ئێران كۆنترین كۆمپانیاى فڕۆكه‌وانى خۆى ده‌فرۆشێت

 ئاژانسێكى ئێرانى ئاشكراى كرد، ئێران ته‌واوى پشكه‌كانى كۆمپانیاى كارونى فڕۆكه‌وانى به‌زیادكردنى ئاشكرا ده‌فرۆشێت كه‌ به‌ كۆنترین كۆمپانیاى فڕۆكه‌وانى ئێران داده‌نرێت.

 ئه‌مڕۆ ئاژانسى میهرى ئێرانى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، كۆمپانیاى كارون كه‌ كۆنترین كۆمپانیاى فڕۆكه‌وانییه‌ له‌ ئێران، ته‌واوى پشكه‌كانى خۆى ده‌خاته‌ زیادكردنى ئاشكرا و ده‌یفڕۆشێت، له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌ %100 پشكه‌كانى كۆمپانیاكه‌ ده‌فرۆشرێت و ماوه‌ى پێشكه‌شكردنى داواكانیش تا 19ى ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

 ئاژانسه‌ ئێرانییه‌كه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى ئاشكرا نه‌كردووه‌ بۆچى ته‌واوى پشكه‌كانى كۆمپانیاكه‌ ده‌فرۆشرێن.

 به‌ڵام ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى كردووه‌ كۆمپانیاكه‌ كۆنترین كۆمپانیاى ئێرانه‌ له‌ بوار فڕۆكه‌وانى گواستنه‌وه‌ و خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ى بۆ سندووقى خانه‌نیشینى پیشه‌سازى نه‌وتى ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كارگێڕییه‌كه‌یشى له‌ نێوان كه‌رتى گشتى و كه‌رتى تایبه‌ت هاوبه‌شه‌.

 مێژووى دانانى كۆمپانیاكه‌یش بۆ ساڵى 1927 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌م كۆمپانیایه‌ چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كیشى هه‌یه‌ له‌وانه‌ چوار فڕۆكه‌ى جۆرى فۆركه‌ 100 چوار فڕۆكه‌ى جۆرى فۆكه‌ر 50 و فڕۆكه‌یه‌ك له‌ جۆرى بۆینگ 337.

ساڵى رابردوو ئه‌مه‌ریكا به‌ دوو قۆناغ كۆمه‌ڵێك سزاى به‌سه‌ر كه‌رتى ئابوورى و وزه‌ى ئێران سه‌پاند و یه‌كێك له‌ سزاكانیش تایبه‌ت بوو به‌ ئه‌نجامدانى گرێبه‌ست له‌ بوارى فڕۆكه‌وانى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى ئێران، هه‌روه‌ها دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌ڵمانیا بڕیارى دا گه‌شتى فڕۆكه‌كانى كۆمپانیاى ماهان ئایه‌رى ئێرانى قه‌ده‌غه‌ بكات.
 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل


PM:02:06:09/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 82 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌