چێڵسی لە بڕیاری دەكردنی ساری نزیك بۆتەوە

:: AM:11:28:11/02/2019 ‌

كارگێڕی یانەی چێڵسی نزیك بۆتەوە لەوەی بڕیاری دەكردنی راهێنەرە ئیتاڵییەكەی ماوریسیۆ ساری دەربكات بەهۆی شكستە گەورەكەیان لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی.

دوێنێ یەكشەم یانەی چێڵسی تووشی شكستێكی گەورە بووەوە كاتێك لە گەڕی 26ی خولی نایابی ئینگلیزیدا لەنێو یاریگەی ئیتیحاد بە 6 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی دۆڕا.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: ساری بەهۆی ئەم شكستە مێژوویی و گەورەیەوە لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی دەردەكرێ، بەتایبەت كە ئەم شكستە گەورەترین شكستە تووشی یانەكە بێت لە ماوەی 28 ساڵی رابردوودا.

یانەی چێڵسی چەند رۆژێك پێش ئێستاش تووشی شكستێكی گەورەی تر ببووەوە كاتێك بە 4 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی بۆرنمۆت دۆڕا بوو، هەروەها یانەكە لە چوار یاریی رابردوودا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی نەیتوانیوە هیچ گۆڵێك تۆمار بكات.

هاندەرانی یانەی چێڵسی بەهۆی ئەم شكستە گەورەیە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بەشێوەیەكی بەربڵاو ناڕەزایی خۆیان دەربڕی و داوایان كرد پەلە لە دەركردنی بڕیاری دوورخستنەوەی ساری بدرێ.

جێی باسە پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەكەدا قسەی خۆی لەسەر ئەگەری دەركردنی ساری كردبوو و دواشی لە بەرپرسانی یانەی چێڵسی كردبوو ئارامبگرن و زوو بڕیاری دەركردنی راهێنەرەكەیان نەدەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م