ئەو بڕە پارەیەی لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ بەشە خۆراكی مانگانە وەك پشكی هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، تریلیۆنێك و نیو دینارە و ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت, پارەكە بەپێی رێژەی دانیشتوانی هەرێم كەمە.
جەمال كۆچەر, ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەم ١٠ی شوبات بە "وشە"ی راگەیاند, لە بودجەی گشتیی عێراق ئەو پارەیەی كە وەك پشكی هەرێمی كوردستان بۆ بەشە خۆراكی مانگانە دیاری كراوە تەنیا لە تریلیۆنێك و ٥٠٠ ملیار دینار دانراوە.
زیاتر گوتی، لە یاساكەدا ئەو پارەیەی كە تەرخان كراوە حیسابی رێژەی 12.67% كراوە, لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ژمارەی دانیشتوان زیادی كردووە و پێویستە حیسابی رێژەی 14%ی بۆ بكرایە، بۆیە ئەو پارەی كە دانراوە بڕێكی كەمە لە چاو ژمارەی دانیشتوانی هەرێم.
كۆچەر دووپاتی كردەوە، هیچ جێگرەوەیەك بۆ ئەوە نییە, كێشەكە ئەوەیە پارەی بەشە خۆراك بۆ هەموو عێراق كەمی كردووە، ئەوەیش وا دەكات بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق ئەو بەشە خۆراكەی كە دەدرێت كەم بێت لە ڕووی ژمارەی مانگەكان واتە هەر ١٢ مانگەكە بەسەر یەكەوە نەبێت.
حكومەتی عێراق وەك بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان، تەنیا رۆن و برنج و شەكر دابەش دەكات، بەڵام بەهۆی كەمی پارەوە هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا دابەش ناكرێت، ئەوە سەرەڕای خراپیی كوالیتی مادە خۆراكییەكان بە تایبەت برنجەكەی.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی