پارتی سەردانی دوو حزب دەكات

:: AM:08:46:12/02/2019 ‌
بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی و حزبی سۆسیالیست بكات و كۆببنەوە و گفتوگۆی سیاسی و ئاستی پێوەندییە سیاسییەكانیان و یەكڕیزی ناوخۆ بخەنە گفتوگۆ.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی شوبات، بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" بڕیارە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان كۆ ببێتەوە.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەی‌ مەكتەبی سیاسیی پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و ئەنجوومەنی‌ سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان و پێوەندییەكانی‌ هەرێم لەگەڵ حكوومەتی‌ ناوەند و گرنگی یەكڕیزی ناوخۆیی بۆ دەستەبەركردنی‌ مافەكانی‌ كورد گفتوكۆ دەكەن.

تاوتوێی هەوڵدانی‌ هەمەلایەنە بۆ باشتركردنی‌ گوزەرانی‌ خەڵك ‌و وەلانانی‌ ناكۆكی سیاسی لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بەشێك دەبێت لە كۆبوونەوەكە.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندەكەی پارتی لە شاری هەولێر سەردانی حزبی سۆسیالیستی كوردستانیش بكات.

هەفتەی ڕابردوو شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی سەردانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانی كرد و لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ كۆبوونەوە بۆ گفتوگۆ سیاسییەكان و پەرەپێدانی پێوەندییەكانیان.

پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی فراوان سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكات دوای سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی 30ـی ئەیلوول بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت كە زۆرترین كورسی پەرلەمانی هەیە.



وشە - رامیار جەواد