌ساتى گه‌وره‌ن.
شێوازى گێڕانه‌وه فره‌ییه، واته ته‌واوى رووداوه‌كانى نۆڤڵێته‌كه له‌لایه‌ن یه‌ك كه‌سه‌وه نایه‌نه گێڕانه‌وه، به‌ڵكو هه‌ر یه‌كێك له كاره‌كته‌ره‌كانى نۆڤڵێته‌كه ده‌رفه‌تێك ده‌دۆزنه‌وه باس له خۆیان بكه‌ن و ئێمه‌یش له رێى قسه‌كانى ئه‌وانه‌وه سایكۆلۆجیایان ده‌ناسین و په‌ى به خه‌ون و بیركردنه‌وه‌یان ده‌به‌ین.
رۆژنامه‌نووسه‌كه خه‌ونى ئه‌وه‌یه له ده‌ست كوڕى سه‌رۆك را بكات، به‌هۆى ئه‌وه‌ى به ئاشكراكردنى نهێنییه‌كان، هه‌ڕه‌شه له پێگه‌ى كوڕى سه‌رۆك ده‌كات، كه‌وسه‌رى ره‌حمانزاده ژنه كوردێكى په‌نابه‌ره و له ده‌ست ئاغاى فه‌رهادى را ده‌كات، ئاغاى فه‌رهادى پیاوێكى حه‌شیشكێشه و پێوه‌ندى نێوان كوڕى سه‌رۆك و مافیاكان رێك ده‌خات بۆ ئه‌وه‌ى رۆژنامه‌نووسه‌كه له‌ناو ببه‌ن.
ئه‌گه‌ر خه‌مه‌كانیش گه‌وره‌تر بێت و هاوشانى رووداوه‌كانى نۆڤلیتى "ئۆكتۆبه‌ر"یش بێت، به‌ڵام نیهاد جامى له‌م نۆڤلێته، ئارامتر و ساده‌تر ده‌نووسێ و هێمنتر رووداوه‌كان ده‌گێڕێته‌وه.