ئاماده‌كردنی سه‌روپێ بۆ خێزانه‌كان قورسه و هه‌ندێك خێزان ئه‌گه‌ر حه‌زیشیان لێی بێت، له‌به‌ر قورسی چاككردن لێی دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه. ئه‌م پێویستییه وای كردووه خه‌ڵكێك خه‌ریكی پیشه‌ی پاككردن و ئاماده‌كردنی سه‌روپێ بن.
له خواردنی سه‌روپێ هه‌ندێك له خه‌ڵك گرنگی به خواردنی سه‌ر ده‌ده‌ن، هه‌ندێك پێیه‌كانی و هه‌ندێكی تریش زمان و ورگهكهی. خه‌ڵكی سلێمانی زیاتر گرنگی به ورگهكهی ده‌ده‌ن بۆ دروستكردنی گیپه. ورگهكه ده‌كرێته سێ یان چوار به‌شی گه‌وره, دواتر برنج و باده‌م و گوێزی تێ ده‌كرێت و وه‌ك گیپه دروستی ده‌كه‌ن.
ڕووخۆش ئه‌حمه‌د ژنێكی ته‌مه‌ن 50 ساڵییه و زیاتر له 20 ساڵه كاری پاككردنی سه‌روپێ ده‌كات. ئه‌و به "وشه"ی گوت، پاككردنی سه‌روپێ قورسه و قورسییهكهشی پێوه‌ندی به ماندووبوون نییه, به‌ڵكو پێوه‌ندی به شێوازی پاككردنهكهیهتی، چونكه زۆر كه‌س هه‌ن نازانن پاكی بكه‌ن، بۆ پاككردنی سه‌روپێ ده‌بێ ته‌نیا پشت به ئاو ببه‌سترێت نه‌ك وه‌ك هه‌ندێك كه‌س كه ده‌رمان به‌كار ده‌هێنن به‌تایبه‌تی بۆ لابردنی مووی قاچ و سه‌ره‌كه‌ی.
به‌گوته‌ی ئه‌و ژنه، هه‌ندێك كه‌س تا ئێسته سه‌ری ئاژه‌ڵه‌كه ناشكێنن، ته‌نیا تۆزێك ده‌ستكاری ده‌كه‌ن، له كاتێكدا له ناو ئه‌و كهللهسهرهدا كرم هه‌یه كه كه‌م كه‌س هه‌یه بتوانێ دهریبێهێنت یان بزانێت له كوێیه، له‌گه‌ڵ گوێكانی كه له ناوه‌وه ژه‌نگه زه‌رده‌كه‌ی تێدایه.
ڕووخۆش ده‌ڵێ، خه‌ڵك هه‌موو وه‌رزێك گرنگی به خواردنی سه‌روپێ ده‌ده‌ن، به‌ڵام زۆرینه زیاتر له وه‌رزی زستان حه‌ز له خواردنی سه‌روپێ ده‌كه‌ن. یه‌كێك كه گرنگی به خواردنی سه‌روپێ بدات، ئه‌وه ده‌زانێ كه سه‌روپێ خواردنێكی گه‌رمه، واته زۆر به گه‌رمی ده‌خورێ و ئه‌و گه‌رمییه‌ش وا ده‌كات له زستان و له كاتی باران و به‌فردا زۆر تایبه‌ت بێ، هاووڵاتییان له ناو خۆیاندا میوانداریی پێ ده‌كه‌ن و له به‌یانیاندا ده‌یخۆن.
سه‌روپێ جگه له‌وه‌ی خواردنێكی به‌تامه، بۆ ته‌ندروستی زۆر گرنگه و ئێسكه‌كان به‌هێز و لینجیان زیاتر ده‌كات، بۆیه له كۆنه‌وه كاتێك كه‌سێك ئێسكی شكابێت، ده‌ستبه‌جێ سه‌روپێیان بۆ ئاماده كردووه.
قورسیی دروستكردنی سه‌روپێ وایكردووه له بازاڕه‌كانی كوردستان ئه‌م خواردنه په‌ره‌ی پێ بدرێت و به نرخێكی گونجاو پێشكه‌ش به میوانان بكرێت.
هه‌ندێك كه‌س بێ ئه‌وه‌ی بیكوڵێنن، ته‌نیا سهروپێیهكه خاوێن ده‌كه‌نه‌وه و ده‌یفرۆشن و ئه‌ركه قورسه‌كه‌یان له‌سه‌ر شانی هاووڵاتییان سووك كردووه. نرخی سهروپێیهكیش به پاككراوی له نێوان 15 بۆ 25 هه‌زار دیناره و كێشیان به پاككراوی له نێوان سێ بۆ چوار كیلۆ ده‌بێت، هه‌ندێكیش با ئاماده‌كراوی ده‌یفرۆشن كه نرخه‌كه‌ی 35 هه‌زار دیناره.
شۆخان محه‌مه‌د دانیشتووی سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌وان خۆیان سه‌روپێ پاك ناكه‌ن, به‌ڵام به‌كارهێنه‌ر و كڕیارێكی به‌رده‌وامی سهروپێن، لای ئه‌وان سه‌روپێ خواردنێكی تایبه‌ته، وه‌ك چۆن له جه‌ژنه‌كاندا خواردنی قه‌یسی و خواردنی تر گرنگ و تایبه‌ته، سهروپێیش به‌هه‌مانشێوه‌ی ئه‌وان تایبه‌ته و زیاتر له كاتی كۆبوونه‌وه‌ی خێزانه‌كان بۆ خواردن ئاماده‌ی ده‌كه‌ن.
شۆخان باس له شێوازی لێنانی سه‌روپێ ده‌كات و ده‌ڵێت، "ئێمه به یه‌كجار دوو بۆ سێ سه‌روپێ لێ ده‌نێین و كاتێك خێزان كۆ ده‌بێته‌وه، هه‌رچی ورگهكه هه‌یه ده‌یكه‌ین به چه‌ند گیپهیهك و ناوه‌كه‌ی پڕ ده‌كه‌ین له برنج و گوێز و باده‌م و كشمیش، هه‌ندێ جار قیمه و دواتر به ده‌زوو دهیدوورینهوه و له‌گه‌ڵ سه‌ر و قاچه‌كه ده‌خرێته ناوی تا ئاماده ده‌بێت."
له كۆنه‌وه سه‌روپێ به هه‌مان شێواز ئاماده ده‌كرێت, ئه‌وه‌ی گۆڕانكاری به‌سه‌ر هاتبێ ته‌نیا بهكارهێنهرانن. محه‌مه‌د حاجی عوسمان كه له منداڵییه‌وه له‌گه‌ڵ باوكی سه‌روپێی فرۆشتووه و له‌گه‌ڵ براكه‌ی له ساڵی 1998ه‌وه له به‌رده‌م بهلهدییهكهی شه‌قامی مه‌وله‌وی شاری سلێمانی دووكانی سه‌روپێیان داناوه، ئه‌و ده‌ڵێ دوای سه‌عات 10ی شه‌و، سهروپێكهی ئاماده ده‌بێت و هاووڵاتییان دێنه شوێنه‌كه و سه‌روپێ ده‌خۆن، هه‌ندێك جار تا چواری به‌یانی خواردن پێشكه‌ش به میوانان ده‌كه‌ن. زیاتر ده‌ڵێ "ئه‌و به‌شه‌ی كه زۆرترین خواستی له‌سه‌ره گۆشتاوهكهیه، سه‌روپێش زیاتر به كاتی سه‌رما و باران خه‌ڵك حه‌زی لێ ده‌كات."
وشه/ سلێمانی- هۆشیار عه‌لی