عێراق.. ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ئەمەریكا و حەشدی شەعبی زیاتر دەبێت


لە دوو مانگی رابردوودا بەرپرسانی ئەمەریكا كە سەردانی عێراقیان كرد دووپاتیان كردەوە كە هێزەكانیان لە عێراق ناكشێننەوە، ئەو قسانەیش هاوكاتن لەگەڵ هاتنی هێزی زیاتری سەربازی ئەمەریكا بە كەرستەكانیانەوە بۆ عێراق و دامەزراندنی بنكەی نوێی سەربازی و سووڕانەوەی ئەو هێزانە لە چەند ناوچەیەك وەك بەغدا و فەلووجە و نەینەوا و ئەنبار، ئەوەیش نیشانەی پرسیاری خستووەتە سەر راستی نیازی ئەمەریكا بۆ داهاتوو.

هاوكات هێزەكانی حەشدی شەعبی كە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی ئێران دەكەن لە عێراق، ئەوانیش زمانی هەڕەشەیان توند كردووە و لەناو پەرلەمان هەوڵەكانیان لە دژی ئەمەریكا چڕ كردووەتەوە بۆ كردنە دەرەوەی، لەلایەكی تر بنكە و سەربازگەكانیان لە چەند ناوچەیەكی سوننە زیاتر دەكەن، بۆیە هەردوولا ئەمەریكا و حەشدی شەعبی پاساوی ئەگەری بەهێزبوونەوەی داعش دێننەوە بۆ ئەو كارەیان، بەڵام دۆخەكە دەگاتە رووبەڕووبوونەوەی چەكداری نێوانیان؟

كەریم علێوی، پەرلەمانتاری عێراق ئەمڕۆ سێشەم دووپاتی كردەوە كە عێراق بووەتە وێستگە و شوێنپێیەك بۆ هێزەكانی ئەمەریكا بۆ چاودێریكردنی وڵاتانی دراوسێی، روونی كردەوە كە رۆژانە ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا و بوونی سەربازیانەی ئەو وڵاتە لە چەند پارێزگایەكی عێراق زیاتر دەبێت.

علێوی زیاتر گوتی، مەبەستی سەردانی ئەمڕۆی وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ عێراق فشاركردنە بۆ سەر حكوومەت و پەرلەمان بۆ ئەوەی هیچ بڕیارێك بۆ كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق نەدەن، روونی كردەوە، واشنتن دەیەوێت شوێنپێیەكی هێزە شەڕوانەكانی لە عێراق هەبێت بەمەبەستی چاودێریكردنی وڵاتانی دراوسێی عێراق و بیكاتە شوێنی دەست پێكردنی هەر هێرشێك بۆ سەر ئەو وڵاتانە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئێران.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئێستە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بووەتە پێگەیەكی بەهێزی هێزەكانی ئەمەریكا و كەس نازانێت ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لەو بنكەیە چەندن، ئاماژەی كرد، چەند هێزێكی ئەمەریكایی لەو بنكەیەوە چوونەتە دەروازەی سەربازی تنەف لەگەڵ سووریا بۆ كۆنترۆڵكردنی.  

علێوی دەڵێت، رۆژانە ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەوا زیاتر دەبێت، لەو كاتەی ئەو هێزانە لەو پارێزگا و ناوچەكانیان دەسووڕێنەوە، بە هەمان شێوە لە پشتێنەی سنووری لەگەڵ سووریا. 

ئەو گۆڕانكارییانە هاوكاتن لەگەڵ دەرچوونی راپۆرتی میونیخ بۆ تەناهی لە 2019 كە ئاشكرای دەكات قەبارەی كڕینی چەك لەلایەن وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوان ساڵانی 2013 تا 2017 دوو هێند بووە بە بەراورد بە پێنج ساڵی پێشتر، روونی كردەوە كە 53%ی ئەو چەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كڕدراوە، لە ئەمەریكا هاتووە، راپۆرتەكە وریایی دا لە بوونی مەترسی رووبەڕووبوونەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان سعوودیە و ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران و گۆڕەپانی جەنگەكەیش یەمەن یان عێراق یان كەنداو دەبێت. 

هاوكات سەر چاوەكانی تەناهی لە پارێزگای ئەنباری عێراق ئاشكرای دەكەن كە هێزەكانی ئەمەریكا لە دوو ناوچەی رۆژئاوای پارێزگاكە ئۆپراسیۆنێكی زانیاری وەرگرتنیان ئەنجام داوە كە هاوكات لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمەریكا بەشداری كراوە و ئەوان بە ئاسمانی ناوچەكە سووڕاونەتەوە. ئاماژەی كرد، هەروەها جموجۆڵی كاروانەكانی سەربازی ئەمەریكا زیادی كردووە، بەتایبەتی لەسەر رێگەی خێرا و هێزە تەناهییەكانی عێراقیش هیچ زانیارییەكیان لەبارەی ئەو جموجۆڵانەوە نییە.

لەگەڵ جموجۆڵی سەربازی ئەمەریكا لە عێراق، لە بەرانبەردا جموجۆڵێكی هێزەكانی حەشدی شەعبیش هەیە لە چەند پارێزگایەكی عێراق، كاتێك بۆ دووەم مانگە لەسەر یەك كۆمپانیاكانی بەڵێندەرایەتی ناوخۆیی خەریكی فرەوانكردن و نۆژەنكردنەوەی چەند سەربازگە و بارەگای كۆنی سەربازی دەوڵەتی عێراقن لە پێش 2003دا، لەوانە بارەگاكانی پیشەسازی سەربازی و وەزارەتی پیشەسازی و كۆنە سەربازگەكانی سوپا و هەواڵگری و دوو بارەگای گرووپی موجاهیدینی خەلقی ئێرانی كە لە ساڵانی دوایی بە فشاری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی عێراقیان جێهێشت. 

وەك سەرچاوە فەرمییەكان و ئەوانەیشی نزیك لە حەشدی شەعبی دەڵێن، ئێستە كار بۆ بنیاتنانی بارەگای هەمیشەیی بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاكانی ئەنبار و دیالە و نەینەوا و كەركووك و سەڵاحەدین و پشتێنەی بەغدا دەكرێت، لە چوارچێوەی پلانێك بۆ بڵاوكردنەوەیان لەو ناوچانە لە ماوەی 2019 جێبەجێ دەكرێت. كە ئەو بارەگایانە ناكەونە ناو شارەكان و لە نزیكیانەوە دروست دەكرێت و تێچووی دروستكردنیشی كە دەگاتە 800 ملیۆن دۆلار كە زیاترە لە كۆی بودجەكانی تەرخانكراو بۆ پێنج پارێزگای وەك ئەنبار سەڵاحەدین و نەینەوا و بابل و موسەنا، لە بودجەی تەرخانكراو بۆ حەشدی شەعبی دابین دەكرێت و لەلایەن كۆمپانیاكانی ناوخۆیی و ئێران دێتە جێبەجێكردن بۆ ئەوەی ببێتە بارەگای جێگیر و بنكەی سەربازی بۆ مانەوە و مەشقكردن و جبەخانەی حەشدی شەعبی.

لەگەڵ ئەو زانیارییانەی باس لە دروستكردنی بنكەی زیاتری سەربازی ئەمەریكا لە عێراق دەكرێت لە ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەوا و لە هەرێمی كوردستانیش، هێزەكانی حەشدی شەعبی بنكە و سەربازگەی بەردەوام لە ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە و نەینەوا و كەركووك دروست دەكەن، هەموو ئەوانەیش ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئەگەری وەشاندنی گورزێكی ئەمەریكا بۆ ئەو هێزانە یان بە پێچەوانەوە زیاتر دەكەن، بەتایبەتی ئەگەر رووبەڕوونەوە و ململانێكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران بچێتە ناو قۆناغێكی نوێی پەرەسەندنەوە، ئەو كاتیش عێراق لە سایەی ئەو دۆخ و تەنگژە و ململانێ سیاسی و تایفیەی كە هەیە دەبێتە گۆڕەپانی ململانێ و هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:07:01:12/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 1035 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌