خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.. ئەمشەو رۆما مێوانداری پۆرتۆ دەكات

:: AM:08:57:12/02/2019 ‌

ئەمڕۆ سێشەم بە ئەنجامدانی دوو یاریی گرینگ ركابەرییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەست پێ دەكات كە یەكێكیان لەنێوان رۆمای ئیتاڵی و پۆرتۆی پورتوگالی دەبێت.

یانەی رۆما سەعات 11ی شەو لە یاریی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی ئۆڵەمپیكۆ لە پایەتەختی ئیتاڵیا مێوانداریی یانەی پۆرتۆ دەكات.

یانەی پۆرتۆ بە یەكەمی كۆمەڵەی چوارەم و بە كۆكردنەوەی 16 خاڵ گەیشتبووە قۆناغی 16ی پاڵەوانیەتییەكە، بەڵام یانەی رۆما بە دووەمی كۆمەڵەی حەوتەم بە 9 خاڵ سەركەوتبوو.

یانەی رۆما ئامانجی ئەوەیە لە یارییەكەی ئەمشەویدا سەركەوتن بە دەستبێنێ بەتایبەت كە یارییەكە لەنێو یاریگەی و لەبەردەم هاندەرانیدا بەڕێوە دەچێت بۆ ئەوەی هیوایەك بۆ گەیشتن بە قۆناغی 8 بەدەستبێنێ بەر لەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا لەنێو یاگەری دراگاو ببێتە مێوانی یانەی پۆرتۆ كە بڕیارە لە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو بەڕێوە بچێت.

بەڵام یانەی رۆما لە وەرزی ئەمساڵدا كێشەی نا جێگری لە ئەنجامی یارییەكان هەیە بەتایبەتیش دوای شكستە مێژووییەكەیان بەرامبەر یانەی فیۆرنتینا لە ركابەرییەكانی جامی ئیتاڵیا بە ئەنجامی 7-1 گۆڵ كە چەند رۆژێك پێش ئێستا بەڕێوە چووبوو.

جگە لەوەش یانەی رۆما لە یارییەكەی ئەمشەویدا یاریی بە ئەستێرە توركەكەی سەنجیزی ئۆندەی ناكات بەهۆی تووشبوونی بە پێكانەوە، لە ریزی یانەی پۆرتۆش یەكێك لە باشترین یاریزانەكان یاری ناكەن ئەویش مووسا ماریگایە كە لە قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا توانیبووی 5 گۆڵ تۆمار بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م