سه‌رۆكی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 له كه‌ركووك ئاشكرای ده‌كات كه كێشه‌كه‌ی كه‌ركووك عه‌ره‌بی هاورده نییه، چونكه ئه‌وان قه‌ره‌بوویان وه‌رگرتووه و ده‌ستیان له زه‌وییه‌كان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام عه‌ره‌بی ده‌وروبه‌ری كه‌ركووكن كه ئه‌جیندایه‌ك له پشتیانه‌وه‌یه و به‌شێكیان قهرهبوویش كراونه‌ته‌وه، كه‌چی ده‌یانه‌وێ كه‌ركووك به‌ره‌و پشێوی ببه‌ن.
كێشه‌ی زه‌وییه‌كانی كه‌ركووك بۆ سه‌رده‌مانی نێوان 1968-2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له دوای رووخانی به‌عس، تا ئێسته یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه و یهكلاكردنهوهیشی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 وه‌ستاوه، به‌ڵام دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 پێگه‌ی كورد له كه‌ركووك لاواز بوو، پارێزگاره عه‌ره‌به‌كه رێنوێنی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده بۆ نۆ گوندی داقووق ده‌ركرد و كوردیش ره‌تی ده‌كاته‌وه.
كاكه‌ڕه‌ش سدیق سه‌رۆكی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 له كه‌ركووك، بۆ "وشه" رای گه‌یاند، ئه‌وه‌ی رووی دا ده‌توانین بڵێین هه‌وڵی كوده‌تایه‌كی گه‌وره‌بوو له ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان كه پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تی كه‌ركووكی له پشته‌وه بوو، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ی كه رووی دا، له 30 كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ چه‌ند بڕیارێك وه‌رگیراوه، یه‌كێكیان ئه‌و ناوچانه‌ی ته‌نیا كورد یان عه‌ره‌بنشینن، گرێبه‌سته‌كان كاریان پێ بكرێت، وه‌ك شوان و قه‌ره‌هه‌نجیر و پردێ، ئه‌و شوێنانه‌یشی له هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان پێكهاتوون كه ناوچه‌كانی داقووق و دووبز و سه‌رگه‌ڕان و یایچی و به‌شیر ده‌گرێته‌وه و كێشه‌یان هه‌یه، هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ده‌ده‌ین.
زیاتر گوتی، له‌و بڕیارانه‌ی پێی ده‌گوترێ (كاروباری باكور) دوو جۆره، ئه‌وانه‌ی پاڵپشتی یاساییان هه‌یه و حزبی به‌عس به‌كاری هێناون به پشتیوانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی خۆی، پێویسته بچن بۆ په‌رله‌مان و یاسایان پێ ده‌ربكرێت، ئه‌وانی تریش كه پاڵپشتی و هێزی یاساییان نییه، ئیداری یان ته‌ناهی یان سیاسین، ئه‌وانه به بڕیاری ماده‌ی 140 هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه و پێویسته هه‌موو كاریان له‌سه‌ر بكرێت و كۆبوونه‌وه‌ی زیاتریان ده‌وێت.
سدیق ددانی به‌وه‌دا نا كه كێشه‌یه‌كی تریان هه‌یه، ئه‌ویش یاسای چاكسازی كشتوكاڵییه "ئیسلاح زراعی" ژماره 117 كه ساڵی 1970 ده‌رچووه، هه‌موو ئه‌وانه و چاره‌سه‌ر نه‌بوونی كێشه‌كان تا ئێسته هۆكارێكی سیاسی له پشته‌وه‌یه.
"راشكاوانه ده‌ڵێم چه‌ند حكوومه‌تی عێراق هه‌وڵی خۆدزینه‌وه‌ی له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی داوه، حكوومه‌تی هه‌رێمیش نه‌یتوانیوه داكۆكی له جێبه‌جێكردنی بكات، له‌و ناوچانه‌ی زیاتر له 30 هه‌زار گرێبه‌ست هه‌ن له ناوچه‌كانی داقووق و یایچی و سه‌رگه‌ڕان و دووبز و هیتریش" سه‌رۆكی لیژنه‌ی ماده‌ی 140 وای گوت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا "كێشه‌كه ئێسته له عه‌ره‌بی هاورده نییه، ئه‌وان پاره‌ی قه‌ره‌بوویان وه‌رگرتووه و ده‌ستیان له زه‌وییه‌كان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام عه‌ره‌بی ده‌وروبه‌ری كه‌ركووك هی حه‌ویجه و ره‌شاد و زاب و شه‌رگات و ئه‌و ناوچانه، ئه‌جێندایه‌ك له پشتیانه‌وه‌یه و به‌شێكیان قهرهبوویش كراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌یانه‌وێ كێشه بخوڵقێنن و كه‌ركووك به‌ره‌و پشێوی ببه‌ن".
له دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر عه‌ره‌ب هاتنه‌وه سه‌ر زه‌وییه‌كانیان و ده‌ستیان به‌سه‌ر ماڵ و زه‌وی كورددا گرت و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازیی و ئیداری شاره‌كه‌یش كه پشتیوانی كردن، چونكه له‌و رووداوه‌وه كورد هیچ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر كه‌ركووكدا نه‌ما.
سامی ره‌فعه‌ت كاكه‌یی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شارۆكه‌ی داقووق، به"وشه"ی گوت، دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، كاتێك راكان سه‌عید جبووری كرایه پارێزگاری كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت، رچه‌یه‌كی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌په‌رستیی عه‌ره‌بی هه‌بوو، له‌و ناوچانه‌یش چه‌ند كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون هه‌بوون كه پێشتر له‌سه‌ر زه‌ویی كورد دروست كرابوون و دران به عه‌ره‌بی هاورده، له دوای 2003 ئه‌و عه‌ره‌بانه رایان كرد و به‌شی زۆریان قه‌ره‌بوو كرانه‌وه، به‌ڵام ئه‌و شوێنانه هه‌ر به‌ناوی ئه‌وانه‌وه مابوونه‌وه، كوردیش كاتێك زه‌وییه‌كانی وه‌رگرته‌وه به‌ناوی خۆیان نه‌كرد، بۆیه ئه‌وان سوودیان له‌و خاڵه وه‌رگرت.
به‌گوته‌ی كاكه‌یی، "جبووری ئه‌وه‌ی به هه‌ل زانی و عه‌ره‌به‌كانی ئاراسته كرد بچنه‌وه سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه كه به‌ناوی خۆیانه‌وه‌یه، كێشه‌كان لێره‌وه ده‌ستیان پێ كرد، دوای په‌ره‌سه‌ندنی دۆخه‌كه و هاتنه سه‌رخه‌تی به‌غدا، ئێسته ده‌رچه‌یه‌كی یاساییان بۆ دۆزیوه‌ته‌وه كه ئه‌و خاوه‌ندارییه‌ی پێشوو هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، به‌گشتی دوای سه‌ردانیكردنی لیژنه‌یه‌ك له كه‌ركووك و داقووق بۆ به‌غدا، ئه‌و پرسه سارد بووه‌ته‌وه و ئێسته‌یش زیاتر ساردی به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، ئه‌وه‌یش به‌هۆی باسكردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ ئه‌و ناوچانه و گۆڕانكارییه‌كانی تر".
به‌ڵام ددان به‌وه‌یشدا ده‌نێت كه ئه‌گه‌ر ئه‌و گرێبه‌سته كۆنانه به فه‌رمی هه‌ڵنه‌وه‌شێنرێنه‌وه و حكوومه‌ت نه‌یانكاته گرێبه‌ست به‌ناوی خه‌ڵكێكی تره‌وه، ئه‌و كێشه‌یه هه‌ر ده‌مێنێت، بۆیه پێویسته له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه به فه‌رمی كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێت.
"پێشتر ئه‌نجوومه‌نی به‌ناو شۆڕشی به‌عس بڕیاری دا ئه‌و زه‌وییانه گرێبه‌ستیان بۆ بكرێت به‌ناوی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌وه، بۆیه وه‌زیری كشتوكاڵ و په‌رله‌مان ده‌توانن دابنیشن ئه‌و بڕیاره هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، ئه‌وكات ئه‌و زه‌وییانه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خاوه‌نه‌كانیان، وه‌زیری كشتوكاڵ پێشتر كورد بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌كرد" كاكه‌یی وای گوت.
روونیشی كرده‌وه كه ئه‌و زه‌وییانه‌ی عه‌ره‌به‌كانی بۆ هێنرابوون، بریتین له دێیه‌كانی وه‌حده و عومه‌ر بن عاس و حوریه و سه‌بعه نیسان، هه‌روه‌ها زه‌وییه‌كانی ناوچه‌ی تاڵه‌بانی و ئه‌و كۆمهڵگایانهیشی كێشه‌یان له‌سه‌ر دروست بوو، ده‌كه‌ونه لای حهفتهغارهكان، بۆیه ئه‌و زه‌وییانه‌ی كێشه‌یان له‌سه‌ره له ناوچه‌كه زۆرن و ره‌نگه زیاتر له 20 هه‌زار دۆنم بن.