بڕیارە لە وتاری ئەو هەینییەی مزگەوتەكانی كوردستان، مامۆستایانی ئاینی باسی خۆشەویستی و جۆرەكانی بكەن بۆ بەشدارانی وتاری هەینی كە هاوكاتە لەگەڵ رۆژێك لە 14ـی شوبات كە ڕۆژی خۆشەویستییە.
ئەمڕۆ سێشەم 12ـی شوبات، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیاریكردنی وتاری هەینی دوو بابەتی هەڵبژاردووە بۆ مامۆستایانی ئاینی كە بریتین لە خۆشەویستی و پاداشت.
لە نووسراوەكەی ئەوقاف هاتووە، بابەتی یەكەمی وتاری هەینی بریتییە لە بەهای خۆشەویستی و جۆرەكانی لە ئیسلامدا و بابەتی دووەم بریتییە لە پاداشتی بەردەوامبوون لەسەر یادی خودا.
دیاریكردنی وتاری هەینی لەسەر خۆشەویستی لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف لە كاتێكدایە ڕۆژی پێنجشەم 14ـی شوبات ڕۆژی ڤالانتاینە كە ڕۆژی خۆشەویستییە و گەنجان و هاوسەرداران یادەكە دەكەنەوە.
بەمەبەستی ڕێكخستنی وتاری هەینی وەزارەتی ئەوقاف لە ساڵی 2018 بڕیاری داوە چەند ڕۆژێك پێش هەینی ناونیشانی چەند وتارێك هەینی بۆ مامۆستایانی ئاینی دیاری بكات و ئەوانیش دانەیەك هەڵدەبژێرن.