خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.. ئەمڕۆ خولەكی بێدەنگی بۆ سالا ئەنجام دەدرێ

:: PM:01:32:12/02/2019 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) رەزامەندی پێشان دا لەسەر ئەوەی لە یارییەكانی ئەمشەوی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا خولەكی بێدەنگی بۆ یاریزانی كۆچكردوو ئیمیلیانۆ سالای هێرشبەری یانەی كاردیف سیتی ئینگلیزی ئەنجام بدات.

ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: یوفا بڕیاری دا لە یارییەكانی ئەمشەوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا خولەكی بێ دەنگی بۆ گیانی هێرشبەری بەڕەگەز ئەرجەنتینی سالا ئەنجام بدات كە چەند رۆژێك پێش ئێستا بەهۆی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكەی كۆچی دوایی كردبوو.

دەسەڵاتدارانی فڕەنسا چەند رۆژێك پێش ئێستا بەفەرمی دۆزینەوەی تەرمی سالایان لەنێو فڕۆكە تێكشكاوەكە لەنێو دەریای ئەلمانش راگەیاندبوو.

سالا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی رابردوودا لە یانەی نانتی فڕەنسی گرێبەستی لەگەڵ یانەی كاردیف سیتی ئیمزا كردبوو، دواتر گەڕابووەوە فڕەنسا بۆ ماڵئاواییكردن لە هاوڕێكان و لە رێگەی گەڕانەوەشی بۆ یانە ویڵزییەكە فڕۆكەكەی كەوتبووە خوارەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م