نیمار وەرزی داهاتوو روو لە خولی ئینگلیزی دەكات

:: PM:01:22:10/02/2019 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان باس لەوە دەكەن كە نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی ماوەیەكی كەمی لە یانەی پاریس سان جێرمان ماوە و وەرزی داهاتووش لە خولی فڕەنسا نامێنێ.

ماڵپەڕی (le10sport)ی فڕەنسی بڵاوی كردەوە: هێرشبەرەكەی یانەی پاریس سان جێرمان بیر لەوە دەكاتەوە بۆ وەرزی داهاتوو لە خولێكی تری ئەوروپا تواناكانی خۆی تاقی بكاتەوە و رەنگە ئەمجارەش خولی نایابی ئینگلیزی بێت.

لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە رەنگە نیمار بۆ وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە ریزی یانەی بەرشەلۆنە، لەلایەكی تریشەوە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە رژی چاودێرێ دەكات بۆ ئەوەی بیباتە ریزی یانەكەیەوە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە نیمار لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بڕیاری كۆتایی دەدات و واز لە یانەی پاریس سان جێرمان دێنێ، یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزیش بە وردی چاودێری دەكات بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بكات.

بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەكە ئامادەیی خۆشی پێشانداوە ئەو بڕە پارەیە بدەن كە یانەی پاریس سان جێرمان بۆ فرۆشتنی نیمار داوای دەكات كە هەمان نرخی كڕینەكەیەتی 222 ملیۆن یۆرۆ.

بۆیە پێشبینی دەكرێ نیمار لە وەرزی داهاتوودا لە خولی نایابی ئینگلیزی و لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد درێژە بە ژیانی وەرزشی بدات.

جێی باسە نیمار لە هاوینی ساڵی 2017 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو وەك گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا لە یانەی بەرشەلۆنە پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م