له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌می زاینی و له سه‌رده‌می ڕه‌وتی ڕووناكبیری فڕه‌نسا و ده‌ركه‌وتنی فه‌یله‌سووفانی وه‌ك ڤۆلتێر و رۆسۆ و دیدرۆ كه بوونه هه‌وێنی شۆڕش و گۆڕینی بۆچوون و ڕوانینی خه‌ڵك و خستنه‌ڕووی چه‌ندان كتێب و به‌رهه‌می فه‌لسه‌فی گرنگ له‌باره‌ی ژیان و ئازادی و ڕه‌وشت و شۆڕش و مافه‌كان، هه‌ریه‌ك له ڤۆلتێر و ڕۆسۆ له دنیا ناوبانگێكی گه‌وره‌یان هه‌یه، به‌ڵام دیدرۆ هاوشێوه‌ی ئه‌وان ناوبانگی نییه، هه‌رچه‌نده وه‌ك ئه‌وان یه‌كێكه له كۆڵه‌گه‌كانی ڕه‌وتی ڕووناكبیری فڕه‌نسا.
هه‌ریه‌ك له ڤۆلتێر و ڕۆسۆ دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕش و جێگیربوونی حوكمی فڕه‌نسا گۆڕه‌كانیان بۆ گۆڕستانی ناودار و مه‌زنه‌كان گوازرایه‌وه، به‌ڵام دیدرۆ تا ساڵی 1913 ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی پێ نه‌درا، دوای ئه‌وه‌ی بڕیاریشی له‌سه‌ر درا، به‌ڵام كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی فڕه‌نسا ڕه‌تی كرده‌وه و تا ئێسته ئه‌و مافه‌ی پێ نه‌به‌خشراوه.
دیدرۆ كێیه؟
دینیس دیدرۆ له ناوچه‌ی لانگری له هه‌رێمی شامپان له 1713 له‌دایكبووه، خانه‌واده‌كه‌ی پلانی ئه‌وه‌یان بۆ دانابوو كه له شوێنی مامی ببێته پیاوی كڵێسا و به‌رده‌وامی به پیشه دێرینه‌كه‌یان بده‌ن كه خزمه‌تی كڵێسا بوو، بۆیه له ته‌مه‌نی 10 ساڵییه‌وه ڕه‌وانه‌ی كڵێسا كرا و دواتر ده‌ستی به خوێندن كرد و پاش ته‌واوبوونی خوێندن له 1741 ویستیان به فه‌رمی بیخه‌نه خزمه‌تی كڵێساوه، به‌ڵام ڕه‌تی كرده‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ خزمه‌تكارێكی جلشۆردی ماڵه‌وه‌یان به ناوی ئه‌نتوانیت شامپیۆن هه‌بوو، باوكی حاشای لێ كرد، بۆیه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئه‌نتوانیت كرد و له 1743 به‌ره‌و پاریس ڕۆیشت.
سه‌ره‌تا بۆ ده‌سكه‌وتنی بژێوی ژیانی، پیشه‌ی وه‌رگێڕی زمانی ئینگلیزی ده‌كرد، ئه‌و كه‌سێكی زۆر ڕاستگۆ و وه‌فادار نه‌بووه به‌رانبه‌ر به هاوسه‌ره‌كه‌ی، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌دام دو بۆزیوه و سۆفیا فولان زۆر پته‌وتر بووه، به‌هۆی گفتوگۆی هزری و فه‌لسه‌فی زۆر له نێوان دیدرۆ و ئه‌و دوو ئافره‌ته.
دیدرۆ دواتر به ڕه‌خنه‌گرێكی گه‌وره‌ی هونه‌ری ناوی ده‌ركرد و یه‌كێك بوو له نووسه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی ئینسایكلۆپیدیای فڕه‌نسا كه ئه‌وكاته بڕیاری نووسینی درا، به‌ڵام هه‌میشه له ڕووی سیاسییه‌وه نیگه‌ران بوو له‌و دۆخه‌ی كه وڵاته‌كه‌ی پێیدا تێده‌په‌ڕی. چونكه دواتر ئه‌و ئینسایكلۆپیدیایه‌ی نووسیان به نرخێكی زۆر هه‌رزان خرایه بازاڕه‌وه و دواتریش قه‌ده‌غه‌كرا، تا دواجار نووسه‌رانی له سویسڕا به فه‌رمی چاپ و بڵاویان كرده‌وه و له 1776یش بڵاوكه‌ری سه‌ره‌كی كتێبه‌كه له فره‌نسا خرایه گرتووخانه‌ی باستێله‌وه.
دواتر ماوه‌یه‌ك دیدرۆ له گرتووخانه‌ی فینسین گیرا و پاشان كتێبی "چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ مارشاڵ"ی نووسی، كه به وردی باسی له ئاین و باوه‌ڕدار و كه‌سانی بێباوه‌ڕ ده‌كرد و ده‌یه‌ویست هه‌مووان بگه‌یه‌نێته ئه‌و بڕوایه‌ی كه له بنه‌ڕه‌تدا كه‌سانی باوه‌ڕدار و بێباوه‌ڕ هه‌ر مرۆڤن و ناكرێ یه‌كتر له‌سه‌ر باوه‌ڕه‌كان بكوژین.
دیدرۆ سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامی له نووسینه‌كانی و خه‌باتی بۆ ئازادی و ڕزگاری قسه و نووسین، له ڕووی داراییه‌وه دۆخی زۆر خراپ بوو، بۆیه له 1765 ناچاربوو كتێبخانه‌كه‌ی به به كاترینی شاژنی ئیمپراتۆری رووسیا به‌رانبه‌ر به بڕێك پاره و مووچه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی بفرۆشێته‌وه، كه ته‌واوی ته‌مه‌نی سوودی له‌و پاره‌یه وه‌رده‌گرت و شاژنی ئیمپراتۆری ڕووسیایش به‌هۆی ئه‌وه‌ی زۆر به فه‌لسه‌فه و بیركردنه‌وه‌كانی سه‌رسام بوو كۆمه‌كی ته‌واوی بۆ ده‌نارد. له ساڵی 1773 و 1774 فڕه‌نسای به‌جێهێشت و چووه هۆڵه‌ندا و دواتریش گه‌شتی سانپترسبۆرگی كرد، دیدرۆ كه‌سێكی نزیكی رۆسۆ بووه و ماوه‌ی 15 ساڵ له نزیكی یه‌كتر كاریان كردووه، دواتر ڕۆسۆ له‌گه‌ڵی كردوویه‌تی به شه‌ڕ و له‌یه‌كتر دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه.
ئه‌و رووناكبیره فڕه‌نسییه دواتر بووه سه‌رپه‌رشتیاری گه‌نجینه‌ی دارایی، مووچه‌یه‌كی زۆرباشی پێ ده‌درا، به‌وهۆیه‌وه ژیانی به‌یه‌كجاری بووژایه‌وه و زیاتر له رۆسۆ و ڤۆلتێر ژیا، له 1784 به مردنێكی ئاسایی ماڵئاوایی له ژیان كرد و یه‌ك كچی له دوایخ ۆی جێهێشت به ناوی "ماری ئه‌نجلیك" كه هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كه‌سێك به ناوی ڤاندال كرد و پاشان زاواكه‌ی سه‌رجه‌م نووسین و به‌رهه‌مه‌كانی كۆكرده‌وه و له 1796 چاپ و بڵاوكرانه‌وه.
نووسین و به‌رهه‌مه‌كانی
دیدرۆ تا له ژیان دا بوو نه‌یتوانی كتێبه‌كانی خۆی ببینێ كه بێ كێشه بڵاو ببنه‌وه، یان ئه‌گه‌ر كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و چاودێریش نه‌بێ، سه‌رمایه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌بووه تا كتێبه‌كانی بۆ زۆرترین شوێن بڵاو بكاته‌وه، به‌ڵكوو زۆرجار كتێبه‌كانی بۆ هاوڕێكانی ده‌خوێنده‌وه و وه‌ك ده‌ستنووس زۆربه‌ی كتێبه‌كانی به‌جێهێشت و دواتر چاپ و بڵاوكرانه‌وه.
هۆكاری ئه‌م گرفته بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه، كه فه‌لسه‌فه و هزر و بیرۆكه‌كانی دیدرۆ بۆ ئه‌و سه‌رده‌م زۆر نه‌گونجاو بوون، چونكه باسی له بێ‌بڕوایی و دووركه‌وتنه‌وه له پاشكۆیه‌تی كڵێسا ده‌كرد، بۆچوون و بیركردنه‌وه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره بوون به‌سه‌ر كڵێسا و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، بۆیه هه‌ر له ماڵه‌وه بۆ دۆسته تایبه‌ته‌كانی ده‌یخوێندنه‌وه و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كردن، به‌شێكی گه‌وره‌ی بۆچوونه‌كانیشی له چوارچێوه‌ی كتێبی گفتوگۆكان دواتر بڵاوكرانه‌وه كه له ئه‌ڵقه گفتوگۆكانی نێوان خۆی و دۆسته بیریاره‌كانی تری تۆماركراون و نووسراونه‌ته‌وه.
دیدرۆ به توێژه‌ره‌كی تینوو به دوای ته‌واوی ڕه‌ها "كه‌ماڵ" داده‌نرێ، بۆیه خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی دیدرۆ خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورده‌ی ئه‌و سه‌رده‌می فڕه‌نسا و كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییه بۆ گه‌یشتن به دۆخێك كه ئیتر مرۆڤ ئازاد بێ و ئازادبوونیش وه‌ك به‌شێك له كه‌ماڵبوون دانراوه و كڵێسا و ده‌وڵه‌ت له هه‌موو ده‌ستوه‌ردانێك له ژیانی تاك دوور بكه‌وێته‌وه.
جیا له به‌رهه‌م و كتێبه‌كانی دیدرۆ كۆمه‌ڵێك گفتوگۆی چڕ و دوور و درێژی هاوبه‌شی هه‌یه، كه گرنگترینیان به ناوی گه‌شتی بۆینڤیله كه فه‌لسه‌فه و هزری دیدرۆ له‌م گفتوگۆیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، كه باس له ژیان به‌شێوه‌ی سروشتی و گه‌ڕانه‌وه بۆ مرۆڤبوون و دووركه‌وتنه‌وه له دابه‌شكاری چینایه‌تی و خانه‌دانی و میرایه‌تی ده‌كات، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه له‌و گفتوگۆ هاوبه‌شه‌دا ناوی به‌شدارانی گفتوگۆكه نه‌نووسراوه و نازانرێ كێن، ته‌نیا به پیتی A , B ناویان هاتووه كه B دیدرۆ خۆیه‌تی و ئه‌وه‌ی تر نازانرێ كێیه.
دیدرۆ به یه‌كێك له‌و فه‌یله‌سووفه ده‌گمه‌نانه داده‌نرێ كه ویست و خواستی ڕه‌های بۆ دانایی و حه‌ق هه‌بووه، حه‌زی له ڕاستی و خودبوونی مرۆڤ بووه، بۆچوونه‌كانی خۆیشی بۆ ڕاستی ڕه‌ها ناونه‌بردووه، به‌ڵكوو به بیركردنه‌وه‌ی خۆی زانیوه و ڕێی داوه كه بیریار و توێژه‌رانیش لێكدانه‌وه و شرۆڤه‌ی بكه‌ن و ده‌وڵه‌مه‌ندی بكه‌ن.