تیریزا مای ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌

زۆرینه‌ی وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی به‌ریتانیا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی وڵات تیریزا مای له‌ هاوینی ئه‌مساڵ ده‌ست له‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت ده‌كێشێته‌وه‌ و دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌.

ڕۆژنامه‌ی "The Sun"ی به‌ریتانی بڵاوی كرده‌وه‌، وه‌زیره‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ له‌ دوای تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی خواست و ویسته‌ كه‌سییه‌كانی مای كه‌ له‌میانه‌ی گفتوگۆكان دا بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌.

لیام فۆكس وه‌زیری بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ ڕۆژنامه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌، مای دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م هاوینه‌ خانه‌نشین ده‌بێت، هه‌موو قسه‌كانیشی به‌و ئاراسته‌یه‌ن، به‌ڵام چاوه‌ڕێ ده‌كات كه‌سێكی گونجاو بۆ شوێنی خۆی بدۆزێته‌وه‌، چونكه‌ خۆی مافی ده‌نگدان و متمانه‌پێدانی نابێ له‌كاتی ده‌ستكێشانه‌وه‌ و دیارییكردنی كه‌سێكی تر بۆ شوێنه‌كه‌ی.

هاوكات وه‌زیری كاروباری كاری به‌ریتانیا گریگ كلارك گوتی، گومانمان نه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ مای له‌مساڵ ده‌ست له‌ كار ده‌كێشێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو وه‌زیره‌كان ڕوون بووه‌ته‌وه‌ و به‌ ئاسانی له‌ قسه‌كانی به‌دی ده‌كرێت.

تیریزا مای دوای وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی به‌ریتانیا گه‌وره‌ترین دۆسیه‌ی به‌رده‌می برێكزت و جیابوونه‌وه‌ بوو له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا، به‌ڵام تا ئێسته‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ یه‌كلایی بكاته‌وه‌ و كێشه‌ و گرفتی گه‌وره‌ی بۆ دروست بووه‌. سه‌رچاوه‌كانیش پێشبینی ده‌كه‌ن، كه‌ بۆریس جۆنسۆنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی به‌ریتانیا بگاته‌ هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵات و ببێته‌ سه‌رۆكی نوێی حكوومه‌تی وڵات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:08:45:12/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 85 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌