ئیڤانكا پڕۆژەیەك بۆ 50 ملیۆن ژنان رادەگەیەنێت

:: PM:05:46:10/02/2019 ‌
دوای دوورخستنەوەی لە وەرگرتنی سەرۆكایەتی بانكی نێودەوڵەتی، ئیڤانكا ترەمپ دەستپێشخەرییەك بۆ بەرزكردنەوەی توانای 50 ملیۆن ژن رادەگەیەنێت.

تەنیا چەند رۆژێك بەسەر تێپەڕبوونی دوورخستنەوەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی لەلایەن دۆناڵد ترەمپی باوكی، ئیڤانكا ترەمپ، راوێژكار لە كۆشكی سپی، پڕۆژەی بەرزكردنەوەی توانای 50 ملیۆن ژنی راگەیاند، بەشێك بە گاڵتەجاڕییەوە پێشوازییان لە پڕۆژەكەی كرد.

ئیڤانكا لە گوتارێكیدا كە لە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرنال"ی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بە پڕۆژە دەستپێشخەرییەكەی كردووە، دەڵێ بەگوێرەی پڕۆژەكە ئەوا ئیدارەی كۆشكی سپی پابەند دەكات بە گرنگیدان بە توانای ژنانی لێهاتووی وڵاتانی دنیایی سێیەم كە پێشتر وەها پڕۆژەیەك لە ئیدارەی ئەمەریكی نەبووە.

ئیڤانكا، ئاشكرای دەكات كە بودجەی پڕۆژەكەی 50 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكییە، كۆشكی سپیش لەگەڵ كۆمپانیاكانی پێپسی و یو پی ئێس بۆ پۆستەی خێرا، هاوئاهەنگی كردووە بۆ دابینكردنی بودجەكەی پڕۆژەكە تا ساڵی 2025.

بەڵام رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێكیدا لە زاری شارەزایان و پسپۆڕانەوە دەڵێ، وەها پڕۆژەیەك بۆ 50 ملیۆن ژن لە سەرانسەری دنیا بە 50 ملیۆن دۆلار تەواو نابێت و پێویستی بە بودجەیەكی زەبەلاح هەیە تا بتوانی پشتگیری لە پڕۆژەی ژنانی بەهرەدار و بە توانا بكەیت.

سەرنجی شارەزایان بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست لە كاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆششی زۆری كردووە بۆ كەمكردنەوەی بودجەی ئاژانسی ئەمەریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی "یو ئێس ئاید" كە دابینكەری سەرەكی بودجەی پڕۆژەكەی ئیڤانكا دەبێت.



وشە - فه‌رمان سادق