ڕۆژی 14ی شوبات كه به ڕۆژی ڤالانتاین یان خۆشه‌ویستی ناسراوه، عاشقان به به‌خشینی دیاری و به‌سه‌ربردنی كاتی ڕۆمانسی له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كانیاندا یادی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌مساڵیش له كوردستان ئه‌م ڕۆژه زۆر به گه‌وره‌یی یادی ده‌كرێته‌وه و ده‌یان ئاماده‌كاریی بۆ كراوه، بازاڕه‌كانی گوڵفرۆشی و كافتریاكانیش گه‌رمتر بوون.
به هێنانی گوڵی سوور و دیارییه تایبه‌ته‌كانی ئه‌م ڕۆژه، بازاڕه‌كانی هه‌رێم گه‌رمتر بووه و ڕه‌نگی سووری بۆ عاشقان پۆشیوه، كافتریاكانیش بۆنه و ئاهه‌نگی جۆراوجۆریان تایبه‌ت به‌و ڕۆژه ئاماده كردووه و سبه‌ی سازی ده‌كه‌ن.
محه‌مه‌د یوسف یه‌كێك له گوڵفرۆشه‌كانی هه‌ولێره، له‌مباره‌یه‌وه به "وشه"ی گوت: بۆ ئه‌م ڤالانتاینه 40 هه‌زار گوڵی سروشتیم ئاماده كردووه، پێشبینیش ده‌كه‌م هه‌مووی بفرۆشم. ئێسته له جاران زیاتر كچان و كوڕان گرنگی به‌م ڕۆژه ده‌ده‌ن و دیاری ده‌كڕن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رنجمان دابێت، كچان زیاتر چه‌پكه گوڵی گه‌وره ده‌كڕن و پاره‌ی زۆرتری پێ ده‌ده‌ن.
زیاتر گوتی: گوڵه‌كانمان هۆڵه‌ندین و جۆراوجۆرن، هه‌یه بۆ یه‌ك ڕۆژ ده‌مێنێته‌وه و هه‌شه تا حه‌وت ساڵ به‌رگه ده‌گرێت. ئه‌ركی ئێمه ئه‌وه‌یه به جوانترین شێوه و ستایلی نوێ گوڵه‌كان بڕازێنینه‌وه، تا دڵی كڕیارانی پێ ڕازی بكه‌ین.
له‌ناو كچان و كوڕاندا به شێوازی جۆراوجۆر قسه له‌سه‌ر ئه‌م ڕۆژه ده‌كرێت، هه‌ندێك به گرنگ و هه‌ندێكیش به بۆنه‌یه‌كی زیاده‌ی داده‌نێن، له‌مباره‌یه‌وه "وشه" لێدوانی له چه‌ند گه‌نجێك وه‌رگرت و ڕاو بۆچوونی خۆیان به‌م شێوه‌یه خسته ڕوو.
ڕۆژه كچێكی 30 ساڵه، ماوه‌ی چوار ساڵه له پێوه‌ندی خۆشه‌ویستیدایه، پێی وایه خۆشه‌ویستی له هه‌موو ڕۆژ و ساتێك بوونی هه‌یه، به‌ڵام دیاریكردنی ڕۆژێكی تایبه‌ت كه بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌یه، به گرنگی ده‌زانێت و حه‌ز ده‌كات یادی بكاته‌وه.
گوتی: خۆشه‌ویسته‌كه‌م له ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه گوڵی زۆری بۆ هێناوم، هه‌موویانم هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له ڤالانتاین بۆی هێناوم، زۆر تایبه‌تن له‌لام و به باشی هه‌ڵمگرتوون، چونكه هه‌میشه لایژن یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژانه گرنگه و حه‌ز ده‌كه‌ن گرنگییان پێ بدرێت.
ئازاد ڕه‌حمان ماوه‌ی ساڵێكه هاوسه‌رگیری كردووه، پێشتریش پێوه‌ندیی خۆشه‌ویستی له نێوان خۆی و هاوسه‌ره‌كه‌یدا هه‌بووه، به‌رده‌وام یادی ڤالانتاینیان كردووه‌ته‌وه و به ڕۆژێكی گرنگی ده‌زانێت. گوتی: حه‌فته‌یه‌كه ئاماده‌كاریم بۆ ڤالانتاین كردووه، ئه‌مساڵیش به چه‌پكێ گوڵ و كراسێكی سوور پیرۆزبایی له هاوسه‌ره‌كه‌م ده‌كه‌م، شوێنی تایبه‌تیشم بۆ خوانی ئێواره گرتووه.
تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ك هه‌ر شتێكی تر، ڕۆژی ڤالا‌نتاینی به‌هه‌ند وه‌رگرتووه و بووه‌ته جێی باسی هاووڵاتییان، بۆیه ڕه‌وه‌ندی 22 ساڵ كه له پێوه‌ندی خۆشه‌ویستیدایه گوتی: ناچارم دیاریی بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌م ببه‌م، ده‌نا له سناپچات و تۆڕه‌كانی تر وێنه‌ی گوڵی هاوڕێكانی ببینێت و من هیچی بۆ نه‌به‌م، لێم زویر ده‌بێت و به كه‌مته‌رخه‌م له ئاست خۆشه‌ویستییه‌كه‌مان ده‌مبینێت.
له باشووری كوردستان چوار كۆمپانیای گه‌وره و زیاتر له 11 سه‌رمایه‌دار گوڵ هاورده ده‌كه‌ن، به‌شێك له گوڵی ڕۆز له وڵاتانی ئیسپانیا، هۆڵه‌ندا، ئێكوادۆر، ئێران و سریلانكاوه هاورده كراون. ته‌نیا یه‌ك بازرگان له هه‌ولێر نزیكه‌ی 500 هه‌زار گوڵی ڕۆز و چه‌ند جۆرێكی تری گوڵی بۆ ڕۆژی ڤالانتاین هێناوه، هه‌ندێكیشیانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌نارده كردووه.
هه‌ولێر/ ئیڤان عه‌بدولڕه‌حمان