لە كاتی دەركردنی ساری كێ دەبێتە راهێنەری چێڵسی؟

:: AM:09:16:12/02/2019 ‌

رۆژنامەیەكی ئینگلیزی پلانی یانەی چێڵسی ئاشكرای كرد لە كاتێكدا ئەگەر بڕیاری دەركردنی راهێنەرەكەی ماوریسیۆ ساری ئیتاڵی دەركرد.

یانەی چێڵسی پێرێ یەكشەم تووشی شكستێكی گەورە و مێژوویی بووەوە كاتێك لە گەڕی 26ی خولی نایابی ئینگلیزیدا بە 6 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی دۆڕا.

رۆژنامە ئینگلیزییەكان دوێنێ دووشەم بڵاویان كردبووەوە كە رەنگە سەرۆكایەتی یانەی چێڵسی بڕیاری دەركردنی ساری لە چەند رۆژی داهاتوودا رابگەیەنێ.

لەمبارەیەوە رۆژنامەی (میترۆ) ئاشكرای كرد: كارگێڕی یانەی چێڵسی پلانێكی دیاریكراویان داناوە لە كاتێكدا ئەگەر بڕیاری دوورخستنەوەی ساری رابگەیەنن.

پلانەكەش برێتییە لەوەی كە یانەكە گرێبەست لەگەڵ هیچ راهێنەرێكی تر ناكات، بەڵكو ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەی دەبەخشێ بە یاریدەرەكەی ساری ئەویش جیانفڕانكۆ زۆلای ئیتاڵییە.

واتە زۆلا بەشێوەی كاتی تا كۆتایی ئەم وەرزە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی لە ئەستۆ دەگرێ، دوای ئەویش لە هاوینی داهاتوودا یانەكە بیر لە دانانی راهێنەرێكی نوێ دەكاتەوە.

جێی باسە یانەی چێڵسی بەهۆی ئەم شكستەوە ژمارەی خاڵەكانی لە 50 راوەستا و بۆ ریزبەندی شەشەمی یانەكانی خولی نایابی ئینگلیزی دابەزی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م