پەرلەمانتارێك گەندەڵییەكانی فرۆشتن و دزینی نەوتی گەیارە ئاشكرا دەكات

:: PM:12:56:11/02/2019 ‌
ئەحمەد جبووری ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاشكرای دەكات كە كۆمپانیایەكی بیانی لە هەر بەرمیلێك نەوتی كێلگەی گەیارە، پێنج دۆلار دەدزێت.

جبووری لە تویتەری تایبەتی خۆی لە تویتێكدا كە ئەمڕۆ دووشەم 11ی شوبات/ فێبرایەر پۆستی كردووە، دەڵێ كۆمپانیای سەنگوڵی ئەنگۆلی بۆ نەوت كە گرێبەستی لەگەڵ حكوومەتی عێراقی كردووە بۆ هەڵكەندنی بیری نوێی نەوت لە كێڵگەی نەوتی گەیارە لە باشووری مووسڵ، بەرانبەر بەوە پێنج دۆلار لە هەر بەرمیلێك نەوتی پێ دەدرێت.

گوتی "بەپێی بەدواداچوونمان، ئەو كۆمپانیایە هیچ بیرێكی نەوتی نوێی هەڵنەكەندووە، كەچی پێنج دۆلار لە هەر بەرمیلە نەوتێكی پێ دەدرێت، ئەمەش دزییەكی روون و ئاشكرایە كۆمپانیایەكە ئەنجامی دەدات". زیاتر گوتی "كۆمپانیای نەوتی باكور لەم پرسەدا كەمتەرخەمە، پێویستە سامر غەزبان وەزیری نەوت هەڵوێستی هەبێت لەسەر ئەوەی لە گەیارە روو دەدات".

تویتەكەی جبووری لە كاتێكدایە پێشتر لە تویتێكدا بڵاوی كردەوە كە لایەنێكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی رۆژانە 100 تانكەر نەوتی گەیارە دەدزن.

جبووری ئاماژەی بەوەش كردووە كە سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی بەدواداچوونی كردووە لەسەر دزینی نەوتی بیرە نەوتییەكانی گەیارە.

بیرە نەوتییەكانی گەیارە كە 72 بیرە نەوتن، دەكەونە باشووری مووسڵ و تەنیا زێی گەورە لەگەڵ مەخموور جیایان دەكاتەوە، لە 2014ەوە دوای كەوتنی مووسڵ، كەوتە دەست داعش و یەكێك بووە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی داهاتی داعش، پاش رزگاركردنی ئەو شارۆكەیە لەلایەن سوپای عێراق، داعش بەشێك لە بیرە نەوتییەكانی گەیارەی ئاگر تێبەردان و ماوەی چەندان رۆژی خایاند تا ئاگرەكە كوژێنرایەوە.



وشە - فه‌رمان سادق