ئاگر لە كەمپێكی ئاوارەكان كەوتەوە و قوربانی هەیە

:: PM:03:23:11/02/2019 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 11ی شوبات/ فێبرایەر، لە كەمپی خازر و حەسەن شام، ئاگر لە خێوەتێك بەربوو بەهۆیەوە هاووڵاتییەك گیانی لە دەست دا، بەڕێوبەری كەمپەكەیش دەڵێ، جگە لەمە كەسێكی تریش بەهۆی جەڵتەی دڵ گیانی لە دەست داوە.
 
رەشید سفتی بەڕێوەبەری كەمپی حەسەن شام، رای گەیاند بە هۆی دوو حالەتی جیاواز ئەمڕۆ دووشەم دوو كەس لە كەمپ گیانیان لە دەستداوە.

زیاتر گوتی "بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەم، ئاگر لە یەكێك لە خێوەتەكان بەربوو، بەهۆیەوە گەنجێك كە تەمەنی سەرووی 20 ساڵ دەبوو، سووتا، ئەگەرچی دەستبەجێ گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێر، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكانی و زۆری رێژەی سووتانەكەی گیانی لە دەست دا".
 
سفتی روونی كردەوە بەهۆی ئەوەی حكوومەتی عێراق نەوتی بەسەر ئاوارەكان دابەش نەكردووە، ئەمەش وایكردووە پەنا ببەنەبەر هۆی تر بۆ خۆ گەرم كردنەوە لە سەرمای زستان. گوتی "ئەو كەسەی بەهۆی ئاگر كەوتنەوە گیانی لە دەستدا كە نەخۆشی پەركەمی هەبووە، كاتێك ویستوویەتی هەڵسێتە سەر پێ، نەخۆشییەكە گرتوویەتی و كەوتووە بەسەر ئەو ئاگرەی لەناو خێوەتەكە هەڵكرا بوو بۆ خۆ گەرم كردنەوە، بەمەیش ئاگرەكە بڵاوەی كردووە و تەواوی خێوەتەكەی گرتەوە و خێزان و مناڵەكانی لە خێوەتەكە رایان كردووەتە دەرەوە، نەتوانراوە كەسەكە زوو رزگار بكرێت بەهۆی گەورە بوونی ئاگرەكە". ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەو كەسەی گیانی لە دەستداوە باوكی دوو مناڵە و هاوسەرەكەشی سكی هەیە نزیكە لەوەی منداڵی سێیەمی ببێت.

ئەگەرچی لەناو كەمپی حەسەن شام بنكەی تەندروستی هەیە كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی مووسڵە، بەڵام بەڕێوەبەری كەمپەكە دەڵێ، بنكەكە ئەمبوڵانسی گواستنەوەی نەخۆشی نییە، ئەگەرچی زۆرێك لە بەرپرسانیش سەردانی كەمپەكە دەكەن بەڵام پێویستییەكانی ئاوارەكانیان وەك پێویست دابین نەكردووە، گوتی "رێكخراوی بارزانی دوو ئەمبوڵانسی گواستنەوەی نەخۆشی تەرخان كردووە كە بە شەو و رۆژ لە خزمەت نەخۆشەكانن لە كەمپی حەسەن شام و خازر".

بەڕێوەبەری كەمپی حەسەن شام، لە بارەی گیان لە دەستدانی كەسی دووەمیش، ئاماژەی بەوەدا ئەو پیاوێكی بە تەمەن بوو، جەڵتەی دڵ لێیداوە و بەهۆیەوە گیانی لە دەست دا.

كەمپی حەسەن شام، دەكەوێتە رۆژهەڵاتی مووسڵ لە رێگەی شارۆكەی خەبات لەوبەر زێی گەورەیە نزیك لە شارەدێی خازر، لەسەر رێگەی سەرەكی هەولێر- مووسڵ، زیاتر لە 10 هەزار خێزانی ئاوارەی مووسڵاوی تێیدا نیشتەجێبوون و رۆژانە بەشێكیان دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان لە مووسڵ و بەشێكی تریش دووبارە ئاوارە دەبن و لەو كەمپە نیشتەجێ دەكرێن.



وشە - فه‌رمان سادق