چۆن كۆنترۆڵی تووڕه‌ییت ده‌كه‌یت؟

 
تووڕه‌یی بریتییه‌ له‌ هه‌ستێكی ئاسایی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ببێته‌ پێشه‌نگ بۆ هه‌ڵچوون و هێرشبردن، هه‌تا ده‌مه‌قاڵێیش، ده‌توانێت ببێته‌ هۆی دروستبوونی كێشه‌ و ناكۆكیی له‌ نێوان خێزان و هاوڕێكانیشتدا.
 
ده‌ست به‌سه‌رداگرتنه‌ی تووڕه‌یی بۆ یارمه‌تیدانت له‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ی گوتنی شتێك یان كردنی شتێك كه‌ لێی په‌شیمان ده‌بیته‌وه‌، زۆر پێویسته‌. تۆ ده‌توانیت كۆمه‌ڵێك ڕێی تایبه‌ت به‌كار بهێنیت بۆ ده‌ست به‌سه‌راگرتنی تووڕه‌ییه‌كه‌ت، پێش ئه‌وه‌ی تووڕه‌یی ده‌ستت به‌سه‌ردا بگرێت، تۆ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگره‌ و كۆنترۆڵی بكه‌.
 
به‌م ڕێیانه‌ خۆت به‌سه‌ر تووڕه‌ییه‌كانت زاڵ بكه‌ و كۆنترۆڵیان بكه‌:
۱ـژماردن: به‌ره‌و خوار یان به‌ره‌و سه‌ر بژمێره‌، ئه‌گه‌ر زۆر تووڕه‌یت، ئه‌وا له‌ ژماره‌ی زۆره‌وه‌ وه‌ ده‌ست پێ بكه‌، چونكه‌ له‌وكاته‌ی كه‌ تۆ ده‌ژمێریت تێكڕای لێدانی دڵت كه‌م ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ببێته‌ هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی تووڕه‌ییه‌كه‌ت. 
 
۲ـ هه‌ناسه‌ی قووڵ هه‌ڵكێشه‌: كاتێك تووڕه‌ ده‌بیت هه‌ناسه‌دانت كورتتر و خێراتر ده‌بێت. ئه‌م ڕه‌وته‌ پێچه‌وانه‌ بكه‌ره‌وه‌ به‌ خاوبوونه‌وه‌ت، له‌ ڕێی لووتته‌وه‌ هه‌ناسه‌ی قووڵ بده‌ و له‌ ڕێی ده‌مته‌وه‌ بۆ چه‌ند ساتێك ده‌ری بده‌وه‌. 
 
۳ـ وشه‌ تایبه‌ته‌كان دووباره‌ بكه‌ره‌وه‌: ئه‌و وشه‌ و بڕگانه‌ بدۆزه‌ره‌وه‌ كه‌ بۆ هێمنبوونه‌وه‌ت یان وریابوونه‌وه‌ت یارمه‌تیده‌رن. بۆ نموونه‌: هێمن به‌، ئاسان وه‌ری بگره‌، تۆ باش ده‌بیت.. هتد.
 
٤ـ  ده‌ربازبوونی هۆش: خه‌وتن له‌ ژوورێكی بێده‌نگ، چاوه‌كانت داخه‌، پشوودانێكی هزریی بێنه‌ به‌رچاو خۆت. سه‌رنجی ورده‌كارییه‌كان به‌ خه‌یاڵێكی ژیرانه‌وه‌ بده‌: ئاو چ ڕه‌نگه‌؟، شاخه‌كان چه‌ند به‌رزن؟، چ ده‌نگێك وه‌ك جریوه‌ی باڵنده‌كانه‌؟. ئه‌م هه‌وڵدانه‌ ده‌توانێت یارمه‌تیت بدات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئارامی له‌ناو تووڕه‌ییدا. 
 
٥ـ قسه‌كردنت ڕاگره‌: كاتێك كه‌ تووڕه‌یت خۆت هه‌ڵده‌خڵه‌تێنیت به‌ ڕێدان به‌ وشه‌ خراپه‌كان كه‌ بفڕن، به‌ڵام ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ زیاتر تووڕه‌ت بكات وه‌ك له‌وه‌ی باشت بكات. وا پیشان بده‌ كه‌ لێوه‌كانت به‌ كه‌تیره‌ داخراون، وه‌ك منداڵێك به‌، ئه‌و ساته‌ی كه‌ قسه‌ ناكه‌یت كاتت ده‌داتێ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی هزرت. 
 
٦ـ  بیر بكه‌ره‌وه‌ لێیان ببووریت: ئه‌و ئازایه‌تییه‌ بدۆزه‌ره‌وه‌ له‌ كه‌سێك ببووریت كه‌ هه‌ڵه‌ بووه‌. ئه‌گه‌ر ناتوانیت بیانبووریت، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ وا پێشان بده‌ كه‌ له‌وان خۆش بوویت. پاشان هه‌ست ده‌كه‌یت كه‌ تووڕه‌ییه‌كت نه‌ماوه‌.
 
۷ـ  نامه‌یه‌ك بنووسه‌: نامه‌یه‌ك یان ئیمه‌یڵێك بنووسه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ تۆی تووڕه‌ كردووه‌، پاشان بیسڕه‌وه‌ و مه‌ینێره‌. زۆركات ده‌ربڕینی هه‌سته‌كانت هه‌موو ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ ده‌ته‌وێت، ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه‌ش نه‌یبینێت. 
 
۸ـ پێكه‌نین: تووڕه‌بوونه‌كه‌ت په‌رش و بڵاو بكه‌وه‌ به‌ گه‌ڕان به‌دوای ڕێیه‌ك بۆ پێكه‌نین، بۆ نموونه‌ یاریكردن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانتدا. 
 
۹ـ له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌ت قسه‌ بكه‌: له‌وشوێنه‌ی كه‌ تۆی تووڕه‌ كردووه‌ بڕۆ. یارمه‌تی خۆت بده‌ به‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی باوه‌ڕ پێكراو و پشت پێ به‌ستراوت، بۆی باس بكه‌ كه‌ چی ڕووی داوه‌.
 
۱٠ـ  له‌ ده‌فته‌ری ڕۆژانه‌كه‌تدا بنووسه‌وه‌: ئه‌وه‌ی كه‌ ناتوانیت بیڵێیت ڕه‌نگه‌ بتوانیت بینووسیت. بنووسه‌ كه‌ هه‌ست به‌ چی ده‌كه‌یت و چۆن وه‌ڵام ده‌ده‌یته‌وه‌. ئه‌مه‌ ده‌توانێت یارمه‌تیت بدات ئارام ببیته‌وه‌. 
 
وه‌رگێڕانی: هه‌ورین حمه‌ئه‌مین ڕۆسته‌م


وشە - ڕێناس شابان


PM:03:32:10/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 347 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌