رۆژى هه‌ینى رابردوو ئه‌نجوومه‌نى كولتوورى به‌ریتانى به فه‌رمى داواى لێبوردنى له جۆرج ئۆڕوێڵ كرد، چونكه 70 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وتارێكى له به‌ریتانیا ره‌ت كراوه‌ته‌وه و بڵاو نه‌كراوه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ى جێی سه‌رنج بێت، ناوه‌ڕۆكى وتاره‌كه‌ى ئۆڕوێڵ باس له چێشتخانه‌ى به‌ریتانى و خواردنى به‌ریتانى ده‌كات، ئه‌نجوومه‌نى به‌ریتانى وێڕاى داواى لێبوردن، پاساوى ئه‌وه ده‌هێنێته‌وه كه ئه‌و كاته‌ى وتاره‌كه نووسراوه دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهان بووه و برسێتى بڵاو بووبووه‌وه، بۆیه له‌وانه‌یه ئه‌نجوومه‌نى كولتوورى به‌ریتانیا له ره‌تكردنه‌وه‌ى وتاره‌كه‌ى ئۆڕوێڵ ره‌چاوى ئه‌و رێنوێنییانه‌ى كردبێت كه ئه‌وكات بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى بابه‌ت له‌سه‌ر خواردن هه‌بوون.
بۆ كه‌سێك كه ته‌نیا رۆمانه‌كانى "1984" و "كێڵگه‌ى ئاژه‌ڵان"ى خوێندبێته‌وه، ره‌نگه به‌لایه‌وه سه‌یر بێت جۆرج ئۆڕوێڵى نووسه‌رى ئه‌م دوو رۆمانه به‌ناوبانگه له‌باره‌ى خواردن بنووسێ، چونكه ئۆڕوێڵ به‌م دوو رۆمانه‌ى ناوبانگێكى جیهانى به‌ده‌ست هێناوه، جیا له‌وه‌ی ره‌نگه زێده‌ڕۆیى نه‌بێت كه بیركردنه‌وه‌ى ئێمه‌ى به‌رانبه‌ر سیاسه‌ت و زمانى سیاسه‌ت گۆڕیوه.
جۆرج ئۆڕوێڵ له ساڵى 1903 له دایك بووه، له ساڵى 1950 به نه‌خۆشى مردووه، وێڕاى ئه‌وه‌ى كه‌م ژیاوه، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك كارى گرنگى كردووه، یه‌كێك له رۆمانه‌كانى جۆرج ئۆڕوێڵ كه دره‌نگ ناوبانگى وه‌رگرت و خه‌ڵك وه‌ك رۆمانێكى گرنگ گه‌ڕانه‌وه سه‌رى، رۆمانى "بێنهوایهك له نێوان پاریس و له‌نده‌ن"ه. ئه‌م رۆمانه له ساڵى 1933 نووسراوه، واته ئه‌و كاته‌ى نووسراوه جۆرج ئۆڕوێڵ ته‌مه‌نى 20 ساڵ بووه.
چه‌ند خاڵێك وا ده‌كات ئه‌و رۆمانه گرنگى خۆى هه‌بێت، خاڵێكى گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م رۆمانه وه‌ك به‌شێكه له یاده‌وه‌ریی جۆرج ئۆڕوێڵ ئه‌وكاته‌ى گه‌نج بووه، سه‌رگه‌ردان له شه‌قامه‌كاندا ژیاوه بۆ په‌یداكردنى پاروویه‌ك نان و چه‌ندان كارى جۆراوجۆرى كردووه.
خاڵێكى تر ئه‌وه‌یه ئۆڕوێڵ له‌م رۆمانه‌دا ئه‌و ته‌كنیكانه‌ى به‌كار نه‌هێناوه كه دواتر له رۆمانه‌كانى تر به وردیى و هونه‌ریی به‌كارى هێناون، به‌ڵكو له‌م رۆمانه له زۆر شوێنی‌دا هه‌وڵ ده‌دات به شێوازێكى عه‌قڵانى بنووسێ و چه‌ند چه‌مكێكى وه‌ك كڵۆڵى، نه‌داریى، بێنهوایى شی بكاته‌وه.
شوێنى یه‌كه‌م رووداوه‌كانى رۆمانه‌كه، گه‌ڕه‌كێكى هه‌ژارنشینى پاریسه، رۆمانه‌كه له‌وێوه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و نووسه‌ر ده‌ڵێ، "من كه هه‌وڵ ده‌ده‌م وه‌سفى ئه‌م گه‌ڕه‌كه بكه‌م، له‌به‌ر هه‌ڵه‌شه‌یى نییه، به‌ڵكو ئه‌وان به‌شێكن له چیرۆكى من، كڵۆڵى و نه‌داریى ئه‌و بابه‌ته‌یه كه له‌سه‌رى ده‌نووسم، كڵۆڵى كه یه‌كه‌م جار له ژیانم پێوه‌ندیم له‌گه‌ڵى دروست بوو، له‌و گه‌ڕه‌كه هه‌ژاره بوو، ئه‌و گه‌ڕه‌كه به هه‌موو پۆخڵهیى و جموجووڵه سه‌یره‌كانییه‌وه، هه‌ر له یه‌كه‌م چركه‌ساته‌وه بابه‌تى توێژینه‌وه بووه".
دواتریش ده‌ڵێ، "له‌وانه‌یه زۆر بیرت له (نه‌داریى) كردبێته‌وه، ئه‌مه‌یش ئه‌و شته‌یه كه ته‌واوى ژیانت بیرت لێ كردبێته‌وه و به ئاسانى بزانى، به‌ڵام ئاسان نییه و زۆر ئاڵۆزه. سه‌ره‌تا سفر ده‌بیت، به‌ڵام هه‌ڵبه‌ته بوێریت نییه ددانى پێدا بنێیت، بۆیه وا خۆت دهردهخهى كه ئاسایی ده‌ژیت، لێره‌وه تۆڕێك له درۆ ده‌وروبه‌رت ده‌ته‌نێ، ته‌نانه‌ت درۆكانیش ناتوانن ده‌ربازت بكه‌ن".
له‌م چه‌ند په‌ره‌گرافه ده‌رده‌كه‌وێ كه جۆرج ئۆڕوێڵ له‌م رۆمانه چۆن بیر له چه‌مكه‌كان ده‌كاته‌وه، به پێچه‌وانه‌ى رۆمانى "كێڵگه‌ى ئاژه‌ڵان" كه به زمانى ئاژه‌ڵ و به سادهییهكى زۆره‌وه دێنه ده‌ربڕین بێ ئه‌وه‌ى نووسه‌ر هه‌وڵ بدات تیۆرى بۆ دابتاشێ، بیرۆكه قووڵه‌كانى ده‌گه‌ن، به‌ڵام له رۆمانى "بێنهوایهك له نێوان پاریس و له‌نده‌ن" راسته‌وخۆ نووسه‌ر له شێوازى حیكایه‌تخوانى و گێڕانه‌وه‌ى هونه‌ریى دوور ده‌كه‌وێته‌وه، له شێوه‌ى وتار بابهتهكان تاوتوێ ده‌كات.
بۆ نموونه كاتێك باسى قاپشۆرهكانى پاریس ده‌كات، ده‌ڵێ "به‌هه‌زاران كه‌س له‌ناو ژووره‌كان خه‌ریكى ئه‌م كۆیلایهتییهن، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچى ئه‌م كۆیلایه‌تییه به‌رده‌وام ده‌بێت؟ ئایا كارى قاپشۆرى پێویستییه‌كى شارستانییه؟ هه‌ستێكمان هه‌یه كه ده‌ڵێ ده‌بێت كار ئابڕوومه‌ندانه بێت، چونكه سه‌خت و بێزراوه، ئێمه كارى ده‌ستمان كردووه‌ته جۆرێك له كوتهڵ".
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا رۆمانه‌كه خاڵى نییه له گێڕانه‌وه‌ى جوان و چێژبه‌خش، خاڵێكى تر ئه‌وه‌یه كه ئۆڕوێڵ زوو له ناوه‌ڕۆكى رۆمانه‌كه‌ى تێگه‌یشتووه، به بیركردنه‌وه‌ى ئه‌وكات وایزانیوه گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و بیره‌وه‌رییه تاڵانه شه‌رمه‌زارییه‌ك تووشى خێزانه‌كه‌ى ده‌كات، بۆیه به ناوى خۆى نه‌ینووسیوه، به‌ڵكو به‌ناوێكى خوازراو رۆمانه‌كه‌ى بڵاو كردووه‌ته‌وه.