ڕزگار جه‌باری وه‌ك شاعیر و وه‌رگێڕ له زۆربه‌ی گۆڤار و بڵاوكراوه ئه‌ده‌بییه‌كاندا به‌رهه‌می هه‌یه. له زۆر فێستیڤاڵی ئه‌ده‌بیدا به‌شداری كردووه و خه‌ڵاتی شیعر و لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌و كوڕێكی چالاكه و له زۆربه‌ی چالاكییه ئه‌ده‌بییه‌كانی ناو هه‌ولێر به‌شداره و به‌رده‌وام قسه‌ی خۆی هه‌یه. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا زیاتر ئاشنای مه‌عریفه و توانای جه‌باری ده‌بن.
چۆن له‌باره‌ی ئه‌ده‌به‌وه ده‌دوێیت و وه‌ك شاعیرێك له كوێ ئه‌و دنیایه‌دایت؟
دووان له نووسین به تایبه‌تی شیعر، دووانه له خۆت، ئه‌گه‌ر ئه‌و دنیایه به‌و كه‌شه‌ی هاوكوف بكه‌م كه له چركه‌ساتی به‌ر له نووسین و پاش نووسین له رۆح و باری سایكۆلۆجیای شاعیردا ده‌خوڵقێت، ئیتر هه‌ر شاعیره و له روانگه‌ی چه‌شه و سه‌لیقه و دۆخی مه‌عنه‌وی خۆیه‌وه په‌سنی ده‌كات، زۆرجار ئێش و ئازار و گێنگڵ و تلانه‌وه له چركه‌ساتی نووسینمان لا جوانتر و به‌هادارتره له نووسینه‌كه خۆی. ئاخر نووسین دووانێكی كپ و بێده‌نگه ئیتر وه‌ك ئه‌وه‌ی تۆ قسه‌یه‌كت له دڵدایه و ده‌ته‌وێ ئازادی بكه‌یت، كاتێ ئه‌م قسه‌یه په‌نگ ده‌خواته‌وه ته‌نیا شتێك لای تۆ گرینگ بێت، ئه‌وه قوتاركردن و ئازادكردنی ئه‌و هاوار و تاسه په‌نگخواردووانه‌یه. ئیتر بیر له پاش گوتنه‌كه‌ی ناكه‌یته‌وه. ده‌یخه‌یته به‌رده‌م فلته‌ری خوێندنه‌وه‌ی وه‌رگر. نووسین لای من هاواركردنه له شوێنی به‌رزه‌وه.
ئه‌و ڕێیه‌ی كه به شیعر هه‌ڵتبژاردووه، ده‌تگه‌یه‌نێته كوێ؟
سه‌فه‌ری شیعر سه‌فه‌رێكه فره ئاراسته، تۆ ده‌كه‌ویته سه‌ر رێی وشه. واته ئه‌م سه‌فه‌ره‌ت له رێی وشه‌وه ده‌ست پیێ ده‌كه‌یت، رێی وشه ئه‌میبییه و خۆگۆڕه. هه‌ندێ جار زۆر پان و به‌رین و هه‌ندێ جار ته‌سك و باریك پڕ له هه‌وراز و نشێو به‌رده‌ڵان و سه‌وزه‌ڵان. واته له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی تۆ ته‌نیا وشه‌یه، ناچار ده‌ستوپه‌نجه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌رم ده‌كه‌یت.
ئه‌وه شاعیر خۆیه‌تی ده‌بێت ئه‌و سیحر و توانایه‌ی هه‌بێت تا هێما و واتا و وێنه‌یان پێ ببه‌خشێت و هه‌ست و گیانیان بخاته به‌ر. ره‌نگه به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه سیحری وشه بێت ئێمه بگۆڕێت و بیر له گوزارشت و وێنه و ده‌ربڕینی تر بكه‌ینه‌وه. وشه فره ئاراسته‌یه بۆیه رێیه‌كه‌یشی وایه. ناكرێت بڵێیت ئه‌وه ئاراسته‌ی خۆم دیته‌وه و ته‌واو، به‌دڵنیاییه‌وه تووشی قاوغی كۆنكریتی ده‌بیت.
ئه‌مانه‌م گوت تا بڵێم: كاتێكت زانی ده‌ستت به‌م سه‌فه‌رت كردووه. بۆیه ئێسته نازانم له كوێی ئه‌م سه‌فه‌ره و ئه‌م رێ ئاڵۆزه‌م؟ ته‌نیا ده‌خوازم ده‌ستبازی له‌گه‌ڵ هونه‌ری وێنه‌كاری بكه‌م به وشه و له‌ناو ئه‌و زه‌ریا به‌رفراوانه‌ی "وشه" و له‌م وێستگه‌یه‌ی ئێسته‌م ده‌خوازم كار له‌سه‌ر فۆرم بكه‌م.
ئه‌و عه‌شقه چییه و چۆن سه‌ری هه‌ڵداوه كه به‌رده‌وامیت پێ ده‌دات و بووه‌ته هه‌وێنی شیعره‌كانت؟
وه‌ك پێشتریش گوتم رێی سه‌فه‌ره‌كه فره‌ئاراسته‌یه و عه‌شقیش پاڵنه‌ری ئه‌و گه‌شته‌مان به‌ناو ژیان و خۆماندا. كه‌واته بۆی هه‌یه هه‌ندێك جار و له هه‌ندێ به‌رهه‌م و ئه‌زمووندا به‌ره‌و دواوه بكشێینه‌وه. ئه‌ها هه‌ندێ جار ده‌ڵێن فڵان به‌رهه‌می فیسار كه‌س كرچوكاڵه و له‌چاو به‌رهه‌مه‌كانی تری كشاوه‌ته‌وه. ئه‌وه به‌و واتایه‌یه كه یه‌ك ئاراسته نییه و به‌رده‌وام به‌ره‌وپێشه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵگریت. عه‌شق و شیعر یان به‌گشتی عه‌شق و داهێنان پێوه‌ندییه‌كی چڕیان پێكه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر ورد بیته‌وه زۆربه‌ی داهێنانه‌كان به‌رهه‌می عه‌شقه. بۆ نموونه بۆچوونێك هه‌یه كه ئه‌نگێزه و هه‌وێنی داهێنانی شاكارێكی وه‌ك (كۆمیدیای ئیلاهی) له‌لایه‌ن (دانتی)یه‌وه عه‌شقی ئه‌و مه‌عشووقه نه‌شمیله‌یه بووه كه له ته‌مه‌نێكی هه‌ره‌زوو وجوودی دانتی داگیر كرد. به‌ڵام به‌رچاوكه‌وتنی چه‌مكی (عه‌شق) له به‌رهه‌می نووسراو و كردنه ئامرازنێك بۆ كۆمه‌ڵێك مه‌رام له ده‌ره‌وه‌ی نووسین دوو شتی جیاوازن.
له نووسیندا چه‌مك یان وشه‌یه‌كه و تۆی شاعیر له نووسیندا هه‌ر جاره‌و له كه‌وڵ و فیگه‌ر و وێنه و واتا و مه‌به‌ستێكی جیاوازه‌وه به‌كاری دێنیت. ره‌نگه عاشق نه‌بیت و ته‌نیا وه‌ك هه‌ر وشه‌یه‌كی تر به كاری بێنیت. به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی نووسین (گیان)ـه، عه‌شق گیانه و بێ گومان (دانتی)یه‌كی له هه‌موومان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ مه‌رام به‌كاری بێنین، ئه‌وا راستییه‌كه‌ی هه‌ر له بنه‌ماوه (گیان) نه‌بووه. فێڵێكه له‌سه‌ر زمان. بۆیه چی زوو چی دره‌نگ سیفه‌تی نه‌زۆكانه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت و هیچ به‌رهه‌مێكی لێ نابێته‌وه.
عه‌شق لای من بڕینی رێی دۆزینه‌وه‌ی جوانی و به‌ره‌و كه‌ماڵبوونه. لای من تێكه‌ڵێكه له گیانی هه‌مه‌ڕه‌نگ كه دواجار تیشك ئاسا له ره‌نگ ده‌رده‌چێت و داده‌ماڵرێت. كه‌ماڵی ئیلاهی و عیرفانی و سیحری سروشت و گیانی مرۆدۆستی و جوانی ئافره‌ت و... هتد پێكه‌وه لای من عه‌شقن، به‌ڵام ماوه ماوه ئه‌م عه‌شقه به سیمای یه‌كێك له‌مانه جیلوه ده‌كات و سیما به‌خۆی ده‌به‌خشێت.
به‌بۆچوونی تۆ بۆچی وه‌ك پێویست گرنگیی به‌ده‌نگه نوێیه‌كانی ئه‌مڕۆی ئه‌ده‌بیاتی كوردی نادرێت؟
به‌شێك له‌و گرینگی نه‌دانه بۆ ململانێی نه‌وه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌مه‌ش شتێكی سروشتییه و ده‌بێت له هه‌موو كایه‌كان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌ین. به‌ڵام سووڕانه‌وه له بازنه‌ی ناوچه‌گه‌ریی (كه من پێم وایه رێژه‌ییه)، ته‌نیا ئه‌ده‌بیی كوردی نه‌كردووه‌ته قوربانی، به‌ڵكو به درێژایی مێژوو زۆرجار میرنشین و هه‌لی گه‌وره و ئامانجی پیرۆزیشی له گۆڕ ناوه. ناوچه‌گه‌ریی له هه‌ر شتێك‌دا جێی ببێته‌وه، ئه‌وا له ئه‌ده‌بیاتدا جێی نابێته‌وه. ئه‌وه به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كانن له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه پووچه كار ده‌كه‌ن و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ده‌ب له شتی تر ده‌گه‌ڕێن. ئه‌گه‌رنا ئه‌وه ده‌ق خۆیه‌تی خۆی ده‌سه‌پێنێت نه‌ك ناوچه‌گه‌ری.
ئاوڕ نه‌دانه‌وه له ده‌نگی نوێ، به واتای خه‌فه‌كردنی نییه. ده‌نگی ره‌سه‌ن و ده‌قی شاكار نامرن. رۆژێك دادێت قه‌ڵه‌می خاوه‌ن ویژدان مافی رێزلێنانی داهێنانه‌ی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه. مرۆڤ له سه‌ره‌تای بوونیه‌وه قسه‌ی هه‌یه بۆ گوتن، بۆ گوزارشتكردن له خۆی و ده‌وروبه‌ر و گه‌ردوون. گوتن به دوو هۆكار نه‌وه له دوای نه‌وه درێژه‌ی به خۆی داوه كه دۆزینه‌وه و داهێنانی به دوای خۆیاندا هێناوه.
یه‌كه‌م: نوێبوونه‌وه‌ی گۆشه‌ی روانینه‌كان بۆ راڤه‌كردن و ده‌ربڕین، یان گۆڕانكاری له‌م روانینانه.
دووه‌م: سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه ئارای دیارده و دۆخی نوێ كه پێویست به داڕشتنه‌وه و خوێندنه‌وه و شیكردنه‌وه ده‌كه‌ن.
لێره‌دا من وه‌ك گه‌نجێك ده‌نووسم تا بڵێم منیش به‌و شێوه‌یه خۆم ده‌بینم به‌و جۆره ژیان و بوون به گشتی ده‌خوێنمه‌وه. كه‌واته نووسین لای من گوزارشته له جیهانبینی خۆت.
به‌بۆچوونی تۆ گرفتی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی چییه؟
ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی هاوشێوه‌ی زۆر له كایه مه‌عریفییه‌كانی تر هه‌ژاره، هه‌ڵبه‌ته هه‌وڵی زۆر رژد و ئه‌كادیمی باش هه‌یه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت. به‌ڵام به راستی هێشتا زۆر لایه‌نی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان ماون كه بخرێنه‌ر به‌ر تیشكی راڤه و شیكردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی نوێ، له‌سه‌ر بنه‌مای میتۆده نوێیه‌كانی ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه. ده‌ق دنیایه‌كی تایبه‌ت و داخراوی به‌سه‌ر خۆیدا هه‌یه، ته‌نیا له رێی ره‌خنه‌وه كۆد و هێماكانی ده‌دۆزرێته‌وه. له‌و رێیه‌وه ئێمه ده‌توانین رۆ بچینه ناو ئه‌م دنیا سه‌یره‌وه.
وشه/ دیمانه- ئه‌ڤین و هه‌ورین