مانچستەر یونایتد دەیەوێ گرێبەست لەگەڵ سوارێز بكات

:: AM:10:34:12/02/2019 ‌

سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئیسپانی لە هەواڵێكی سەرنجڕاكێشدا بڵاوی كردەوە كە یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی پلانی داڕشتووە گرێبەست لەگەڵ لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئیمزا بكات.

ماڵپەڕی (elgoldigital) بڵاوی كردەوە: یانەی مانچستەر یونایتد گرینگی بە گرێبەستكردن سوارێز دەدات لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

سوارێز شارەزاییەكی باشی لە خولی نایابی ئینگلیزیدا هەیە كە پێشتر لەنێوان ساڵانی 2011 تا 2014 لە ریزی یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی یاری كردبوو بەر لەوەی بێتە یاریگەی كامپ نووەوە.

بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد ئامانجیانە گرێبەستی ئەم هێرشبەرە تەمەن 32 ساڵییە بەدەست بێنن بۆ ئەوەی دووبارە بیگەڕێننەوە ركابەرییەكانی خولی ئینگلیزی.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە یانەی مانچستەر یونایتد ئامادەیە گرێبەستێكی 3 ساڵە لەگەڵ سوارێز ئیمزا بكات.

بەمەش یانەی مانچستەر یونایتد رووبەڕووی ركابەرییەكی سەختی یانەیەكی چینی دەبێتەوە كە بڕیاریداوە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا گرێبەستی لەگەڵ بكات.

یانە چینییەكە كە تا ئێستا ناسنامەكەی دیار نییە، ئامادەیی خۆی پێشانداوە مووچەی ساڵانەی سوارێز بكات بە سێ هێندەی ئێستا ئەگەر پەیوەندییان پێوە بكات.

لە كۆتاییدا سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە ئەگەر سوارێز بڕیار بدات یانەی بەرشەلۆنە جێبێڵێ ئەوا دەگەڕێتەوە خولی نایابی ئینگلیزی و پارەكانی یانە چینییەكە رەت دەكاتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م