یەكێتی هەوڵی دوورخستنەوە تاڵەبانی دەدات

:: PM:09:01:11/02/2019 ‌
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رەوشی ئیداری كەركووك ڕای گەیاند، هەوڵێك هەیە بۆ دوورخستنەوەی رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی 18ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنەكە لە هەولێر نەكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 11ی شوبات، كەناڵی كوردستان24 لەزاری سەرچاوەیەك بڵاوی كردووەتەوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پشت ئەو هەوڵانەوەیە كە ڕێبوار تاڵەبانی لە پۆستەكەی لا بدرێ‌.

لێدوانی ئەو سەرچاوەیە، دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ جەمال مەولوود باپیر، سەرۆكی لیژنەی خەرجیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، نووسراوێكی بەرز كردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، دەستەی باڵای هاوئاهەنگی نێوان پارێزگاكان و تێیدا داوای كردووە، رێپێدانی پێ بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت كاروباری دارایی و ئیداری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك راییبكات، تا ئەو كاتەی چارەنووسی دۆسیەی رێبوار تاڵەبانی لە دادگا پلەی كۆتایی وەردەگرێت.

لە نووسراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، كە لەسەر بڕیاری دادگای كەتنی كەركووك، لە 26/12/2018، بڕیاری شەش مانگ بەندكردن بە غیابی و شیاوی تەمییز كردنەوەی دژ بە رێبوار تاڵەبانی دەركردووە و بەو هۆیەوە تەواوی كاروبارە ئیدارییەكان و مامەڵەی هاووڵاتییان و فەرمانبەران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئەنجوومەنەكان پەكی كەوتووە.

بەرزكردنەوەی ئەو نووسراوە، لە كاتێكدایە، پارتی و یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی رۆژی 18ی ئەم مانگە لە یەك كاتدا كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە شاری هەولێر بەڕێوە بچێت و هاوكات كۆبوونەوەی پەرلەمانیش ئەنجام بدرێت بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم