شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆڕسە داخرا و لە كۆی هەفتەكەش نرخی نەوت بە رەنگی سوور داخرا و ئەمەش دووەم هەفتەیە لە ساڵی 2019دا نرخی نەوت دادەبەزێت و لە سەرجەم هەفتەكانی تر نرخی نەوت هەڵكشاوە.
هەفتەی رابردوو نرخی نەوت لە ژێر كاریگەریی رووداوە جیاوازەكان تووشی هەوراز و نشێوێكی زۆر بوو و لە كۆی هەفتەكەدا سەرووی نیو دۆلار لە نرخی نەوت دابەزی.
بەگوێرەی
DAILYFXسەرەتای هەفتەكە بەرمیلی نەوت بە 62 دۆلار و 60 سەنت بوو، بەڵام دواجار بە 62 دۆلار و شەش سەنت داخرا. لە رۆژەكانی هەفتەكەش دا جگە لە دوێنێ هەینی و رۆژی چوارشەم كە نرخی نەوت هەڵكشابوو، لە رۆژەكانی تر دابەزی.
نرخی نەوت لە كاتێكدا دابەزیوە كە ئەمەریكا دەیەوێت لە دژی وڵاتانی ئۆپێك هەندێك رێوشوێنی نوێ بگرێتە بەر و رێیان پێ نەدات بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە. ئەمەریكا خوازیارە تەنیا نەوتی ئێران كەم ببێتەوە و وڵاتانی تر بەرهەمهێنان زیاد بكەن بۆ ئەوەی نرخی نەوت زۆر بەرز نەبێتەوە.